کورد و هەدەپە، ئەنقەرە و بەغدا

ليست هناك تعليقات


-
پارتی دیموکراتی گەلان HDP، لەبری پاشەکشەی پایتەخت و گەڕانەوە بۆ شارەکانی باکوور، چەند ساڵێکە خەریکی مۆدێلێکی تازەی کاری پەرلەمانییە، نەک پاشەکشەکردن و چۆڵکردنی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ، بەڵکو لە قووڵایی تورکیاو لەناو سیستمێکی فاشیست و قووڵی ئاکەپە و بەتەنیشت ئەرگەنەکۆنی سەوزی دینی و گرتووخانەکان و پایەکانی کۆشکی کۆمارییەوە وەک پارتێکی نوێی ئۆپۆزیسیۆن، بەبێ هیچ پاڵپشتی و وەزارەتێکی دەوڵەتیانە سیاسەت بەڕێوەدەبەن بەمانا مۆدێرنەکەی.

هەدەپە چۆن سیاسەت دەکات؟ بێگومان بەشێکی بە یاساو بەشێکی رێککەوتنی سیاسی و سەندیکایی و بەشێکیش بە دیدێکی کراوەو شەفاف و ئایدۆلۆژیەتێکی رادیکاڵانەو فۆڕمێکی دەوڵەتیانە، بەبێ ترس و پاشەکشە و لێدوانی ناتەبای پەرلەمانتارەکانیان کە نەزانن چی دەڵێن و بۆ دەیڵێن.

ئێمەی کوردیش جارناجار بە یەک جووڵەی نەیارەکانمان لە بەغدا، سەدان جار تەرحی پاشەکشە دەکەین و خەریکی هاڕین و لێدان و زەبروەشاندنی یەکدین و خەریکە بێ گوتار دەمێنینەوە لەو پایتەختە، بێئاگا لەوەی تاوەکو عەرەب خۆی بە خاوەنی کوردستان بزانێت بە سامان و نەوتەکەیەوە، دەبێت کوردیش شێلگیرانە خۆی بە خاوەندارێتی بەغدا بزانێت، پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە بەغدا، چی دەکەن جگەلەوەی بوونەتە پەیامنێر بۆ هەناردەی هەواڵە ناخۆشەکان و سەرباری نمایشی خۆیان، لێدوانی دژ و ناکۆک دەبەخشنەوە بەبێ ئەوەی کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئایندەی بزانن چ لە شەقامی کوردی و چ عەرەبی و عێراقی، ئەی ئەوانەی هەدەپە چی دەکەن، بێگومان کارکردن بۆ ئایندەیەکی مسۆگەر.

لە بەغدا نیو ملیۆنێک زیاتر کورد هەن و خاوەن شووناسی عێراقی و عەرەبین و بە رەچەڵەك کوردن و راگوێزراو و ئاوارەو نیشتەجێی ئەو پایتەختەن، بەڵام کورد و دەسەڵاتی سیاسی کوردی بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە چونکە بێ پرۆژەو ئارگیومێنتی عەقڵانین نەیانتوانیوە سەرمایەگوزاریی لەو کوردە ئەسڵ و رەسەنانەدا بکەن و لۆبیی تێدا بکەن وەک پاڵپشتی هێڵی فیکریی نەتەوەیی دەوڵەتیی، یان بۆ کاتی لێقەومان و درزی گەورە.

لەناو مۆدێرنێتەی دیموکراتیدا دەبێ کوردی خاوەن گوتارو دەسەڵات، پرۆژە و هەوڵدانی بەردەوامی هەبێت بۆ سوودوەرگرتن لە وزە شاراوەکان و شێوەزارە ونەکان و کولتوور و شووناسەکانی دیکەی نەتەوەی پەرژبوو، بەتایبەتی بۆ کورد لە کوردستانی باشوور گرنگە لەناو پایتەخت ئەم هەنگاوە بنێ نەک بیر لە کشانەوە بکاتەوە، وەک چۆن هەدەپە لە ئیستەنبووڵ توانی ئەو کارە مەحاڵە بکات و سوود لە وزەو دەنگی ئەو چەندین ملیۆن کوردەی ئیستەنبووڵ وەربگرێت و تەنانەت هاوپەیمانێتی و کوالیسیۆنیشیان پێ دروست بکات، ئەوە بریتییە لە بەکارهێنانی لۆژیک و سیاسەتی هێڵی سێیەم و سۆفت پاوەری عاقڵمەندانی کوردو تورک، تەنانەت سوودوەرگرتن لە سیاسەت و ستراتیژی پارتی گەلی کۆماری CHP وەک دوژمنی لەمێژینەی گەلی کورد. وەک بینیمان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا چۆن سەلماندیان بەو بچووکییەوە، چەندە گەورەن و کارێکی گەورەشیان کرد و چۆن توانییان شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە و مێرسین و ئامەد لە چنگی پارتی دەسەڵاتدار بستێننەوە، تەنیا بە سیاسەتێکی ئاسان و دیپلۆمات و هاوسەنگ و لۆبییەکی عەقڵانی، ئێمەش بەو گەورەییەی خۆمان و قوربانیدان و شووناسی ئەنفال و کیمیاباران و هەڵەبجەو دۆسیەی جینۆسایدو 59 پەرلەمانتارەوە چەندە بچووک دەردەکەوین لەو پایتەختەی عێراق.

لەکاتێکدا هەدەپە هێشتا تەمەنی نەگەیشتووەتە دە ساڵ، کەچی بە بیرو ئایدۆلۆژیایەکی مەدەنی و شۆڕشگێریی مۆدێرنەوە رووبەڕووی گەورەترین خەسم و رکابەری سەرسەخت وەستاوەتەوەو زۆرترین سەرکردە و رەمز و دەموچاوە دیارەکانیشی لە زیندان تووندکراون بە ھاوسەرۆکەکانیانەوە، بێگوێدانە گوشار و سیاسەتی قەییووم و تۆتالیتاریزمی دەسەڵات و دەوڵەتی قووڵ و فاشیزمی ئاکەپە.

کورد لە بەغدا پێویستی بە کارو پرۆژەی هاوشێوە هەیە لەبری شەڕکردن لەسەر لێدوانی دژبەیەک بۆ هەرێمی کوردستان، باشترە بیر لەو کوردانە بکەینەوەو هاوبەشی و لۆبییان پێ بکەین تاوەکو ئاستی دروستکردنی قەوارە و لیستی تایبەتی بۆیان لە ململانێکانی ئایندە وەک چۆن لیستی سائیروونی موقتەدا سەدر وێڕای باکگراوندی ئیسلامیبوون و شیعەبوونەکەیان، ئەم هەنگاوەیان ناو لیستەکەیان پڕکرد لە کارەکتەری تەکنۆکرات و لادین و سوننەی رادیکاڵ و تەنانەت شیوعی و کوردو چەپ و مەسیحی.

ئەو بەربەستانەی شۆڤێنیزمی عێراقی دروستیکردووە بۆ کوردان و هەرجارەو بە بیانوویەک دەستوور پێشێل دەکەن، بەوان دەشکێن، چونکە شارەزای سیاسەت و سایکۆلۆژیاو دیمۆگرافیای پایتەختن و بە ئاسانی دەتوانن رۆڵ ببینن بەمەرجی پشتگیریی دەسەڵاتی کوردی بۆیان، وەک چۆن هەدەپە لە باکوورو ناو دڵی تورکیا کە ئیستەنبووڵە ئەنجامی دا و تا رادەیەک بەربەستەکانیان شکاندن و گوتارو دیسکۆرسی خۆیان داڕێژایەوەو ئێستا توانای کارو پرۆژەیان ئاسانترە.

دەکرێت لە ئایندەی نزیکدا کورد قەوارەو لیستی هەبێت لەو کوردانە بە هاوپەیمانیی لەگەڵ عەرەبی رەسەن و خێزانە گرنگ و حیزبە پێشکەوتووخوازەکان، وەک چۆن هەدەپە ئەمەی کرد و سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی لە بەرەو کوالیسیۆنی چەپ و سیکۆلار و نەوەی دووەمی پارتی گەلی کۆماری CHP چەھەپەو ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ، ئەویش بە بردنەوەی شارەوانییە گەورەکان کە ئاکەپەیان دووچاری چەقبەستن و ئیحراجیەکی کوشندە کردەوە. بەغدا ئیحراج بکەن لە خاکی خۆیان و بە رێککەوتن و یاساو کاری پەرلەمانی و مەدەنی و دروستکرنی رای گشتی بۆ کەیس و دۆزە رەواکانی گەلی کورد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif