زانیاریت لە بارەی نۆبڵەوە هەیە؟ چەندین زانیاری گرنگ

ليست هناك تعليقات


ئەلفرێد نۆبڵ ئەو کەسایەتییەی بەنرخترین خەڵاتی جیهانی لە بوارە جیاوازەکاندا بەناوەوەیە، ئەم زانایە ساڵی ١٨٣٣ لەدایک بووە، ١٢٠ ساڵ پێش ئێستا و لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا بە یەکجاریی ژیانی بەجێهێشت.
نۆبڵ کێ بوو؟
نۆبڵ داهێنەر و پیشەسازێکی سویدیی بوو، خاوەن ناوبانگێکی گەورە و کاتبڕە، خەڵاتەکەی ئاوات و ئامانجی هەر زانا و کەسێکە.

نۆبڵ چوارەم منداڵی ناو خێزانە ١٠ کەسییەکەیانە، لە منداڵیدا زۆر کات نەخۆش بووە، منداڵێكی چالاک، چالاک و پرسیارکار بووە، بەردەوام پرسیاری دەربارەی جیهان و دەورووبەرەکی کردووە، باوکی ئەندازیارێکی داهێنەر و لێهاتوو بووە و هەوڵی دروستکردنی پڕۆژەی بازرگانی تایبەت بە خۆی داوە.

لە سەردەمی منداڵیی نۆبڵدا، باوکی خێزاناکەیانی بۆ فینلەندا روسیا بردوو، بەو پێیەی سەرقاڵی کاری بازرگانی بووە باوکی رووی لە سان بترسبۆرگی روسیا کردووە، ئەمەس کاتێک بووە نۆبڵ تەمەنی چوار ساڵ بووە.

خوێندنی تایبەت
دوای ئەوەی باری دارایی خێزانەکەی لە روسیا باش دەبێت، دوو مامۆستای تایبەتی بۆ دەگیرێت، لێرەوە فێری کیمیا دەبێت و بە باشیش بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئەڵمانی و روسی قسە دەکات، ئەمە سەرەڕای زمانی دایکی کە سویدییە.

بەهۆی فێربوونە تایبەتەکەی کە مامۆستای تایبەت بۆ خۆی و خوشک و براکانی دانراوە و کاری باوکیشی، رووەو زانستی کیمیا و فیزیا دەڕوات، ئەمەش تاکو ئەو کاتەی دەبات دەبێت بە ئەندازیاری کیمیایی.

ئەو کاتەی تەمەنی ١٨ ساڵ دەبێت روسیا بەجێدەهێڵێت و روو لە فەڕەنسا دەکات، دوای ساڵێک خوێندنی کیمیا لە پاریس روو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، دوای پێنج ساڵ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ روسیا و لە کارگەکەی باوکیدا دەست بە کار دەکات کە دروستکردنی کەلوپەلی سەربازییە بۆ جەنگی قرم.

دوای ئەوەی شەڕی قرم کۆتایی دێت، کۆمپانیاکەی باوکی مایەپووچ دەبێت و دەگەڕێنەوە بۆ سوید، دوای ماوەیەکی کەم نۆبڵ دەست بە تاقیکردنەوەکانی لەسەر تەقینەوەکان دەکات.

هاوکاری سوپا
بەهۆی کارەکانی ئەلفرێد نۆبڵ و کارگە و کۆمپانیاکەی خێزانەکەیەوە، باوکی نۆبڵ کەلوپەل و مادەی سەربازی زۆری بە سوپای روسیا بەخشی، توێژینەوەکانی نۆبڵ وکارەکانی باوکی بەشدارییان لە گەشەدان بە (Nitroglycerin) کرد، ئەوە جگە لە گەشەدان بە بواری تەقاندنەوە و گەڕان بە دوای مادەدا.

نۆبڵ بەردەوام گرنگی بە کاروبار و بابەتی تایبەت بە تەقینەوە و دینامیت داوە، دوای ماوەیەک لە لێکۆڵینەوە لە ساڵی ١٨٦٣ توانی ئامرازی تەقینەوە دروستبکات و بەدەستیبهێنێت، لە ساڵی ١٨٦٥یش رووپۆش و قاوغی تەقینەوەی دروستکرد.

تاقیکردنەوەکانی نۆبڵ بێکێشە و گرفت نەبوون، تەنانەت زیانی گیانیشیان لێکەوتەوە. لەم تاقیکردنەوانەدا چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا، یەکێک لەو کەسانەش برایەکی بچوکی بوو، بەڵام رایگەیاند تاکو دەگات بە ئەنجام دەست لە کارەکەی هەڵناگرێت.

داهێنەری دینامیت
ئەوە بوو ساڵی ١٨٦٦ توانی دینامیت و پاشکۆیەکی بۆ دروستبکات کە ئامێرێکی تەقینەوە بوو. دوای ئەم داهێنانە نۆبڵ بوو بە داهێنەرێکی بەناوبانگ و ئەمەش کردی بە کەسێکی پیشەساز، دوای ماوەیەک بوو بە خاوەنی کارگە و کۆمپانیا لە ٢٠ وڵاتدا.

بەهۆی گرنگیدانەکانی بە بواری تەقینەوەکان، ناوی "بازرگانی مەرگ"ی بەسەردا دابڕا و بەو ناوە دەناسێنرا، لە ئەیلولی ١٨٦٤ ئەو کابینەیەی تەقاندەوە کە لە کارگەکەیدا (Nitroglycerin)ی تێدا ئامادە دەکرد، ئەم تەقینەوەیە بوو بەهۆی کوژرانی پێنج کەس کە یەکێکیان (ئیمیل)ی برای بوو، ئەمەش کاریگەری گەورەی کردە سەر دەروونی نۆبڵ، بەم هۆیەشەوە کاری زۆری کرد تاکو بتوانێت مادەیەکی تەقینەوە دروستبکات کەمترین زیانی هەبێت.

لە سەردەمی نۆبڵیش و پێشتریش مادەی (Nitroglycerin) هەبوو، بەکاریش دەهێنرا، بەڵام کێشەی ئەم مادەیە لەو سەردەمەدا ئەوە بوو، کە هەم شل بووە و هەم ناجێگیر، ئەمەش وای کردبوو لە کاتی گواستنەوە و بەکارهێنانیدا تووشی کێشە و گرفت ببنەوە، بەڵام نۆبڵ توانی دینامیت دابهێنێت و لە مادەی (Nitroglycerin)یش مادەیەکی دیکە بەرهەمبهێنێت، ئەمەش وەهای کرد ئیتر گواستنەوە و بەکارهێنانی ئەم مادەیە زۆر ئاسانتر بێت.

بازرگانی مەرگ
ئەو کاتەی ساڵی ١٨٨٨ برایەکی نۆبڵ بە ناوی (لودفیڤ) کۆچی دوایی کرد، رۆژنامەیەکی فەڕەنسی بە هەڵە نووسیبووی نۆبڵ کۆچی دوایی کردووە، رۆژنامەکە نووسیبووی "بازرگانی مەرگ کۆچی دوایی کرد"، رۆژنامەکە لە درێژەی هەواڵەکەیدا نووسیبووی " دکتۆر ئەلفرێد نۆبڵ مرد، ئەو کەسەی لە رێگەی داهێنانی خێراترین رێگا بۆ کوشتنی خەڵک دەوڵەمەند بوو."

ئەم هەواڵە هەڵەیەی رۆژنامەکە و ئەوەی تێیدا نوسرابوو، نۆبڵیان بێهیوا کرد و بیری لەو کاتە دەکردەوە دەمرێت و خەڵک چۆن لەبارەیەوە قسە دەکەن.

بۆ ئەوەی وێنەی خۆی لای خەڵک باش بکاتەوە، ناوی (تۆزی نۆبڵ بۆ ئاشتی) بۆ ماددەکە بەکارهێنا و دوایش کردی بە (دینامیت) کە بە یۆنانی واتە هێز.

خەڵاتی نۆبڵ
ئەلفرێد نۆبڵ بوو بە کەسێکی دەوڵەمەند و خاوەن سەروەت و سامان، لە ١٠ی کانونی یەکەمی ١٨٩٦ لە ئیتاڵیا بەهۆی نەخۆشی دڵ کە ماوەیەکی زۆر بوو لەگەڵیدا بوو کۆچی دوایی کرد.

لە وەسێتنامەکەیدا باسی لە خەڵاتی نۆبڵ کردبوو، داوای کردبوو سامانەکەی لە پێدانی خەڵات بە کەسانە بەکاربهێنرێت کە لە بوارەکانی فیزیا، کیمیا، پزیشکیی، ئەدەب و ئاستیدا دەستکەوت و داهێنانیان هەیە.

ئەم خواستەی نۆبڵ رووبەڕووی ناڕەزایەتی بووەوە، بەتایبەت لەناو خێزانەکەیدا، ئەم ناکۆکییانەش پێنج ساڵیان خایاند، تاکو یەکلاکرایەوە و لە ساڵی ١٩٠١ بۆ یەکەم جار خەڵاتی نۆبڵ دابەشکرا.

هەموو ساڵێک و لە ١٠ی کانونی یەکەم کە رۆژی کۆچی دوایی نۆبڵە، خەڵاتی نۆبڵ دابەشدەکرێت، لە ساڵەکانی سەرەتادا چەند ساڵیک هەبوون خەڵاتەکەی تێدا دابەشنەکراوە، بەڵام لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە هەموو ساڵێک و بە بەردەوامی ئەم خەڵاتە دابەشدەکرێت.

ساڵی ١٨٨٤ نۆبڵ وەک ئەندامی ئەکادیمیای پاشایەتیی سوید بۆ زانستەکان هەڵبژێردرا، واتە هەمان ئەکادیمیا کە ساڵانی دواتر خەڵاتی نۆبڵی دەبەخشی.

پێش نۆبڵ
چەند ساڵێك پێش ئەوەی نۆبڵ دینامیت دابهێنێت، زانای ئیتاڵی (Ascanio Sobrero) ماددەی (Nitroglycerin)ی داهێنابوو، بەڵام وەک مادەیەکی ترسناک سەیر دەکرا کە بەکارهێناننی بێمەترسی نییە، هێزی تەقینەوەی ئەم مادەیە لە بارووت زیاتر بوو، بەڵام نۆبڵ توانی بڕێکی زۆر لەم مادەیە بەرهەمبهێنێت کە مەترسییەکەی کەمتر بوو.

نۆبڵ دوای ئەوەی توانی بگات بە داهێنانێکی گرنگ، ئەوەش دوای ئەوەی هەردوو مادەی (Nitroglycerin) و (Kieselguhr)ی تێکەڵ کرد، ئەمەش گەیاندنی بەو مادەیەی کە تێچووی پڕۆژەکانی وەک لێدانی تونێل و نۆکەندی کەمدەکردەوە.
ئا/پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق