ئەولاترچێ

ليست هناك تعليقات


 پەیكار عوسمان
-
سیاسەت لە باڵاترین وێنەیدا، ئەوەیە کە ئەو تیایدا سەنتەرە. هەموو ئەوەکانیش یەکسانن بەگشتێك و لێرەشەوە سیاسەت ئەبێ بە بەرژەوەندی گشتی. سیاسەت لە مانا نزمەکەیدا من سەنتەرم. کۆمەڵگاش لە هەموو منەکان پێكهاتووە، ئیتر سیاسەتیش ئەبێت بە بەرژەوەندی سەخسی و ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی.
سیستەمی ئێستای جیهان، تێکەڵەیەکە لە هەردو سیاسەتەکە. لە هەنێ گۆشەیدا، سیاسەت هەڵکشاوەو کراوەتەوە بەسەر شتە باڵاو گشتییەکانی وەکو مافی مرۆڤ و ژینگەی جیهانی.. لە هەنێ ڕەهەندیشەوە داخراوە بەسەر خۆیداو چۆتەوە ناو شتە بەشەکی و بچوکەکانی وەکو هەژمنوکارییە سەربازی و ئایدۆلۆژی و ئابورییەکان و خیتابی ڕەگەزپەرستی و پۆپۆلستی..

سیاسەتی باڵا، دەرچوونە لە خۆت لەپێناو گشت. سیاسەتی گرگن، خۆ بە چەقکردن و هێناوەی هەموو شتێکە بۆ خۆت. زەقترین نمونەی داکشان و گەڕانەوەش لە باڵاییەوە بۆ گرگنیی، ترەمپە کاتێ لە زۆر شتی باڵاو جیهانیی وەکو مەسەلەی ژینگەو تەندروستی ئەکشێتەوەو دیتە خوارەوە بۆ خیتابی ئەمریکاچێتی. ئەمریکاکەشت بۆ ئەشێوێنێ و گومان ئەخاتە سەر یاساو دامەزراوەو هەڵبژرادن و هەموو شتێکی!

یەعنی ئەوسەری سیاسەتی ترەمپ، ئەمریکا نیە، ترمپ خۆیەتی. ئەمریکاکە تەنیا شیعارێکی ناسیۆنالستی و پۆپۆلستییە بۆ شاردنەوەی ترەمەپەکە. ئەمریکاسەنتەرییەکە لەڕاستیدا ترەمەپسەنتەرییبوو. ئەمەش وانەیەکی باشە بۆ ئێمەو یەعنی هەر سەرکردەیەك گەڕایەوە بۆ خیتابی پۆپۆلستی و ناسیۆنالستی و فووکردنە جەماوەر، لەڕاستیدا گەڕاوەتەوە بۆ ئیگۆو ئەنانییەتی خۆی، نەك بۆ گشت و خەڵك و نەتەوە!

سیاسەت ئەوەیە کە گشتییە. خاڵی هاوبەشی ترەمپ و سیاسییەکانی ئێمەش، بێقیمەتکردنی ئەوەیە کە گشتییە لەپێناو خودی خۆیان. لێرەشدا ڕۆشتنی ترەمپ، ڕەنگە شتێکی ئەوتۆ لە دنیا نەگۆڕێت، بەڵام لەوێدا گرنگە، کە شکان و پاشەکشێ ی مۆدێلێكە لە سیاسەت. "سیاسەتی بێئەرزشکردنی سیاسەت"!
لەسەر ئاستی کەسی و تایبەتی، ڕاوەدینار شتێکی ناشرینەو کەسێك کە هەر خەریکی ئەوەیەو خەریکی هیچی تر نیە، ئەگەر هیچ زەرەری بۆ کەس نەبێ و بە حەڵاڵییش بیکات، هێشتا هەر ناشرینە. دەی ئەگەر یەکێك لە مەجالی گشتی و لە لوتکەی سیاسەتی جیهاندا وا بیربکاتەوەو هەموو سیاسەت کورتکاتەوە لە ڕاوە دۆلاردا، ئەبێ چەن ناشرین بێت؟!

کێشەکەش هەر ئەوەنیە کە ناشرینە، ئەوەیە کە سیاسەت، لە نزمیداو لە ئەخلاق پەراوێزیی و بەرژوەندی سەنتەرییشدا، هێشتا هەر زیاترە لە ڕاوەدۆلارو بازرگانییەکی پەتیی، بەڵام ئەم کابرایە تا ئەوێ شتەکەی هێنایە خوارەوە!
سیاسەت جیاکردنەوەی ئەوەیە کە گشتییە لەوەی کە تایبەتییە. پاراستنی ئەوەیە کە تایبەتە لەناو گشتییەکەداو پاراستی ئەوەیە کە گشتییە لەناو تایبەتەکاندا. سیاسییش ئەوەیە کە لە دنیای تایبەت تێئەپەڕێ بۆ دنیای گشتی. ناسیاسیش ئەوەیە کە چۆتە دنیا گشتەکەوە بەبێ ئەوەی دنیا تایبەتەکەی تێپەڕاندبێ و وائەزانێ ئەمیش هەر هی خۆیەتی!

جا چوارساڵ لەمەوپێش ئەمریکییەکان غەڵەتێکی گەورەیان کرد، ناسیاسییەکیان خستە لوتکەی سیاسەتی ئەمریکاو جیهان. ئێستا خەریکی ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیەن. ترەمپ بە چوارساڵ کۆمەڵگای ئەمریکای پەرتکردو زۆر شتی شێواند، بەڵام هێشتا ئەمریکا، بایی ئەونە هۆشیاری و یاساو دامەزراوەی هەیە، کە خۆی ئەپدەیت بکاتەوە. وەلێ ئەگەر ببووایە بە هەشت ساڵ، ڕەنگە ڕاستکردنەوەی زۆر قورستبووایەو باجی زۆر گەورەی ئەمریکییەکان و جیهانیشی بویستایە!

لێرەدا هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەبەستمەوە بە هەڵبژاردنەکانی خۆمان و هەنێ درۆی پێ بەتاڵئەکەمەوە. مەسەلەن حیکایەتی "گەنج و پیر" یەکێکە لە درۆ پۆپۆلستییەکانی دنیای ئێمەو لەڕاستیدا نە گەنجیی خۆی لەخۆیدا فەزڵێکی سیاسییەو نە پیریی عەیبەیەکی سیاسییە. بەڵکو سیاسەت تەنیا لە چاکەی گشتیدا فەزیلەتەو گەنج و پیریش تەنیا لەوێدا سیاسیی ڕاستەقینەن.
گەنجیی نیشانەی پۆپۆلستی و کاڵفامی نیە، ئەوەتا ترمپ بە حەفتا ساڵەوە وایە. پیری نیشانەی خڵەفان و نائومێدی نیە، ئەوەتا بایدن بە نزیکی هەشتا ساڵەوە جێگای ئومێدی ئەمریکییەکان و لایەکی جیهانە. ئەو گەنجانەشی ئێمە کردمانن بە پەرلەمانتارو وەزیرو سەرۆك و مەکتەب سیاسی.. هەمان مەعدەنی پیرەکان بوون و بڕێ خراپتریش. پیرەکانیشمان جگە لە فەسادو خەلەلیی ئەخلاقیی، خەلەلی ناکامڵییشیان هەیەو زۆر موراهەقەی سیاسیمان لێ بینین!

یەکێکی تر لە درۆکانی سیاسەتی ئێمە، مەسەلەی تاقیکردنەوەیە. ئەوان خراپن قەیچێکا چوارساڵیش ئێمە تاقیکەنەوە..
ئەمریکییەکان لە کەسایەتی ترەمپدا ویستیان شتێکی جیاواز تاقیکەنەوە، بەڵام گەورەترین هەڵەیان کرد. چونکە سیاسەت جلوبەرگ و نانخواردن و حەزی تایبەتی نیە، تا بە ئارەزووی خۆت مۆدێل و تام و دەموچاو تاقیکەیتەوە.. سیاسەت بەرپرسیارێتی گشتییەو ئەبێ بنەمای ئەخلاقی و مەعریفی و هۆشیاری هەبێ نەك بنەمای حەزی و زەوقی و مەزاجی. یەعنی کاتێ پارتی و یەکێتی دزن، مانای ئەوەنیە تۆ دزی تر تاقیکەیتەوە، بەڵکو ئێمە ئەبێ، کۆی سیاسەتی دزی بگۆڕین بە سیاسەتێکی ئەخلاقیی.

واز لەوانە بێنە، ئەوەی لەئێستادا بۆ ئێمە گرنگە، ئەم شەڕەیە کە نەکرێت. کە ئەمەش هەر پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە هەیەو ڕەنگە ئەو پەلەپەلەی تورکیا لە پارتی ئەکات، مەسەلەکە ترسبێ لە سیاسەتی بایدن بۆ کلکوگوێکردنی ئەردۆگان. جا هەم پارتی تۆزێ قنەقنی تیابکاو هەم پەکەکەش دووسێ گردو تەپۆلکە چۆڵکاو هەم منو تۆش مەنهۆڵەکەی دەممان داخەین، کات کوشتنێکی باشە، لە چاوەڕوانی سیاسەتی نوێ ی ئەمریکادا.
ئەمریکییەکان هەر چوار ساڵ تەحەمولی سیاسەتی پەرتکردن و کەراهییەتیان کردو زوو کۆتاییان پێهێنا. ئێمە شەست ساڵە لەناو سیاسەتی پەرتکردن و کەراهییەتداین و لێشی بێتاقەت نابین و بەردەوام بەرهەمی ئەهێنینەوە!
سەیرکە، ئەم ئەڵی نا بۆ شەڕی ناوخۆو لەگەڵیا جنێو بە پەکەکە ئەیا. ئەو ئەڵێ نا بۆ شەڕی براکوژی و لەگەڵیا جنێو بە پارتی ئەیا. دەی ئەزیزم شەڕەکە تۆیت و نا بۆ ئەم شەڕەی تۆ. ئەوە تۆی دەستتپێکردوە، خۆ ئەوان خۆیان هێشتا دەسیان پێنەکردوە!

ناشرینترین شت، بێلایەنییە لەنێوان زاڵم و مەزڵومدا. بەڵام زاڵم ئەونەی کە عەقڵیەتێکە، ئەونە ئەحزاب و ئەشخاس نیە. منو تۆش کاتێ کە بە هەمان عەقڵیەتی پارتییەوە، دژایەتی پارتی ئەکەین، لەڕاستیدا ئەمە هەڵوێست نیە، ئەمە هەر قووڵکردنەوەی ستەمە بەڵام بە شێوازێکی ترو لێرەدا تەنیا شێوازەکە جیایە نەك عەقڵیەت و ئەخلاقییەت. لەڕاستیدا پارتی بە دژەپارتی لاواز ناکرێ، پارتی بە ناپارتی لاوازئەکرێ. چونکە دژەپارتی هەر پارتییە بە دیوەکەی تردا. بەڵام ناپارتی ئەوەیە کە خۆی لەخۆیدا شتە، نەكئەوەی لە دژەپارتیبووندا شتبێ!

سیاسەت لە سەرەوەیدا، ئەوەیە کە کۆکەرەوەیەو هاوبەشی و تۆلێرانس دروستئەکاو بنیاتنەرە. سیاسەت لە خوارەوەیدا، ئەوەیە کە پەرتکەرەو ڕق و دابەشی دروستئەکاو ڕوخێنەرە. ئێمەش لە خواری خوارەوەی سیاسەتداین و زۆریش بە توندی دەسمان بەوێوە گرتووە. ئیتر دیندارو بێدینمان، چەپ و ڕاستمان، موعارەزەو دەسەڵاتمان، پارتی و دژەپارتیمان، کوردایەتی و ئەنتی کوردایەتیمان.. هەمووی هەر ڕق بەسەر ئەویتردا ئەبارێنێ و هەمووشی خۆی پێ جیایە لەو. لەکاتێکا ئەمانە هەموویان هەر هەمان شت ئەکەن و بەوەش هەموویان هەر ئەبنەوە بە هەمان شت!
سیاسەت لە مانای ڕاستەقینەیدا، کاری تۆیە بۆ ئەو، یان لانیکەم کاری تۆیە لەگەڵ ئەو. سیاسەت لە مانای موزەییەفیدا، ڕقی تۆیە لەو. ئێمەش خەریکی ئەمەی دووەمین و وائەزانین سیاسەت ئەکەین! ئێمە ڕقمان یەکسان کردوە بە سیاسەت و کاتێ خەریکی ڕقین، وائەزانین خەریکی سیاسەتین. لەکاتێکا سیاسەت شتێکە لەدوای ڕقەوە دەستپێئەکاو بۆ کۆتاییهێنان بەوەش دێت! سیاسەت بان ڕقەو گشتییە. ئەوەی ئێمە خودی ڕقەو بەرژەوەندی تایبەتییە. یەعنی لەڕاستیدا، ئێمە هێشتا دەستمان نەکردوە بە سیاسەت، ئەگەرچی زۆریش مەشغوڵی سیاسەتین.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق