ئەمنستی: لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئاوارەکان ئەشکەنجەدەدرێن

ليست هناك تعليقات


رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئاوارە و دەربەدەربووان بە پاساوی هەبوونی پەیوەندی بە داعش "ئەشکەنجە دەدەن". هەروەها بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەستگیریان دەکەن و "نادادپەروەرانە" دادگایی دەکرێن و "دەڕفێندرێن".

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئەمڕۆ سێشەممە راپۆرتێکی بڵاوکردەووە، راپۆرتەکەیان بە پشتبەستن بە بەڵگەی کۆنکریتی دەریدەخەن کە ئاوارەکان چۆن مافەکانیان پێشێلکراوە و بە هەزارانیان چەوسێندراونەتەوە. 

ئەمنستی لە 2018وە تاوەکو 2020 چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دۆخی ئاوارە و دەربەدەربووان کردووە، دەڵێت چاوپێکەوتنی لەگەڵ 119 ئاوارە و 15 کارمەندی رێکخراوە مرۆییەکان کردووە، قسەی لەگەڵ ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، لێدوانی لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەرگرتووە. 

بەگوێرەی راپۆرتەکە، جارێکی دیکەش لە 2020 چاوپێکەوتن لەگەڵ 9 ئاوارەی کامپەکان کراوە، لێدوان لە پارێزەرێک و دوو کارمەندی رێکخراوی مرۆیی و پارێزگاریکردن لە پەنابەران وەرگیراوەتەوە، دەڵێت هەموویان شایەتی لەسەر ئەوەدەدەن کە ئاوارەکان لە بازنەی ئەشکەنجەدان و چەوساندنەوە دەخولێنەوە.

چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئاوراەکان لە کامپەکانی گەرماوە لە پارێزگای دهۆک، کامپی دیبەگە، حەسەن شام یو 2، حەسەن شام یو3 لەگەڵ کامپی خازر لە پارێزگای هەولێر ، لە عێراقیش لە هەریەک لە کامپەکانی نەمروود، سەلامییە یەک، سەلامەییە دوو لە پارێزگای نەینەوا.

ئەو رێکخراوە لە کۆکردنەوەی بەڵگەنامە لەسەر دۆخی ئاوارەکان لە کامپەکانی عێراق بەردەوام بووە سەرەڕای ئەوەی هۆکارە ئەمنییەکان و رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ کێشەی بۆ دروستکردوون.

ئەمنستی لەبەرنامەی دایە لە 2020 سێیەم بەدواداچوون بۆ هەمان مەبەست دەستپێبکات، بەڵام دەڵێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا کێشە و گرفتی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە.

ئەم راپۆرتەی ئەمنستی لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق بڕیاری چۆلکردنی کامپەکان و گەڕانەوەی ئاوارە و دەربەدەربووانی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیانداوە، کە چاودێرە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن بەشێک لە گەڕانەوەکان بوونەتە زۆرەملێ بەو پێیەی هێشتا نیشتەجێبواونی کامپەکان ئەمن و ئاسایش بە بەرقەرار نازانن تاوەکو بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

لین مەحلووف، جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی ئەمنستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: "دەبێت بەرپرسانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە ئەشکەنجەدانی بە کۆمەڵی ئاوارەکان بهێنن کە بە هەبوونی پەیوەندی بە داعش تۆمەتباردەکرێن."

مەحلووف دەڵێت: "چارەسەرکردنی ئەو نادادپەروەرییە تاکە رێگەیە بۆ زامنکردنی سەلامەتی و گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانە."

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا کۆمەڵێک داواکاری لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە. ئەوانیش

بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان

- بێ بەڵگە ئاوارەکان دەستگیرمەکەن.

- تاوانە گەورەکان لە دادگایەکی دادپەروەرانە دادگایی بکەن.

- با دەستگیرکردنەکان لەسەر یاسای رێگەپێدراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بن.

- ئاوارەکان لە هۆکاری دەستگیرکردن و مافەکانیان ئاگاداربکەنەوە.

- هاوئاهەنگی لەگەڵ کەسوکاری دەستگیرکراوان بکەن و لە شوێنی دەستبەسەرکردنیان ئاگاداریان بکەنەوە.

- تەمەنی دەستگیرکراو لەبەرچاوبگرن و بەگوێرەی تەمەنی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

- دەبێت دایک و باوکی ئاوارەکان ئامادەی دادگاییکردنی منداڵەکەیان بن.

بۆ بەرپرسانی حکومەتی عێراق

- سیمای شارستانی و مرۆیی کامپی ئاوارەکان بپارێزن.

- نەهڵێن لە کاتی شەودا چەکداران هەڵبکوتنە نێو کامپەکان کە زۆر بەدیکراوە.

- دەبێت هەموو عێراقییەک ببێتە خاوەنی ناسنامەی باری کەسی.

- هەڕەشەی دەستگیرکردنی ئاوارەکان بە پاساوی کەسوکاری داعش بوەستێنن.

- نابێت ئاوارەکان بەزۆرەملێ لە کامپەکان دەربکرێن مەبەستی گەڕانەوەیان.

- نابێت هێزە عێراقییەکان، حەشد، ‌سەرۆک هۆزەکان ماڵی خەڵک وێرانبکەن و لێکۆڵینەوەش لەم رووداوانە بکرێن

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif