ترەمپ لەبەردەم میدیاکان دەرکەوتەوە و دانی بە بردنەوەی بایدن دا نەنا

ليست هناك تعليقات


بەرەبەیانی رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ یەکەمینجار دوای هەڵبژاردنەکان لە کۆشکی سپی دەرکەوتەوە و لە پێش چاوی کامێراکان و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە دۆخی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی و ڤاکسینەکانی دژی ئەو پەتایە کرد و پێش ئەوەی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤان بداتەوە، کۆتایی بە کۆنگرەکە هێنا. 

دۆناڵد ترەمپ دانی بە سەرکەوتنی جۆ بایدندا نەنا و هیچ ئاماژەیەکی باسی لە بابەتی هەڵبژاردنەکان نەکرد.

سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە کۆمپانیای فایزەر گرت بەوەی کە پێشتر گوتبووی ئەوان بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی خێراکردنی دروستکردنی ڤاکسینیان نەکردووە کە ترەمپ ئۆپەراسیۆنەکەی پێکهێناوە. 

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەکەی بە بڕی نزیکەی دوو ملیار دۆلار گرێبەستی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا تۆمارکردووە بۆ ئەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بە خۆڕایی بۆ خەڵکی وڵاتەکەی دابین بکات.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ ستایشی هەوڵەکانی ئیدارەکەی کرد لە بەرەوپێشبردن و خێراکردنی دروستکردنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا و ئاماژەی بەوە کرد جگە لە کۆمپانیاکانی فایزەر و بایۆنتێک، ڤاکسین و چارەسەری چەندین کۆمپانیای دیکەش لە ماوەیەکی نزیکدا ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان. 

هەروەها ترەمپ گوتیشی ئیدارەکەی توانیویەتی رێژەی مردن بە کۆرۆنا لە ئەمریکا کەمبکاتەوە و قەدەخەی هاتووچۆ ناسەپێنێتەوە چونکە زیانی دەبێت بۆ سەر ئابوورییەکەی. 

دۆناڵد ترەمپ ئەوەشی گوت، "مانگی تەممووز، ئیدارەی من لەگەڵ فایزەر رێککەوت بۆ ئەوەی ملیارێک و 950 ملیۆن دۆلار هاوکاریی دارایی پێبدات بۆ بەرهەمهێنانی و دابەشکردنی 100 ملیۆن دانە ڤاکسین و بژاردەی ئەوەمان هەیە 600 ملیۆن دانەی دیکە دواتر بکڕین. وەبەرهێنانی ئێمە وا دەکات کە ڤاکسینی فایزەر بێ بەرامبەر دابینبکرێت".

گوتەکانی ترەمپ لەکاتێکدایە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتی نۆرس کارۆلاینا سەرکەوتنی ترەمپ پێشان دەدەن و بایدنیش براوەی ویلایەتی جۆرجیا بووە، بەو جۆرەش بایدن دەبێتە خاوەن 306 ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنەکان و ترەمپ لە 232دا ماوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دانی پێدا نانێت، بەڵام جۆ بایدن، وەکو سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دیاریکراوە، هاوکات دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان مسۆگەر کردووە. سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش بە رەخنەوە داوا لە کۆمارییەکان دەکات واز لە شانۆگەرییەکانیان سەبارەت بە پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بهێنن.

نانسی پیلۆسی، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو کۆمارییەکان زیاتر درێژە بە شانۆگەرییەکانیان بدەن، "زیاتر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەستمان دەردەچێت و ژیانی ئەمریکییەکانیش زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە". 

نانسی پیلۆسی داوا لە کۆمارییە هاوڕێکانی دەکات راستییەکان پەسند بکەن، دان بەوەدا بنێن کە سەبارەت بە کۆرۆنا ئێمە لە قەیرانداین و بێنە سەر مێزی گفتوگۆکان و پێکەوە کار بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif