رۆژنامەیەکی پاکستانی: ئەیمەن زەواهیری مردووە

ليست هناك تعليقات


سەرچاوە هەواڵگرییەکانی نێو ئەفغانستان و پاکستان، بە رۆژنامەیەکی پاکستانیان راگەیاندووە، ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە لە ئەفغانستان گیانی لەدەستداوە.

رۆژنامەی 'عەرەب نیوز'ی پاکستانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، سەرچاوەکانی نێو پاکستان و ئەفغانستان گیانلەدەستدانی زەواهیرییان بۆ دووپاتکردووەتەوە. رایگەیاندووە دوو لەو سەرچاوانە گوتوویانە "زەواهیری مردووە"، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەڵێن کوژراوە، بەبێ ئەوەی ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن.

زەواهیری تەمەن 69 ساڵ، لە نامەیەکی تۆمارکراوی ڤیدیۆییدا ئەمساڵ لە ساڵیادی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریکادا، دەرکەوت.

نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتێکی خۆیدا لە حوزەیرانی رابردوو، لەبارەی چالاکیی گرووپە تیرۆریستییەکان ئاشکرایکردبوو، قاعیدە بەنهێنی لە 12 ناوچەی ئەفغانستان جموجووڵی هەبووە و زەواهیری سەرکردەشی، لە ئەفغانستان دەژی.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە کۆی ژمارەی چەکدارەکانی قاعیدە لە ئەفغانستان، لە نێوان 400 تاوەکو 600 چەکداردایە.

کەسی دووەمی رێکخراوەکە (ئەبو محەممەد میسڕی) کە تۆمەتباربوو بە پلاندانان و جێبەجێکردنی تەقینەوەی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە نایرۆبی و دارولسەلام لە ئەفریقیا، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا. بۆیە کوژرانی زەواهیری، کێشە بۆ جێگرتنەوەی کەسی یەکەمی قاعیدە دروستدەکات، چونکە لە ماوەی رابردوودا، ئەو رێکخراوە دوو لە گەورەترین پاڵێوراوەکان بۆ جێگرتنەوەی زەواهیری لە سەرۆکایەتی رێکخراوەکەدا لەدەستداوە.

رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'ی ئەمریکی هەفتەی پێشوو ئاشکرایکرد، "ئەبو محەممەد میسری، مانگی ئابی رابردوو لە ئێران لەسەر دەستی سیخوڕانی ئیسرائیلی و بە فەرمانی ئەمریکا کوژراوە. ئەمە جیا لەوەی کە بەپێی سەرچاوە ئەمریکییەکان، لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، هێزەکانی ئەفغانستان توانیویانە 'ئەبو موحسین میسری' یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی قاعیدە بکوژن.

ئەبو محەممەد و ئەبو موحسین، دیارترین دوو سەرکردەی رێکخراوی قاعیدە بوون بۆ شوێنگرتنەوەی ئەیمەن زەواهیری، هەروەها هەردووکیان دیارترین داواکراوانی ئاژانسی 'سی ئای ئەی' ئەمریکی و دامەزراوە ئاسایشییەکانی ئەمریکا بوون.

زەواهیری دووەم کەسایەتی دیاری رێکخراوی قاعیدەبوو، ئەو ساڵی 2011 لە پاش کوژرانی ئوسامە بن لادن سەرۆکایەتی رێکخراوەکەی لە ئەستۆ گرت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif