تووندڕه‌ویی ئه‌وروپا به‌ره‌و كوێ‌ پاڵ ده‌نێت؟

ليست هناك تعليقات


 عارف قوربانی
-
ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا په‌یڕه‌وكارانی ئایینی ئیسلام تێی كه‌وتوون، سه‌رده‌مانێكی زۆره‌ ئه‌وروپای تێیپه‌ڕاندووه‌. ئه‌وانیش لاپه‌ڕه‌كانی مێژوویان پڕن له‌ رووداوی تۆقێنه‌ر، له‌ یه‌كدی كوشتن به‌ناوی په‌یڕه‌ویی ئایینه‌وه‌، یه‌كدی قبووڵنه‌كردن و تووندڕه‌ویی ئایینی و ره‌تكردنه‌وه‌ی جیاوازیی. به‌ڵام دواجار به‌سه‌ر ئه‌و ناكۆكیانه‌دا سه‌ركه‌وتن، سیسته‌مێكی نوێی به‌ڕێوه‌بردن و مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ به‌ها پیرۆزییه‌كان و ئایین په‌یڕه‌وكرد، كه‌ ئیتر له‌سه‌ر جیاوازیی ئایینی و جۆری په‌یڕه‌وكردنی رێگەو رێبازی خواپه‌رستی، ده‌ستیان ناچێته‌ خوێنی یه‌كدی.

وڵاتانی ئه‌وروپا نه‌ك هه‌ر بۆ په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كه‌ی خۆیان، به‌ڵكو بۆ جۆری مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرانی هه‌ر ئایین و ئایینزایه‌كی دیکە زه‌مینه‌ی ئازادییه‌كیان ره‌خساند كه‌ مرۆڤ سه‌ربه‌سته‌ له‌وه‌ی هه‌ر ئایینێك په‌یڕه‌و ده‌كات، به‌ڵام پێناچێت ئه‌م كه‌شه‌ ئارام و سه‌قامگیرییه‌ی ئه‌وروپا له‌ مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئایین و په‌یڕه‌وكارانی ئایینه‌ جیاوازه‌كان هه‌روا به‌رده‌وام بێت، ئه‌ویش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی خۆیان ناكۆك و ناته‌بابن له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌ویی ئایینی مه‌سیحییه‌ت وه‌ك ئایینی زاڵ له‌ ئه‌وروپا، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئیسلام په‌لوپۆی بۆ ناو قووڵایی ئه‌وروپا هاویشتووه‌.

ئه‌و ئازادییه‌ی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ په‌یڕەو‌كارانی ئایینی ئیسلام دراوه‌، له‌ هیچ كام له‌ وڵاته‌ ئیسلامییه‌كاندا په‌یڕه‌وكارانی به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ زه‌مینه‌ی ئازادییان بۆ ده‌سته‌به‌رنه‌بووه‌. به‌ڵام ئاستی نوواندنی ره‌فتار و گوفتاری تووندڕه‌ویی له‌ناو په‌یڕه‌وكارانی ئایینی ئیسلام له‌ ئه‌وروپا رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌رزده‌بێته‌وه‌. ژماره‌ی موسڵمانیش له‌ هه‌ڵكشاندایه ‌و خه‌ریكه‌ له‌ په‌نجا ملیۆن نزیك ده‌بێته‌وه‌. به‌هۆی جیاوازی له‌ نه‌وه‌خستنه‌وه‌ له‌نێوان خێزانی ئه‌وروپی و موسڵمانه‌كاندا، له‌ چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتوو ئه‌و رێژه‌یه‌ش بۆ دوو هێنده‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌م زیادبوونه‌ی ژماره‌ی موسڵمان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی تووندڕه‌ویی دینی، پێشبینی پێشهاتی چاوه‌ڕوان نه‌كراو ده‌كرێت. نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وروپا توانای مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌شه‌كردنه‌ی ئیسلام نییه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیادبوونی ئیسلام له‌ ئه‌وروپا و ده‌رئه‌نجامی ئه‌و په‌روه‌رده‌ تووندڕه‌وییه‌ی هه‌ڵهێنجراوی ناو ئایینی ئیسلامه‌، ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی و په‌یڕه‌وكارانی ئیسلام كولتووری ئه‌ورپایان پێ قبووڵ ناكرێت و هه‌وڵی گۆڕینی ده‌ده‌ن. ئێستا نا، به‌ڵام له‌ ساڵانی داهاتوو گوێبیستی ئه‌و هه‌واڵانه‌ش ده‌بین كه‌ ئیتر ده‌ست بۆ ئازادییه‌كانی ئه‌وروپییه‌ ره‌سه‌نه‌كان ده‌برێت و له‌لایه‌ن تووندڕه‌وانی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییان ده‌خرێته‌سه‌ر له‌سه‌ر جلوبه‌رگ و شێوازی ژیانی رۆژانه‌یان و ده‌یانه‌وێ‌ ئه‌و رێسا و كو‌لتوورانه‌ی وڵاتانی پاشكه‌وتووی ئیسلام به‌سه‌ر ئه‌وانیشدا بسه‌پێنن. چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتوو ئه‌و هه‌واڵانه‌ زۆر ده‌بن كه‌ گه‌نجێكی ئیسلامی كه‌سێكی ئه‌وروپی سه‌ر بڕی نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێڕێزی به‌ پیرۆزییه‌كانی ئیسلام كردووه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رۆژانه‌ چووه‌ته‌ كه‌نیسه‌، له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌وروپا مامۆستایه‌كی ئافره‌ت ده‌كوژێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی باڵاپۆش نه‌بووه‌.

ئه‌وروپا ئه‌گه‌ر ئێستاش دركی به‌و مه‌ترسییانه‌ نه‌كردبێت، زۆر نابات رووداوگه‌لی هاوشێوه‌ی رووداوه‌كانی فه‌ره‌نسا رایانده‌چه‌ڵه‌كێنێت. به‌ڵام تازه‌ رێگه‌ له ‌گه‌شه‌كردنی ئیسلام و باڵاكردنی ئاستی تووندڕه‌ویش ناگیرێت. ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ مافی مرۆڤ و ئازادیی تاك و بیروڕا و را ده‌ربڕینه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وروپا دوولایه‌نه‌ن، ئه‌گه‌ر بۆ خۆیان باڵاكردنی ئاستی تێگه‌یشتن و مه‌عریفی بێت له‌ پێكه‌وه‌ژیان و رێزگرتن له‌ به‌هاو ئازادییه‌كان، ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ مه‌ترسیدارەیشی لێكه‌وتووەته‌وه‌ كه‌ ده‌رگەی بۆ چوونی به ‌لێشاوی تووندڕه‌ویی ئیسلامی كردووەته‌وه‌ و چوونه‌ته‌ ناو هه‌ناوی ئه‌وروپاوه‌.

پێشتر حوكمڕانانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی و سیسته‌مه‌ هه‌واڵگریی و ئه‌منییه‌كانیان ده‌رفه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی داعشیان قۆسته‌وه‌ بۆ بژاركردنی كۆمه‌ڵگەكانی خۆیان و هه‌زاران تووندڕه‌ویی ئیسلامییان له‌ناو ئه‌وروپاوه‌ نارده‌وه‌ بۆ عێراق و سووریا، به‌ فڕۆكه ‌و له‌ڕێگه‌ی بۆردوومانه‌ ورد و چڕه‌كانیی خۆشیانه‌وه‌، زۆربه‌یان كوشتن. به‌ڵام ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامێكی دیکەی خراپی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كه‌ بۆ ناردنه‌وه‌ی هه‌زاران تووندڕه‌ و بووبێت بۆ وڵاتانی دایك، به‌هۆی شه‌ڕ و ئه‌و كاولكارییانه‌ی داعش و حه‌شد و گرووپه‌ هاوشێوه‌كانیان به‌رهه‌میان هێنا، به‌ سه‌دان هه‌زار كه‌سی دیکە روویانكرده‌وه‌ ئه‌وروپا و له‌ناویاندا له‌و ژمارانه‌ی له‌ شه‌ڕی داعش كوژران زیاتر گه‌رای توندڕه‌وییان گوێزایه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا. 

هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌ستبه‌رداری ژیان و ئازادییه‌كانی خۆیان و وڵاته‌كانیان نابن بۆ ئه‌و ئیسلامییانه‌ی هاتوونه‌ته‌ ناو قوڵایی ئه‌وروپاوه‌. پێشم وانییه‌ ئه‌زموونیان له‌ هۆڵۆكۆست وه‌رنه‌گرتبێت. بۆیه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی وڵاته‌كانیان نه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ناچاربن پاشه‌كشێ‌ له‌ به‌هاكانی خۆیان بكه‌ن بۆ پاككردنه‌وه‌ی ئه‌وروپا، په‌نا ده‌به‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ له‌باره‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدان و له‌دایكبوونی ده‌یان گرووپی دیکەی هاوشێوه‌ی قاعیده‌ و داعش و حه‌شد و گرووپگه‌لی دیکە له‌ وڵاتانی ئیسلامی و هه‌نارده‌كردنی تووندڕه‌وه‌كانی ئه‌وروپا وه‌ك وزه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌و شه‌ڕ و كاولكارییانه‌ی جیهانی ئیسلامی به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌یبینن. 

پێویسته‌ ناوه‌نده‌ زانستییه‌كانی جیهانی ئیسلامی، ده‌وڵه‌تانی ئیسلامی كه‌ بوونه‌ته‌ منداڵدانی له‌دایكبوونی ئه‌و گرووپه‌ تووندڕه‌وانه‌ی ناو ئیسلام، به‌ وردی بیر له‌ داهاتووی ئیسلام و كۆمه‌ڵگەكانی و نه‌وه‌كانی داهاتوویان بكه‌نه‌وه‌. چاره‌سه‌ریش ته‌نها له‌ یه‌ك رێگه‌وه‌ ده‌كرێت ئازایه‌تی ئه‌وه‌ بنوێنن چاكسازی له‌ ئایینه‌كه‌ بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی مارتن لۆسه‌ر كردی و ئاشتی و سه‌قامگیریی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ناو ژیانی تاك و كۆمه‌ڵگەكانی په‌یڕه‌وكاری مه‌سیحییه‌ت. ده‌بێت ئه‌زهه‌ر و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی خۆیان وه‌ك پارێزه‌ری ئایینی ئیسلام ده‌نوێنن، به‌ كردار ئیسلام بكه‌ن به‌ ئایینی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ به ‌دڵنیاییه‌وه‌ ساڵانی داهاتوو دۆزه‌خی قیامه‌ت له‌سه‌ر زه‌وی له‌ناو كۆمه‌ڵگە ئیسلامییه‌كاندا ده‌بینین.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق