پارلەر شوێنی تویتەر و فەیسبووک دەگرێتەوە؟ کات وەڵام دەداتەوە

ليست هناك تعليقات


 
بەرنامەیەکی مۆبایل هاوشێوەی تویتەر و فەیسبووک لە بازاڕی ئاپەکاندا جمەی دێت. لە ئەمریکا لە رووی ژمارەی دابەزاندنەوە یەکەمە. ئەوەش مایەی سەرسووڕمان نییە، چونکە نەریتخوازەکان یاخود گرووپە راستڕەوەکان پێیانوایە لە دوو تۆڕە کۆمەڵاتییەکەی دیکەدا ئازادیی رادەربڕینیان لێ سنووردارکراوە؛ لە ئاپە نوێیەکەشدا کەمتر سانسۆر لەسەر ئەو بەرهەمانە دادەندرێت کە بڵاویدەکەنەوە.

دوای ئەوەی جۆ بایدن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکای بردەوە، ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی پارلەر (Parler) بەشێوەیەکی خێرا رووی لە زیادبوون کرد.

لایەنگرانی ترەمپ و گرووپە نەریتخوازەکان لە زۆرترین ئەو کەسانەن کە بەرنامەی پارلەر دادەبەزێنن. ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هەندێک بانگەشەی ناسەلمێنراوی بڵاوکردەوە کە گوایە لەم هەڵبژاردنەدا ساختەکارییەکی گەورە کراوە و دەنگەکانی دزراون.

ئەو سانسۆرەی لەسەر پارلەر دانراوە وەکو هی تویتەر و فەیسبووک نییە، پڕوپاگەندە و ئەو بەرهەمانەی بڵاودەکرێنەوە بۆ کاتێکی درێژتر دەمێننەوە یاخود هەر لانادرێن.

لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمریکا و لەدوای دەرچوونی جۆ بایدنیش، تویتەر و فەیسبووک هەندێک گلەیی و پۆستی بێبنەمای دۆناڵد ترەمپیان شاردەوە کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد گوایە بە هەزاران دەنگی لە هەندێک ویلایەتدا لێدزراون.

لە رۆژی هەڵبژاردنەوە هەژمارێکی نەریتخوازەکان لە تۆڕە نوێیەکەدا بە ناوی "تاوەری سانسۆر"ەوە ملیۆنێک سەردانکەری بەردەوامی تێپەڕاندووە. هەژمارێکی دیکە بە ناوی "دزینی دەنگەکان ڕاگرن"ـەوە ئەویش ملیۆنێک فۆڵۆوەری تێپەڕاندووە.

بەڵام ئایا پارلەر جێ بە لە تویتەر و فەیسبووک لەق دەکات؟ وەڵامەکەی ئاسان نییە، بەڵام بە گوێرەی ئەو ئامارانەی هەردوو تۆڕە کۆمەڵاتییەکە تۆماریانکردووە، ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکی زوودا روونادات.

تویتەر کە لە 21ـی ئاداری 2006دا دامەزراوە، 321 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە. کۆی پشکەکانی لە 2018دا 10 ملیار و 160 ملیۆن دۆلاربووە. هەرچی فەیسبووکیشە لە شوباتی 2004دا دامەزرا. لە 31ـی حوزەیرانی 2020ـدا دوو ملیار و 700 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی تۆمارکرد. فەیسبووک بایی 527 ملیار دۆلارە.

بەڵام پارلەر لە 2018وە دامەزراوە، تەنیا 30 کارمەندی هەیە، تاوەکو تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەشت ملیۆن بەکارهێنەری هەبووە کە تەنیا چوار ملیۆنیان بەکارهێنەری چالاک بوون.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif