بژارەکانی بەردەم ترەمپ ئەگەر نەبێتەوە سەرۆک

ليست هناك تعليقات



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوورە لەسەر بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی وڵات و مانەوەی بۆ چوار ساڵی دیکە لە کۆشکی سپی، بەڵام ئەگەر شکست بهێنێت، دەبێ رۆژی 20ی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، جانتاکانی خۆی بپێچێتەوە و ماڵئاوایی لە کۆشکی سپی بکات.

ترەمپ هەمیشە شانازی بەژیانی خۆیەوە دەکات، بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، لەوەدا ناهەقی نییە، چونکە ئەو خاوەنی سەرمایەیەکی زەبەلاح و چەندین کۆمپانیا و داهاتی جیاوازە، کە وەک خۆی گوتوویەتی "ژیانێکی نایاب"یان بۆ ئەو دروستکردبوو.

سەرۆکی ئەمریکا هەرچەندە سۆز و بیرکردنی رابردوو لە قسەکانیدا دەردەکەوێت، بەڵام هەرگیز بەڕوونی باسی ئەوەی نەکردووە ئەگەر سەرکەوتن بەدەست نەهێنێت، چیدەکات و دواتر ژیانی چۆن بەسەر دەبات.

بە گەڕانەوە بۆ ماوەی چوار ساڵی ئەو لە کۆشکی سپیدا، دیارترین سیناریۆی پاش شکستی ترەمپ، بەبێدەنگی دانیشتن و دوورکەوتنەوە لە تیشکی میدیاکان دەبێت. وێڕای ئەوەش، چەند سیناریۆیەک لەبەردەمیدایە، بۆ ئەوەی یەکێکیان هەڵبژێرێت.

گەڕانەوە بۆ تەلەڤزیۆن

ئەگەر دۆناڵد بەناچاری کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت، لەوانەیە درەوشانەوەکانی پێشووی لەسەر تەلەڤزیۆنی ئەمریکی، جارێکی دیکە بەلای خۆیدا کەمەندکێشی بکاتەوە. ترەمپ بەر لەوەی ببێتە سەرۆک ئەستێرەیەکی دیاری تەلەڤزیۆن بوو لە ئەمریکادا.

ترەمپ لە هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، وەک بەڵێندەرێکی لێهاتووی بیناسازی لە نیویۆرکدا ناسرا و دواتر ناوبانگی بەزۆر شوێنی دیکە گەیشت، بەڵام نەپارەکەی و نەناوبانگەکەی، هێندەی بەرنامەی 'زە ئەبرەنتیس' دەرگای سەرکەوتنیان بۆ ئەو نەکردەوە و بە ناوبانگیان نەکرد.

لەرێگەی ئەو بەرنامەیەوە و دەرکەوتنی بەردەوام تێیدا کە پڕۆگرامێکی 'ریالتی شۆ' بوو، ئەو لەنێوان ساڵانی 2004 تاوەکو 2015، سەرکەوتوو بوو لەوەی خۆی پێشانی ملیۆنان بینەر بدات و خۆی لە وێنەی بزنسمانێکی لێهاتوو، سەرکەوتوو و خاوەن کاریزمادا پێشانی بینەرەکانی بدات. ئەو پڕۆگرامە تەلەڤزیۆنییە کێشەکانی ئەویان لە دونیای بیناسازیدا شاردەوە.

ترەمپ بەرنامەکەی لە نێو هۆڵێکی گەورەی 'ترەمپ تاوەرز'دا پێشکێشدەکرد، لەوێ پێشوازی لە بەشداربووانی بەرنامەکە دەکرد، کە بەدوای ناوبانگ و لێهاتوویی و دەرکەوتندا دەگەڕان، هەموو هەفتەیەک یەکێک لە بەشداربووەکانی دووردەخستەوە و رستەی you`re fired، ئەو رۆژانە وەک سرووشێکی خۆشیان لەسەر زمانی ئەو دەردەخست. ئەو دێڕە مانای 'تۆ دەرکرای' و کۆتایی بەشدارییەکانی بەشداربووەکە بوو لە بەرنامەکەدا.

لە ساڵانی ژیانیشیدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ سۆزی بۆ بەرنامەکەی لەدەستنەدا، ئەو چەندجارێک گلەیی لە کەناڵی 'فۆکەس نیوز' کرد، حەزی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە بەرنامەکە نەشاردەوە و گوتی ئەوان پشتگیریم ناکەن، لە کاتێکدا بەر لە چەند مانگێک خۆیان گوێیان لە خەڵک بووە، کە دەڵێن "جێگرەوەمان دەوێت، منیش هەرئەوەم دەوێت".

لەوانەیە لەدوای کۆشکی سپی، ترەمپ هەلی دروستکردنی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی نوێی لەبەردەستدا بێت، (هەرچەندە وەبەرهێنانی بنچینەیی یارمەتیدەر نییە لەو بوارەدا)، یاخود پەنابردنە بەر ئەو کەناڵانەی بەدۆستی خۆییان دەزانێت، وەک 'وان ئەمێریکا نیوز' هەروەها 'نیوزماکس تی ڤی'.

بەرەو دادگا و بەندیخانەکان

دەکرێ داهاتوو لەبەردەم ترەمپدا ئاڵۆز بێت، کاتێک کۆشکی سپی بەجێدەهڵێت، ئەگەر هەیە بکەوێتە ژێر لێکۆڵینەوەوە، لەسەر دوو دۆسیە لە نیویۆرک، کە هەریەکەیان دەرگای لێپێچینەوەی یاسایی لێدەخاتە سەر پشت.

یەکەمیان دۆسێی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری کە سایرس ڤانس، داواکاری گشتی مانهاتن لە دژی وروژاندوویەتی و پەیوەستە بەتۆمەتبارکردنی بەخۆدزینەوە لە باج و فێڵکردن لە کۆمپانیاکانی دڵنیایی و گەمەکردن بەتۆمارە ژمێریارییەکان.

هەرچی دووەمیانە، لێکۆڵینەوەیەکی سڤیلە کە لیتیسا جەیمس، داواکاری گشتیی ویلایەتی نیویۆرک لە سەری وروژاندووە، تێیدا هەوڵدەدات دڵنیابێتەوە لەبارەی درۆکردنی دامەزراوەی ترەمپ، لەبارەی قەبارەی پشکەکانی بۆ بەدەستهێنانی قەرز و لێخۆشبوون لە باجەکان.

ئەم دوو دۆسیەیە ئەگەر لەدژی ترەمپ کاراببن، بێگومان کێشەی یاسایی زۆری بۆ دروستدەکەن، دوورنییە ناچار بەسەرهەڵگرتن و بەجێهێشتنی وڵاتەکەی بکەن، هەرچەندە ئەوکات بەڕاکردوویەک لە یاسا دەمێنێتەوە و دەبێتە ئامانجی دامەزراوە فیدراڵییەکانی حکومەتی وڵاتەکەی و بێگومان پەلکێشی بەردەمی دادگای دەکەن، لەهەر شوێنێکی دونیادا بێت.

خۆ ئامادەکردن بۆ 2024

لەڕووی یاساییەوە هیچ رێگرییەک لەبەردەم دۆناڵد ترەمپدا نییە، خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2024دا بپاڵێوێت، ئەوە ئەگەر ئەمساڵ شکستی هێنا.

دەستووری ئەمریکا، رێگەنادات هیچ سەرۆکێکی وڵات لە دوو ماوەی سەرۆکایەتی بەدوای یەک زیاتر، لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، بەڵام دووجار بوونەوە بە سەرۆکی وڵات لە دوو ماوەی پچڕپچڕدا، ئەگەرێکە و دەکرێ ترەمپ سەرکەوتنی تێدا بەدەست بهێنێت. لە مێژووی سەرۆکایەتیی ئەمریکاشدا، تەنیا یەک سەرۆک دووجار چووەتە کۆشکی سپی و دووجارەکەی بەسەریەکەوە نەبووە، ئەویش گرۆڤەر کلیفلاند لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا.

کلیفلاند جاری یەکەم لە ساڵی 1884دا بووە سەرۆکی وڵات، پاشان لە هەڵبژاردنەکانی 1888دا شکستیهێنا، بەڵام ئەو کۆڵینەدا و لە هەڵبژاردنی دواتردا لە ساڵی 1892 خۆی پاڵاوتەوە و بووەوە سەرۆکی ئەمریکا. لە مێژوودا کلیفلاند بە سەرۆکی ژمارە بیست و دوو و سەرۆکی ژمارە بیست و چواری ئەمریکا، ناوی تۆمارکراوە.

بەڵام جیا لەو رێگرییانەی کە لەبەردەمی ترەمپدان، بۆ ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی دۆڕاند، لە هەڵبژاردنی دواتردا خۆی بەربژێر بکات، لەوانەیە سەرکردەکانی پارتی کۆماری نەیانەوێت ئەو ببێتەوە نوێنەری پارتەکەیان لە سەرۆکایەتیی وڵاتدا و کاربکەن بۆ ئەوەی سەردەمی ترەمپ لەبیری خۆیان ببەنەوە. خۆ ئەگەر ئەوەش روونەدات، کێشەیەکی گەورەتر بۆ ماوەی دووەمی سەرۆکایەتی لەبەردەمی ترەمپدا، تەمەنیەتی.

کلیفلاند کاتێک جاری دووەم بووەوە سەرۆکی ئەمریکا، تەمەنی 56 ساڵ بوو، بەڵام بۆ ترەمپ کاتێک بیەوێ خۆی لە هەڵبژاردنەکانی 2024دا بەربژێر بکات، تەمەنی دەگاتە حەفتا و هەشت ساڵ و ئەوەش تەمەنێکی گونجاو نییە بۆ بوونەوە بەسەرۆکی وڵات.

سەرهەڵگرتن

بەهەمان شێوازی نوکتەئامێز و ستایلی دەمارگیرانەی باوی خۆی، سەرۆکی ژمارە چل و پێنجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، هەندێک باسی لە خۆی لەدوای سەرۆکایەتی کردووە.

لە حوزەیرانی رابردوودا، ترەمپ بەگاڵتەوە باسی لەئەگەری ئەنجامدانی گەشتی پیادەڕۆ لەگەڵ میلانیای هاوژینیدا کرد. ئەوکات گوتی "لەوانەیە بۆ یەکەمجار لەگەڵ خانمی یەکەمی وڵاتدا، بەپێ بگەڕێینەوە نیویۆرک، پێموایە ئۆتۆمبێلێکی چادردار دەکڕم و لەگەڵ میلانیادا بۆ خۆمان دەستبەگەڕان دەکەین".

لە چوارچێوەیەکی کەمتر رۆمانسیدا، ترەمپ چەند رۆژێک لەمەوبەر وازی لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی لایەنگرەکانی هێنا لە بێنسلڤانیا، بۆ ئەوەی لەو سەلکەترێلانە وردببێتەوە کە دوور لە شوێنی کۆبوونەوەی جەماوەرەکەی ئەو راگیرابوون.

ئەو لەوێدا حەزی خۆی نەشاردەوە و گوتی: "ئای لە جوانی ئەو ئۆتۆمبێلانە.. پێتانوایە من هەڵە دەکەم ئەگەر سواری یەکێکیان ببم و بۆ دوور بڕۆم؟ بەڕاستی حەزم لەوەیە بیکەم، تەنیا لێخوڕین و ئاراستە گۆڕین لەم رێگاوە بۆ ئەو رێگا".

لەمیانی سەردانێکیدا بۆ 'زە فیلدچز' کە گەورەترین کۆمەڵگەی خانەنشینەکانە لە فلۆریدا، ترەمپ باسی لە ئەگەرێکی دیکە کرد، کە کامڵانەتر هاتە بەرچاو. ئەو لەوێدا گوتی "دەگوازمەوە بۆ زە فیلدچز. ئەوە بیرۆکەیەکی خراپ نییە، بەڵکو من زۆر حەزی لێدەکەم".

ئەگەرێکی رادیکاڵانەتریش لەبەردەمیدا دەمێنێتەوە، ئەویش کۆچکردنی یەکجارییە. چونکە ترەمپ بەر لە چەند هەفتەیەک و لە گەرمەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا گوتی: "بەڕاستی دۆخم باش نابێت، ئەگەر بەرامبەر بایدنی خەواڵوو بدۆڕێم. لەوانەیە ناچاربم، وڵات بەجێبهێڵم و سەری خۆم هەڵبگرم".




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif