چاودێری هەڵبژاردنەكان لە دەستێوەردانەوە بۆ سكاڵای ڕیكخراوەكان

ليست هناك تعليقات


ئایندە شەمیانی

تادێت لە هەڵبژاردنەكانی عێراق نزیك دەبینەوە، شارەزایانی بوارەكە بۆچوونی جۆراوجۆریان هەیە، لەلایەك حكومەتی عێراق كورتهێنانی بودجەی هەیەو لەلایەكی تریشەوە دەستێوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆیی درێژەی هەیە، سەرەڕای هەموو ئەوانە هێشتا بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە گەرمەو بەردەوامی هەیە.

پرۆسەی چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی پێشوو لە 2003 ەوە تا ئێستا لەسەر چەند ئاستێك دابەشكراوە، سەرەڕای ئەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ناویان بە سەربەخۆیی هاتووە، بەڵام لە نوێنەری حیزبەكان پێكهاتووەو ئەویش وەك هەموو دامەزراوەكانی دیكە لەژێرهەژموونی حیزبدا ماوەتەوە، چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی لە لایەن ڕێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێكخراوە ناوخۆییەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و گرنگیدەر بە بواری هەلبژاردن، نوێنەری حیزبەكانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەوانەی كە تایبەتمەندییان لەو بوارەدا هەیە لەبارەی پرۆسەی چاودێریكردنەوە قسەی خۆیان هەیە.
ئەوان پێیان وایە چاودێرانی نێو دەوڵەتی تۆمەتبارن بە هەندێك دەستوەردان و تێوەگلان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش لە عێراق لاوازن و ئەوانەی كە فەرمانبەری –هەمیشەیی و كاتی – كۆمییسیۆنن بێلایەن نین، هەموو ئەوانەش چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی خستوەتە ژێر پرسیارەوەو بەردەوام ترسێك لە دڵی دەنگدەری عێراقیدا دروست دەكات كە دەنگەكەی بەفیرۆ دەڕوات و لە هەمان كاتیشدا ناوبانگی هەڵبژاردنەكانی ئەم وڵاتەی لەكەدار كردووە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هینیس بلاسخارات نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بەپێویستی دەزانێت كە ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان سەرپەرشتی ئەو هەلبژاردنەكە بكەن و هەموو ئەو تۆمەتانەش كە لەبارەیانەوە دەگوترێت بە ناڕاستی لەقەڵەم داون و بە هەموو شێوەیەك دەستێوەردانی دەرەكی رەتدەكاتەوە.
بە پێی یاسای (9/2020)ی هەڵبژاردنەكانی عێراق بازنەی هەڵبژاردنەكان دابەشكراوە بە پێی 100 هەزار كەس بۆیەك كورسی و بەسەر هەموو قەزاو ناحیەو پارێزگاكاندا دابەشكراوە.
سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنە سیاسیانەی كە لە پرۆسەكە دەگیرێت، عێراق تایبەتمەندی خۆی هەیەو باری كۆمەڵایەتی و پێكهاتەی عەشایەریی و دابەشكاریی لەسەر بنەمای مەزهەب و حیزب بەشێكی ترن لەوەی كە وەك چاودێریی پرۆسەكە لەبەر چاو دەگیرێن، بە هەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنیدا ڕۆڵیان دەبێت و لە هەمان كاتیشدا ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی عیراق هاوكارێكی باش دەبێت بۆئەوەی پرۆسەكە باشتر چاودێریی بكرێت.
لە هەمان كاتیشدا بایۆمەتری –ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە- دەكرێت وەك زەمانەتێكی باشی خاوێنی هەڵبژاردنەكان وێنا بكرێت، لەبەر ئەوەی ناوی دووبارەو دەنگدانی چەندجارە و ناوی ناڕاستەقینە سنووردار دەكات، لەبەر ئەوەی جگە لە ڕەنگكردنی پەنجەو بوونی پەنجەمۆر بایۆمەتری توانای وێنەگرتنی دەمووچاوی هەیەو دووبارە بوونەوەی ئەستەمەو هەركەسێك دەبێت خۆی ئامادە بێت و سیستەمەكەش ڕێگرە لە دووبارە بوونەوە.

نوێنەری حیزبەكان كە لە كۆمیسیۆنی باڵاوە ڕێگەیان پێدراوە چاودێریی هەلبژاردنەكان بكەن، دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە كە ڕەخنەكانیان ئاڕاستە بكەن و دەشتوانن واژۆلەسەر كۆنووسەكان نەكەن و سكاڵای خۆیان تۆمار بكەن، ئەوەش بە یەكێك لە هەنگاوە باشەكانی كەمكردنەوەی پێشێلكاریی دادەنرێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە سەرەڕای تیبینی و سكاڵای لایەنە سیاسیەكان لە هەڵبژاردنەكانی پێشووشدا بەڵام پرۆسەكە ڕۆشتووەو وەك پێویستیش سكاڵاكان بە هەند وەرنەگیراوەو هەندێكجاریش نوێنەری لایەنەكان لەسەر بابەتێك ڕێككەوتنیان كردووە، لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا ئەم جۆرە چاودێریكردنە وەك پێویست جێی خۆی نەكردووەتەوە..

یەكێكی دیكە لە چاودێرییەكان لەلایەن ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە ئەنجام دەرێت، بە یەكێكیش لە بنەماكانی خاوێنی هەڵبژاردنەكان دێتە ئەژمار، بەپێی ئەوەی كە ڕێكخراوەكانیش هەڵقولاوی نێو كۆمەڵگەی عێراقین هێشتا لەژێر كاریگەرییە جۆراروجۆرەكان نەهاتوونەتە دەرەوەو نەیانتوانیوە بێلایەنی خۆیان بپارێزن. هەر بۆیە ڕاپۆرتەكانی ئەوانیش 100% بە خاوێنی سەیر نەكراوەو نەكراوەتە بنەمای سەرەكی و یەكلاكەرەوەی هەڵبژاردنەكان.
لاوازی پێكهاتەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی عێراق، لە نەبوونی كادری پێشكەوتوو شارەزاو پسپۆڕ، تا دەگاتە پێداویستییەكانی سەردەم، هۆكاری سەرەكی بوون بۆ ئەوەی رۆڵیان بە لاوازی سەیربكرێت و نەتوانێت لەبەردەم هەژموونی لایەنە بەهێزەكاندا خۆی بگرێت و لە هەركوێ لایەنێكی سیاسی بەهێز هەبوو بێت زۆرینەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ خۆی قۆرغ كردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی وەك پێویست بە ئەركی خۆیان هەڵبستن.
ستالین، هەرزوو دەركی بەو راستیە كردبوو، كە دەیگوت: گرنگ نیە كێ دەنگدەدات، گرنگ ئەوەیە كێ دەنگەكان دەژمێرێت.
پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif