ئامانجەکان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران دیاریکراون بەڵام بڕیار نەدراوە

ليست هناك تعليقات



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئیدارەکەی کە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی بە وەکالەت ئامادەی بوون داوای کردووە بژارە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بخەنەڕوو، ئەوەش دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئێران دوانزە بەرامبەری یۆرانیۆمی پیتێندراوی رێگەپێدراوی لە کۆگایەکیدا هەیە.

دانیشتنەکە رۆژێک دوای راپۆرتەکەی ئاژانسی ئەتۆمی بوو کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئاراستەی وڵاتانی ئەندام کرابوو و هەروەها درابووە هەندێک لە ئاژانسەکانی هەواڵ. لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، ئێران ئێستا خاوەنی 2442.9 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوە، ئەوەش دوانزە جار زیاترە لەو پابەندییەی کە وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران بۆیان دیاریکردووە. هاوکات راپۆرتەکە بێ ئەوەی ناوی ئەو بنکەیە ببات، گوتویەتی کە ئێران ئامادەنەبووە رێگە بدات پشکنەرەکانی سەردانی بنکەیەکی گوماناوی تایبەت بە چالاکیی ئەتۆمی بکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوە، کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری بە وەکالەت و ژەنەراڵ میلی، سەرۆک ئەرکانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، هۆشدارییان داوەتە دۆناڵد ترەمپ کە هەرجۆرە هێرشێک لە دژی دامەزراوەکانی ئێران زۆر بە ئاسانی دەتوانێت پەلبکێشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی فراوان، ئەویش لە دوایین هەفتەکانی ئیدارەی ترەمپ. 

دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژارنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا شکستی هێناوە و تاوەکو 20ـی کانوونی دووەم لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت. جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندووە کە ئەمریکا دەگێڕێتەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و جارێکی دیکە هەوڵدەدات پابەند بن بە تەواوی مەرجەکان، لەوانە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لە دژی ئێران.

ئەگەر ئیدارەی ترەمپ هێرشێکی سەربازی ئەنجام بدات، چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا بخاتە دۆخێک کە رەنگە ئاڵۆزبێت، جۆ بایدن جارێکی دیکە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران زیندووبکاتەوە.

بەپێی راپۆرتی نیۆیۆرک تایمز کە پشتی بەستووە بە ژمارەیەک بەرپرسی ئێستای ئیدارەی ترەمپ و هەروەها هەندێک بەرپرسی پێشووی ئەمریکا، هەرجۆرە هێرشێک- جا سەربازی بێت یان هێرشی ئینتەرنێت- لە دژی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز دەبێت کە گەورەترین دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانە و دەکەوێتە باشووری تارانی پایتەخت.

لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ، ئاگرێکی گەورە لە بەشێک لە دامەزراوەی نەتەنز کەوتەوە، کە دواتر دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، دەکرێت لە رێگەی هێرشی ئینتەرنێتییەوە ئەنجامدرابێت، هاوکات گرووپێک کە پێشتر هیچ چالاکییەکی نەبووە، رایانگەیاندبوو، ئەوان ئەنجامدەری ئەو چالاکییە بوون. 

بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە کە بەشێکە لە ئیدارەی ترەمپ، پاش ئەوەی مایک پۆمپەیۆ و ژەنەراڵ میلی مەترسییەکانی هەرجۆرە هێرشێکیان لە ناوخۆی ئێران خستووەتەڕوو، کۆبوونەوەکە کۆتایی هاتووە و بەرپرسەکان وا تێگەیشتوون کە هێرشی مووشەکی لە دژی ئامانجەکان، لە ناوخۆی ئێران ئەنجام نادرێت.

بە گوتەی بەرپرسەکانی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە، دەکرێت دۆناڵد ترەمپ هێشتا خەریکی هەڵسەنگاندن بێت بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجی ئێرانی و هەروەها هاوپەیمانەکانی، لەوانە لە دژی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق. 

رۆژێک بەر لە کۆبوونەوەکە، ژمارەیەکی کەم لە راوێژکاری ئەمنیی ئیدارەی ترەمپ کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی ئێرانەوە کردووە.

هەندێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لەوە نیگەرانن کە دەکرێت میلیشیاکانی ئێران لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس و مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی عەشدی شەعبی، هەندێک چالاکی سەربازی لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجام بدەن. ئەو دوو فەرماندەیە لە مانگی کانوونی دوەمی 2020 لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کوژران. 

بەگوتەی بەرپرسان، مایک پۆمپەیۆ بەتایبەت و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی ئەمنیی عێراق دەکات. 

پێشتر مایک پۆمپەیۆ کە هەڕەشەی کشانەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق کردبوو، رایگەیاندووە کە گیانی هاووڵاتی و سەربازە ئەمریکییەکان بۆ ئەو وڵاتە هێڵی سوورە و وەڵامیان دەبێت.

ئەوە یەکەمجار نییە سەرۆکێکی ئەمریکا هەوڵبدات لە کۆتایی ئیدارەکەی هەڵسەنگاندن بۆ هێرشی سەبازی لە دژی ئێران بکات. پێشتر و لە ساڵی 2008، ئیسرائیل کە ئەوکات باوەڕی وابووە ئیدارەی باراک ئۆباما تووند نابێت لە دژی ئێران، گوشارییان خستەسەر ئیدارەی جۆرج بووشی کوڕ تاوەکو هێرشێک ئەنجامبدەن. بە گوتەی دیک چینی، جێگری سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، ئەو لەگەڵ ئەوە بووە هێرشەکە ئەنجامبدرێت، بەڵام جۆرج بووش لە دژی بڕیارەکە بووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif