لە دانوستانەكانی بەغداد و هەولێردا واشنتۆن چی دەکات؟

ليست هناك تعليقات


هەرێمی كوردستان ئامادەیی نیشان دەدات هەركات پێویست بێت وەفدی حكومەت بچێتەوە بەغداد بۆ دانوستان، یەكێتی داوا دەكات دەسەڵات بدرێت بە وەفدەكە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتن و ئەمریكاش بەراورد بە رابردوو دەیەوێت رۆڵێكی بێلایەنانەتری هەبێت لە كێشەكانی بەغداد و هەولێردا.ئەوانە جگە لە بڕیاری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دروستكردنی لیژنەیەكی بەدواداچوون بۆ كێشەكانی هەرێم و ناوەند.

وەفدەكە ئامادەیە
دوای گەڕانەوەی لە گەشتەكەی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم كە پێكهاتوون لە جێگری سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك كۆبووەوە و وەفدەكەی بە لایەنی فەرمی گفتوگۆ ناوبرد لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە كرایەوە كە شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵ و توانایەكی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی.
هەر لە كۆبونەوەكەدا، ئاماژە بەوەدرا كە شاندی هەرێمی كوردستان لە هەر كاتێك بە پێویستی بزانێت، ئامادەیە سەردانی بەغدا دەكات.

یەكێتی: وەفدەكە دەسەڵاتی هەبێت
لەبارەی چوونی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد كە جێگری سەرۆكی حكومەت لە پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی وەفدەكە دەكات، یەكێتی داوادەكات دەسەڵات بدرێت بە وەفدەكە بۆ رێككەوتن.
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند : دەبێت حكومەت پەلە بكات لە ناردنی شاندێكی خاوەن بڕیار بۆ بەغدا تا چیتر ماف و موچەی موچەخۆرانی هەرێم دوا نەكەوێت و گەلەكەمان پەراوێز نەخرێت.
ئاماژەی بەوەشدا كە سەرقاڵن و خەریكن و چوون بۆ بەغدا، دەبێت حكومەت تیمێك بنێرێت لەم هەفتەیەدا، هەوڵیانداوە دۆخەكە هێوربكەنەوە لە بەغدا و چاوەڕوانی ئەوەن حكومەت تیمێك بنێرێت بۆ ئەوەی دانوستان دەستپێبكات و موچەی ئەم دو سێ مانگە وەربگرن.

ئەمریكا: بێ‌ لایەن دەبین
ئەگەرچی لەماوەی رابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد رۆڵی بەرچاوی دەگێڕا لە نزیكخستنەوەی هەولێر و بەغداد و تەنانەت دەوترا كڵێشەی رێككەوتنەكەش لە باڵیۆزخانەكەدا نوسراوە، بەڵام ئەمجارە ئەمریكا دەیەوێت بێ‌ لایەن مامەڵە بكات.
ماسیۆ تۆڵەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لە وتەیەكدا لە كۆنفرانسی ساڵانەی ژوری بازرگانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەمەریكا نابێتە لایەنگر لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقدا و نێوەندگیریی ناكات لەنێوانیاندا. 
وتیشی، پێیوانییە وڵاتەكەی دەستوەردان بكات لەو پرسەدا، بەڵكو ئەوەی بەلای واشنتۆنەوە گرنگە ئەوەیە هەردوولا بگەن بە رێككەوتن و كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

پەرلەمان لیژنە پێكدەهێنێت
هاوكات لەگەڵ پێشهاتەكانی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد و فشارەكانی رێككەوتن، ئەنجومەنی نوێنەران، لیژنەیەكی لە هەشت پەرلەمانتار پێكهێنا بۆ ئەوەی دیالۆگ لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە و گرفتە دیارەكانی نێوان هەردولا.
بەپێی نوسراوێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە واژۆی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنەكەی لەسەرە، بڕیاردرا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی كاتی لە هەشت پەرلەمانتار بەمەبەستی ئەنجامدانی دیالۆگ لەنێوان بەغداد و هەولێر بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بەپێی دەستور و یاسا و دادپەروەری لەدابەشكردنی سامان لەنێوان خەڵك و رەچاوكردنی بەندە یاساییەكانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021. ئا: پەیسەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif