وردەکاری جوڵەپێکردنی سێ هەزار پۆلیسی فیدڕاڵی بۆ شنگال

ليست هناك تعليقات


لە ماوەی دو رۆژی رابردودا سێ هەزار پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق گوازراونەتەوە بۆ دەوروبەری قەزای شنگال و لە ئێستاشدا وەک دوەم پشتێنەی ئەمنی قەزاکە جێگیرکراون، قائیمقامی قەزاکەش رایدەگەیەنێت، بەپێی رێککەوتنی هەرێم و عێراق دەبێت گروپە چەکدارەکان ناوچەکە چۆڵبکەن یان بچنە ناو هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی یان سوپاوە.

مەحما خەلیل، قائیمقامی قەزای شنگال راگەیاند، لە کاتژمێر 12:00ی شەوی 19ی ئەم مانگەوە سێ لیوای پۆلیسی فیدڕاڵی پارێزگار کەرکوک کە پێهاتون لە سێ هەزار کەس هاتنە شنگال، لە ناوچەکانی باشور و باکور بڵاوەیان پێکرا، بەشێک لە هێزەکە براوەتە دەڤەری خانەسۆر و لە گوندەکانی دەوروبەری ناوچەکە جێگیرکراون، هەروەها بەشێکی دیکەیان لە دۆمیز و ناحیەی گرازێر جێگیرکراون.

جوڵەپێکردنی ئەو هێزە لە چوارچێوە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ براوەتە ناوچەکە 


ئاماژەی بەوەشکرد، جوڵەپێکردنی ئەو هێزە لە چوارچێوە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ براوەتە ناوچەکە و دەبێت هێزەکانی دیکەی وەک یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) لەناوچەکە بچێتە دەرەوە، پێویستە ئەو هێزە کۆنتڕۆڵی سنوری نێوان عێراق و سوریا بکات.

قائیمقامی قەزای شنگال باسی لەوەشکرد، "بەپێی رێککەوتنەکە پۆلیس و ئاسایشی نیشتیمانی لەناو شاردا دەبن، پاشان لە دوری پێنج کیلۆمەتر بازنەی دوەم دروستدەکرێت، کە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی و پێشمەرگە و حەشدی شەعبیەوە دروستدەکرێت".

هێزەکانی یەبەشە رێگەیان پێدەدرێت بێنە ناو پۆلیسی فیدڕاڵی یان حەشد یان سوپای عێراق، بەڵام بەمجۆرەی ئێستا جێگەیان نابێتەوە

لەبارەی مانەوەی هێزەکانی یەبەشە لە شنگال، مەحما خەلیل رونیکردەوە، "وەکو قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق باسی کرد، رێگەیان پێدەدرێت بێنە ناو پۆلیسی فیدڕاڵی یان حەشد یان سوپای عێراق، بەڵام بەمجۆرەی ئێستا جێگەیان نابێتەوە و نابێت یەبەشە بمێنێتەوە، ئەوە فرسەتێکە بۆیان یان دەبێت شنگال چۆڵ بکەن یان بێنە ریزی هێزەکانی عێراقەوە".

لەبارەی ئەگەری نەکشانەوەی هێزەکانی یەبەشە لە شنگال، قائیمقامی قەزاکە وتی، "رێککەوتنی هەرێم و بەغدا بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتوەکان واژۆکراوە و دەبێت سەرجەم لایەنەکان پابەندبن بە بڕیارەکانی دەوڵەتی عێراقەوە و جێگەی ئەوان لە شنگال نەماوە".

9ی مانگی رابردو، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە چاودێری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران رێککەوتنێکیان واژۆکرد، حکومەتی عێراق بە رێککەوتنی "مێژویی" ناویبرد و رایگەیاند، بەگوێرەی دەستور ئەنجامدراوە کە پێگەی دەسەڵاتی فیدڕاڵی لە قەزای شنگال بەهێز دەکات و کۆتایی بە پێگەی گروپە چەکدارییەکان دەهێنێت.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆک وەزیران عێراق رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە بەهەماهەنگی حکومەتی هەرێم جێبەجێدەکرێت و هاوکار دەبێت بۆ دوبارە بونیاتنانەوەی شارەکە و گەڕانەوەی دانیشتوانە رەسەنەکەی بۆ ناوچەکانیان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif