فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لەگەڵ جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی پرسەکانی پەیوەندیدار بە رۆژئاوای کوردستان و سووریا قسەیانکرد.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئەمڕۆ یەکشەممە 15-11-2020، لەگەڵ دەیڤید براونستەین، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کۆبووەوە.
مەزڵووم عەبدی لە تویتێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "ئێمە خاوەن تێڕوانینێکی هاوبەشین بۆ داهاتوو کە تێیدا هەموو سوورییەکان لە ئاشتی و ئازادییدا بن".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، چاویان لەوەیە لەگەڵ "هەموو برا سووریەکانمان کاربکەین بۆ سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگە هاوبەشەکان و دەستکەوتنی ئەو ئامانجە".
ئەمریکا پێگەیەکی بەهێزی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە و کوردیش لە رۆژئاوای کوردستان دەیەوێت ئەو پێکەوەکارکردنە بەهێزتر بێت و جگە لە بواری سەربازی، بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە.
رۆژی 8ی ئەم مانگە، مەزڵووم عەبدی پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە جۆ بایدن کرد و کەماڵا هاریس کرد و گوتی، "چاومان لەوەیە هاوئاهەنگیی نزیکمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام بێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان لە شەڕی دژی داعش و بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریەکان".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق