گەشتێک بۆ ئەو دیوی چیا ... دیدارێکی جەلالی مەلکشا

ليست هناك تعليقات


كاوە ئەمین
-
کە لە باشماخ دەپەڕیتەوە بۆ بەری رۆژهەڵات، زرێبار وەکو ئاوێنەیەکی گەورە لێی راکشاوە و پەڵەهەورەکان لەناویدا مەلە دەکەن. شاری مەریوان پاڵی بە قەڵاکەیەوە داوە. کزەیەکی ساردی دێت و خەڵك پۆشاکی زستانەیان پۆشیوە، شارێک سەروسیمای تەواو کوردەوارییە، بەڵام شارێکی بێورتەیە، بە کەمی بزەیەک لەسەر دەموچاوی خەڵکەکە دەبینیت، هەموو ماندوو دیارن، عەوداڵی پەیداکردنی بژێوی ژیانیانن.

لە چێشتخانەیەک لادەدەین، یەک-دوو کەس نەبێت جگە لە شاگردەکان، کەسی تێدانییە. وەکو عادەتی هەمیشەیی، چڵەوکەباب و چڵەوجووجە (مریشک) کە زۆربەی جار سنگی مریشکە و براژندوویانە. زۆر ئیشتیام بۆ خواردنەکە ناچێت، بەڵام بە ناچاری یەک-دوو پارووم لێ خوارد و چوومە دەرەوە.

دەمویست لە هەر هەلێکدا بۆم بلوێت چەند گرتە ڤیدیۆیەکی ناوشار و گوندەکان بگرم. لەسەر تابلۆیەک کە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانێکدا دانراوە و دەخولایەوە، بە فارسی نووسرابوو: "ئەمریکا لە گیرفانی سەدامەوە دەستی دەرهێناوە." دیارە هی سەردەمێک زووتر لە ئێستایە، بەڵام لای ئێرانییەکان هێشتا کاتی بەسەر نەچووە.

ئێمە تیمێکی 17 کەسیین و لەلایەن سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لقی سلێمانییەوە گەشتێکمان بۆ رێکخراوە بۆ دیدار لەگەڵ داودەستگا راگەیاندنەکان. لێرەدا من تەنیا باسی شاری سنە دەکەم.

لەسەر رێگەی مەریوان-سنە لەلایەن بازگەیەکەوە راگیراین، ئەگەرچی ئێمە بە فەرمی هاتبووینە ناو ئێرانەوە، بەڵام بەهۆی باڵباڵێنی ناو سیستمی ئێران کە هەندێک جار کەس وەرەقەی کەس ناخوێنێتەوە، بۆ ماوەی کاژێرێک رایانگرتین. ئەو قسە باوەم هاتەوە یاد کە دەڵێت: "کە پاسدار گوتیان نابێت، نابێت و تەواو."

دەمەو ئێوارەیە و خۆر بە خشکەیی دوا تیشکەکانی خۆی لەسەر چیا و دوڵ و نەواڵەکانی دەڤەرکە دەکێشایەوە و تاریکی جێگەی دەگرتەوە. سەوڵاوا کە یەکێکە لە گوندە گەورەکانی گوێی جادەکە، تاکوتەرا نەبێت گڵۆپی تێدا نەدەبینرا، ئەوەیش لەبەر ئەوەنا کە کارەبای پێویستی نییە، بەڵکو خەڵک کەممەسرەفی دەکەن و تەنیا گڵۆپی پێویست دادەگرسێنن. زیادەمەسرەفی لە هیچدا ناکەن.
رێگەی نێوان مەریوان و سنە ئەگەرچی قیرتاو کراوە، بەڵام رێگەیەکی پڕ مەترسییە، گەوە و پێچاوپێچی ئێجگار زۆری تێدایە و وادەردەکەوێت هەموو شۆفێرەکان پەلەیان بێت.

ئیدی ئێوارەیە و لە دەرگای شاری سنە دەدەین. ئاویەر کە هەزاران ساڵە لە شوێنی خۆی نەبزوتووە، زۆر دەستەڵات هاتن و چوون و سەریان لە گابەردەکانی داوە، بەڵام ئەو هەمیشە پشت و پەنای شارەکەیە، وەکو ئێشکگرێکی کارامە شار دەپارێزێت؛ شارێک کە یادگارییەکی کەونارای ئەردەڵانییەکانە. وەکو پڵنگێکی ماندوو چاوەکانی بە نیوە نووستوویی هێشتبووەوە.

گڵۆپەکان لەبەر کزبەیاکی سارددا گوێقوڵاخانە رێگەوبانیان رووناک کردبووەوە. دیمەنێکی زۆر سەرنجراکێشیان هەبوو. لە بەردەم پارکێکی گچەکەدا کە چەند دووکانێکی لە بەردەمدا بوو و دەکەوتە سەر رێگەیەکی گشتی. وەستاین، هێشتا ماشێنەکان فڕکان فڕکانیان بوو، دەهاتن و دەچوون.

سنە کە لەسەر نەخەشەی فەرمیی ئێران بە "ئوستانی کوردستان" ناسراوە، ئەوەیش خۆی سیاسەتێکی زیرەکانەی دەوڵەتی ئێرانە کە ساڵانێکی زۆرە پەیڕەوی دەکات و دەیەوێت وانیشان بدات کە تەنیا ئەو پارێزگایە کوردستانە و شارەکانی دیکەی وەکو کرماشان، سەقز، مەهاباد و ورمێ و شوێنانی دیکە لە کوردستان وەکو یەکەیەکی جوگرافی و ئیدرای لە یەکدی داببڕێت.

سنە ناوەندێکی گرنگی فەرهەنگییە، سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، چەندین گۆڤار و هەفتەنامەی نیوە کوردی و نیوە فارسی بڵاو دەکرێنەوە، وەکو سیراون، بەیان و چیا و زۆری دیکە. کاتێک بە خێرایی سەردانی ئەو بازاڕەمان کرد کە چەند کتێفرۆشییەکی کوردی لە خۆ دەگرێت، ژمارەیەکی بەرچاو کتێبی کوردی کە لە هەردوو بەری وڵات چاپ کراون، دەفرۆشرێن. ئەوە سەرەرای ئەو شێوەزارە شیرینە کوردییە کە خەڵکی شارەکە پێی دەدوێن.

دەمێک بوو لە دوورەوە بە شیعرەکانی جەلالی مەلەکشا ئاشنا بووم، بۆیە تاسەی بینینم دەکرد لە نزیکەوە. ئێمە شەرەفی ئەوەمان پێ بڕا کە سەردانی "عەمارەتی خەسراو" بکەین کە شوێنێکی کۆنی سەردەمی ئەردەڵانییەکانە، یادگاریەکی مەستوورە خانم و خەسرەوخان کە هێشتا سایەیان بەسەر شارەوەیە. یەکێک لە شوێنە مێژوویەکان کە ئێستا شوێنی کارکردنی پەیکەرسازی بەتوانا "هادی زیائەدینی"ـیە. خانووەکان بە دیواری بەرز دەورە دراون. بە ناو دەرگایەکی سوننەتیی گەورەدا پێ دەنێینە ناو حەوشەیەکی گەورەوە. حەوزێکی گەورە لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا دروستکراوە و مراوییەکان بەناویدا دێن و دەچن. دەچینە شوێنی کارکردنی کاک هادی، چەندین پەیکەری گەورە پیاوانی کورد، بە شکۆوە دانراون. چاوم بە کاک عەتای نەهایی، کاک جەلالی مەلەکشا و کاک ماجید رۆحانی کە یەکێکە لە فەرهەنگناسەکانی کورد و چەند کەسایەتییەکی دیکە کەوت. کۆبوونەوەی ئەو کەڵە پیاوانەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە شوێنێکدا لە شارێکدا کە خۆیان هەریەکەیان شارێکن بۆ خۆیان.

عەتا نەهایی کە خۆی خەڵکی شاری بانەیە، کاتێک باسی سلێمانی و سنەی کرد و بەراوردی کردن، دەتگوت لە نەوەی بابان ئەردەڵانییەکانە.

"ئێوە ئێستا لە شارەوە هاتوون بۆ شار، ئاخر خەڵکی سنە و سلێمانی تەنیا ئەو دووشارە بەشار دەزانن. سنە و سلێمانی دوو چاوی دوو پارچەی کوردستانن. ئێستا ئێوە وان لەنێو دڵی شاردا، هادی زیائەدینی، دڵی ئەم شارەیە. لە بیرتان نەچێت، جەلالی مەلەکشا لێرەیە کە ئەویش لە پێشەنگەکانی شیعیری کوردییە. یەکێک لە پێشەنگەکانی شیعری بەرەنگاری ئێمە لەم پارچەیەدا، کەواتە ئەویش بۆ خۆی شارێکە لەم شارەدا، بە خۆی و هەڵوێستەکانیەوە،" ئەوە قسەی عەتای نەهاییە.

هەستم دەکرد ئێمە لە بەردەم چەند کۆڵەکەیەکی قایمی شارەکەدا وەستاوین. چەند گەوهەرێک کە هێشتا نرخی خۆیان پێنەدراوە. ئاخر کاتێک گوێمان لە قسەکانی کاک ماجیدی رۆحانی بوو، بە ئاشکرا بۆکوڕوز لە قسەکانی دەهات، "بەداخەوە سیاسییەکانمان زۆر تێنەگەیشتوون، بەڵکو خوا بکات خۆمان لە خۆمان تێبگەین و لەدەوری یەک کۆبینەوە."

کاتێک نۆرە گەیشتە سەر قسەکردنی کاک جەلالی مەلەکشا ،بەم شێوە بۆمان دوا: "دوورین لە یەک، باشترە لە یەکتر نزیک بینەوە. بەداخەوە لەم ماوەیەدا زۆر کەس لە کوردبوونی خۆیان هەڵاتن، لە کاتێکدا کە کوردستان پێویستی بەوان بوو. بەهەشتی دەرەوەیان هەڵبژارد و جەهەنەمەکەی کوردستانیان بەجێهێشت، بەڵام بۆ ئێمە ئەو جەهەنەمە بەهەشتە و ناتوانین بەجێی بهێڵین."

کاتێکیش لێم پرسی: "مامۆستا، ئەرێ کاوەی کوڕت جانتای سەفەری کردە شان؟" لە وەڵامدا گوتی، "بەڵێ، گەڕاویشەتەوە، بەڵام ئەو شیعرە خۆی چیرۆکێکی لە پشتەوەیە!" ئەو قسەیەی عەباسی کەمەندیم بیرهاتەوە کە لەسەر گۆرانییەکی خۆی پرسیاریان لێ کردبوو، "ئاخۆ گۆرانییەکە باسی چیرۆکی خۆشەوستیی تۆ دەکات؟" ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: "ها باوە، ئەوە هەموو ژیانی منە. گەرەکتە هەروا بە سووک و ئاسانی بۆت باس بکەم."

کاک جەلال درێژەی بە گێڕانەوەی چیرۆکی شیعرەکەی دا: "بە قەولی لای خۆمان، لە دەوری مەیدانی شار وەستابووین، دەوری حەوزەکە، گەراجی سنەیش هەر لەوێیە و دەڵاڵان هاوار دەکەن بۆ شارەکان، 'سەقز ... سەقز، مەریوان ... مەریوان ...' کابرایەک هەبوو هەمیشە مەست بوو، هاواری دەکرد، 'سەقز، مەریوان' و کەوتە ناو حەوزەکەوە. ئێمە لەوبەرەوە لەگەڵ هاوڕێیەکم لە دوخانیان وەستابووین، منیش لە بەر خۆمەوە گوتم: 'رۆژێک هەر دێت، بانگ بکەیت سلێمانی.' ئیدی شیعرەکە ئاوا لە دایک بوو، دەنگی دایەوە:
ئاخۆ دەبێ ئەو رۆژە بێ؟
کاوەی کوڕم
جانتای سەفەر کاتە شانی
دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە
هاوار بکەن:
سلێمانی ... سلێمانی!"

ئێمە دەبوو ئەو ئازیزانە بەجێ بهێڵین، چەند وێنەیەکی یادگاریمان پێکەوە گرت و دیسان تێکەڵاوی ئاپۆرای خەڵک بووینەوە. لە گەڕانەوەماندا بەرەو باشووری وڵات، لە گوندی نگڵ بۆ ساتێک لەبەردەمی مزگەوتەکەی نگڵدا کە کۆنترین قورئانی ئەو دەڤەرە لەوێ پارێزراوە، لامان دا. ئەو قورئانە هێندە پیرۆزە لای خەڵكی ئەو ناوچەیە کە بووە بە سوێندی هەرە گەورەی خەڵکەکە، دوا سوێندیانە.

بەڵێ، ئێمە لە وڵاتی خۆمانەوە هاتینەوە بۆ وڵاتی خۆمان کە لە سلێمانی نزیک بووینەوە و نەخشە و ئاڵای کوردستانمان لە بان گۆیژە بینی، قسەکەی کاک عەتای نەهایم بیر کەوتەوە: "ئێوە لە شارەوە هاتوون بۆ شار."





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق