كۆمپانیای دایۆ لە دروستكردنی بەندەری فاو کشایەوە

ليست هناك تعليقات



وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، كۆمپانیای دایۆی كۆری لە رێككەوتننامەی بەرایی تایبەت بە دروستكردنی بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرە پاشگەزبووەوە و کۆمپانیاکە داوای پارەی زیاتری كردووە.

فالح هادی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند: "كۆمپانیای دایۆی كۆری پێیڕاگەیاندین كە لە رێكەوتننامەی سەرەتایی تایبەت بە دروستكردنی بەندەری فاو پاشگەزبووەتەوە كە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە واژۆی كردووە و بڕیاربوو بە 3 ساڵ و نیو پڕۆژەكە جێبەجێیبكات".

هادی گوتیشی: "وەزارەتی گواستنەوە تووشی شۆك بوو لە بەرامبەر داواكاریی كۆمپانیاكە كە داوای بڕی پارەی زیاتر دەكات بۆ قووڵكردنی زیاتری قوڵایی بەندەرەكە بۆ 19.80 مەتر، وەزیری گواستنەوەش داواكارییەكەی رەتكردەوە و داوایكرد پابەندبێت بە رێككەوتنی سەرەتایی بەگوێرەی ئەو دیزاینەی لەلایەن راوێژكاری ئیتاڵی داڕێژراوە.

بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە، تاوەكو ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیا كۆرییەكە بەردەوامە، رۆژی پێنجشەممەش وەزیری گواستنەوە بە یاوەری سەرۆكوەزیرانی عێراق لە پارێزگای بەسڕە سەردانی بەندەری فاویان كردوە.

لە 15ی تشرینی یەكەمی رابردوو سەلمان بهادلی، بریكاری وەزیری گواستنەوە گوتی: "سەرەڕای مردنی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری کۆمپانیا کۆرییەکە، كاركردن لە بەندەری فاوی گەورە لە بەسرە بەردەوامە و كۆمپانیاكەش بەڕێوەبەرێكی نوێی داناوە".

ئێوارەی رۆژی 9-10-2020، پارک شل هو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای 'دایۆ'ی کۆری، کە سەرپەرشتی دروستکردنی پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو دەکات، بە هەڵواسراوی لە نێو هۆڵێکی وەرزشیدا لە شاری بەسرە دۆزرایەوە. سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق گوتیان، 'هو' بەهۆی کێبڵێکی کارەباوە، خۆی خنکاندووە.

هەر لەسەرەتاوە گومانی زۆر لەسەر خۆکوشتنی بەڕێوەبەرەکەی دایۆ هەبوو. بەتایبەت کە پرۆژەی دروستکردنی بەندەری فاو، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییە گەورە و راوەستاوەکانی عێراق و رێگری زۆری بۆ دروست دەکرێت.

بەندەری گەورەی فاو, لە نیمچە دوورگەی فاو لە پارێزگای بەسڕە دروستدەکرێت، تێچووی گشتیی پرۆژەکە نزیکەی 4،6 ملیار یۆرۆیە، توانای بەندەرەکە بریتییە لە 99 ملیۆن تۆن کەرستەی ساڵانە، دەبێتە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی سەر کەنداو، رۆژی 5ی نیسانی 2010 لەلایەن وەزیری ئەوکاتی گواستنەوەی عێراقەوە بەردی بناخەی دانراوە.

بەپێی دیزاینەکەی بەندەرەکە دەبێتە گەورەترین بەندەری سەر کەنداو، یەکێک دەبێت لە گەورەترینەکان لەسەر ئاستی جیهان، نەخشەی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا دەگۆڕێت، لەبەرئەوەی کاڵاکان لە چین و ژاپۆن و باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بەڕێگەی عێراقدا دەگەیەنێتە جیهان و بەپێچەوانەشەوە. دەبێتە جێگرەوەی نۆکەندی سوێسی میسر.

حکومەتی عێراق ساڵی 2010 پرۆژەکەی خستە روو و بەردی بناخەی لە نیسانی هەمان ساڵدا بۆ دانرا، ئەوکات تێچووی پرۆژەکە 4.4 ملیار یۆرۆ بوو. حکومەتی عێراق، هەنگاوە سەرەتاییەکانی پرۆژەکەی پارەدارکرد و بڕیاریدا کۆمپانیایەکی 'ناوخۆیی دەستگرتوو' بەسەر بەندەرە نوێیەکەدا دروست بکات، پاشان کۆمپانیای دایۆی کۆریای باشوور، پرۆژەی دروستکردنی 'شەپۆلشکێنەکان'ی بەندەرەکەی لە ئەستۆ گرت و کۆمپانیای ئارشیرۆدۆنی یۆنانی، کارەکانی شەپۆلشکێنەکانی دەستپێکرد، دوای تەواوبوونی شەپۆل شکێنەکان، دەبوو قۆناخەکانی دیکەی پرۆژەکە دەستپێبکات، وەک هەڵکەندنی حەوزی بەندەرەکە، قوڵکردنەوەی کەناڵی کەشتیوانیی بەندەرەکە، بەڵام پرۆژەکە کێشە و رێگری زۆری هاتە پێش و تائێستا تەواو نەکراوە.

پرۆژەکە بایەخێکی ستراتیژی گەورەی بۆ عێراق هەیە، بەهۆی جووڵاندنی گواستنەوەی دەریایی بۆ ئاستی بەرزتر لە کۆی جیهاندا، هەروەها شاری پیشەسازی لە فاو، دەبێتە یەکەم لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێشبیندەکرێت قازانجی خەیاڵی بە عێراق ببەخشێت، لە رێگەی گواستنەوە و گەیاندنی کەلوپەل و نەوت، بەشێوەیەکی زۆر خێراتر. هەندێک لە پسپۆرە عێراقییە ئاگادارەکانی پرۆژەی بەندەرەکە، دەڵێن دوای تەواو کارکردنی بەندەرەکە، عێراق مانگانە 15 ملیار دۆلاری لەو بەندەرە دەستدەکەوێت.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif