هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی عێراق و چین رەتدەکرێتەوە

ليست هناك تعليقات



ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە رێککەوتنامەی عێراق و چین هەڵوەشابێتەوە و رێککەوتنی میسری شوێنی گرتبێتەوە، وەک ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باسی لێوەدەکرێت.

سالم تحمیر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رێککەوتننامەی چین کە لەسەردەمی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی واژۆی کراوە تاوەکو ئێستا ماوە، هیچ کێشەیەکی نییە، لەوکاتە هیچ رێکارێک نییە لەبارەی ئەو رێککەوتنە، بەهیچ شێوەیەکیش هەڵنەوەشاوەتەوە وەک ئەوەی هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن.

سەبارەت بە جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنە، ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان دەڵێ، دۆخی ئابووری، تەندروستی و قەیرانی کۆرۆنا لە وڵات، گرفتیان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دروستکردووە، کە رێککەوتنێکی باشە، کاریگەری بۆ سەر ئابووریی وڵات دەبێت و وەبەرهێنانی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان دەڵێت پەرلەمان پاڵپشتی حکومەت دەکات بۆ هەر رێککەوتنێک لەگەڵ هەر وڵاتێک، ئەگەر لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق بێت و خزمەتی وڵات بکات.

مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق سەردانی چینی کرد، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە رێککەوتنی هاوبەشیان واژۆکرد، کە چەندین بواری جیاجیای لەخۆ گرتووە.
رێكکه‌وتنه‌ بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ به‌بێ سه‌پاندنی مه‌رجی قورس له‌نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌كاتی دروستبونی گرفت و تێكچوونی كه‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان دەسته‌ی باڵای نێوده‌وڵه‌تی نێوه‌ندگیری ده‌كات.

بەپێی رێککەوتنەکە رۆژانه‌ عێراق 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌هه‌ردوو كۆمپانیای (زنهوا، سینوك)ی چینی ده‌فرۆشێت. ئاستی به‌شداری بانكی چین بۆ سندوقی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا 10 ملیار دۆلار ده‌بێت، له‌ ئەگەری سه‌ركه‌وتنی قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كان، عێراق راده‌ستكردنی نه‌وت به‌ كۆمپانیا چینیه‌كان بۆ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌رۆژێكدا زیاد ده‌كات، چین بڕی پێدانی پاره‌ بۆ 30 ملیار دۆلار زیاد ده‌كات.

لە رێککەوتنی عێراق و چین هاتووە، پاره‌كانی سندوقه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات تەرخان دەکرێت، بۆ ‌بواره‌كانی دروستكردنی فڕۆكه‌خانه‌، خوێندنگه‌، قیرتاوكردنی رێگاوبانه‌كانی ده‌ره‌وه‌، دروستكردنی هێڵی ئاسنین، پاكکردنه‌وه‌ی ئاوی دیجله‌، فورات و شه‌تولعه‌ره‌ب، دروستكردنی یه‌كەی نیشته‌جێبوەن، جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی وزه‌، پرۆژه‌كانی ژێرخان، جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی دیكه‌ له‌سه‌ر داواكاریی حكومه‌تی عێراق.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif