گەوجاندن

ليست هناك تعليقات


کەمال حەمزە
-
گەوجاندن پڕۆسەیەکە زۆرجار سیاسییە دەستڕۆیشتووەکان بەکاری دێنن بۆ هاندان و هەڵنانی ئەندامان و هەوادارانی حیزب و ڕێکخراوەکانیان لە هەمبەر پرسێکی دیاریکراو، بەو ئاڕاستەیەی کە خۆیان دەیانەوێ و لە بەرژەوەندییاندایە، نەك وەك ئەوەی هەیە وەك خۆی.


کردەی گەوجاندن زیاتر لەسەر ئەوانە جێبەجێ دەکرێت کە نەزان و ناهۆشیارن، یان بێ ئاگان لە حەقیقەتی ڕووداوەکان و پەردەیەكی ئەستوور بەرچاوی گرتوون.


سەرباری نەزان و بێ ئاگاکان، چەند چینێکی دیکەش هەن کە ڕۆڵیان هەیە لە سەرخستنی خواستەکانی سەرکردەکان بۆ گەوجاندنی خەڵک و بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی، وەك: هاوبیران و بەرژەوەندیخوازان.


زۆرجار سەرکردەکان بۆ پەیڕەوکردنی کردەیەکی سیاسی یان سەربازی یان کارگێڕی ...، ئامانجێك یان زیاتر دەخەنە ڕوو کە زۆر جیاوازە لە ئامانجی ڕاستەقینە و شاراوەی پشت پەردە، بە جۆرێك کە ئەگەر شوێنکەوتە و ئەوانەی پێیان کاریگەرن ئەو هەقیقەتە بزانن، ئامادە نابن بکرێنە ئامێر و کەرەستەی جێبەجێ کردنی خواستەکانیان.


ئەو سەرکردانەی وەبەرهێنان بە ئامانجەکانی خەڵکەوە دەکەن، بۆ ئاسانکردنی دەستەبەرکردنی ئامانجە تایبەتییەکانی خۆیان لەسەر حیسابی میللەت، زانیاریی ناڕاست یان شێوێنراو دەخەنە ڕوو و سۆزی خەڵکی پێ دەجووڵێنن و ڕای گشتیی پێ چەواشە دەکەن.


سیاسیەکان شتانێك دەبینن و دەخوێننەوە، خەڵکی سادە بە ئاسانی پەی بەو شتانە نابەن و ئەقڵیان پێ ناشکێ. ئەمە دەقۆزنەوەو دەیانەوێ خەڵکی تەنها ئەو ڕووەی ڕووداوەکان ببینن کە ئەوان دەیانەوێ، نەك کۆی وێنەکە لە هەموو گۆشە و دیوەکانیەوە، بۆ ئەوەی کاری گەوجاندن بە ئاسانترین ڕێگە و کەمترین ماندووبوون سەربگرێ.


بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی پڕۆسەی گەوجاندن ببینەوە، یان بە لایەنی کەم نەکەوینە ژێر کاریگەریی گەوجێنەران و نەبینە بەردەبازی دەستەبەربوونی حەز و خواستە کەسی و تایبەتیەکانیان لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی، پێویستە هۆشیار بین، هاوکێشە و ڕووداوەکان لە گۆشەنیگای جیاوازەوە ببینین و، پێش بەرچاوڕۆشنیمان پەلە نەکەین لە کاردانەوە هەڵوێست نواندن.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق