وەزیری دەرەوەی ئێران: قسەکانی بایدن دڵگیرترن

ليست هناك تعليقات



بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن واشنتن گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیاسەتەکانی خۆی لە بەرامبەر تاران ناکات، ئەگەر جۆ بایدنیش بچێتە کۆشکی سپی، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران دڵی بۆ بایدن لێدەدات.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی 'سی بی ئێس نیوز'دا ئێوارەی دوێنێ، دوای سووربوونی پێشکێشکاری چاوپێکەوتنەکە، لەسەر خۆ یەکلاکردنەوە لە نێوان ترەمپ و بایدن، گوتی: "لێدوانەکانی بایدن جێگەی ئومێدن، بەڵام دەبێ چاوەڕێ بکەین بزانین چی روودەدات".

زەریف لەسەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا زۆر جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی پەسنی هیچ کام لە بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا نادات، لە کۆتاییدا گوتی "لێدوانەکانی گرووپەکەی بایدن، دڵخۆشکەرترن".

ئەوەی بەلای زەریفەوە گرنگە ئەوەیە، کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا چیدەکات و چی دەڵێت. زەریف گوتی "گرنگ بۆ ئێمە ئەوەیە کۆشکی سپی لە دوای هەڵبژاردنەکان چۆن مامەڵە دەکات، نەک ئەو بەڵێن و دروشمانەی پێشتر بەرزکراونەتەوە، چونکە هەڵسوکەوتی ئەمریکا گرنگە".

ئەو لەبارەی داهاتووەوە گوتی: "ئەگەر ئەمریکا بڕیار بدات هەڵسوکەوتە دوژمنکارانەکانی لە بەرامبەر ئێران رابگرێت، ئەوکات چیرۆکێکی جیاواز دەبینین، بەچاوپۆشی لەوەی کێ لە کۆشکی سپی دانیشتووە".

پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن گرژییەکی زۆریان بەخۆوە بینیووە لە ساڵانی رابردوودا، بەتایبەت پاش پاشەکشەی ئەمریکا لە رێکەوتنی ئەتۆمی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی+ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران و سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا.

وەزیری دەرەوەی ئێران، باسی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لە نێوان هەردوو وڵات کرد، لەدوای هەڵبژاردنەکان ئەگەر بایدن دەربچێت، ئەو گوتی "نەخێر دانوستاندن دەستپێناکەینەوە، ئەگەر ئەوەمان بوویستایە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بەر لە چوار ساڵ دەمانکرد"، گوتیشی: "ئێران لەژێر هیچ دۆخێکدا نایەوێ بەبێمەرج دانوستاندن دەستپێبکاتەوە".

پێشتر بایدن رایگەیاندبوو ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵدەدات رێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاران لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمییەوە بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا دەستیپێکرد و رکابەریی سەرەکی بۆ پۆستی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا، لە نێوان جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دیموکرات و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی کۆماریدایە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق