هەموو شتێكمان لەدەستدا

ليست هناك تعليقات



بەشێک لە خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچانەی کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی چەند رۆژێک پێش ئێستادا ئەرمینیا ناچاربوو لێیان بکشێتەوە و رادەستی ئازەربایجانیان بکات، ئێستا لە قوتابخانەیەکی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەمێننەوە و ژیانێکی سەختیان هەیە.

مارینا گریگۆریان، ئاوارەیەکی ئەو ناوچانەیە و دەڵێت "هەموو شتمان لەدەستدا، ئەم ژیانە هیچ واتایەکی نییە".

ئارمان مۆڤیسیسیان، ئاوارەیەکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات "ئازاربەخشە! خەڵک ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، خەڵکی شوێنی مانەوەیان نییە، هەموومان لێرە کۆبووینەتەوە".

رووسیا رۆڵێکی گەورە لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەدا دەگێڕێت. وەزیری ئابووریی رووسیا دەڵێت، ئەرمینیا داوای لێکردوون لە دابینکردنی شوێن بۆ خەڵکی ئاوارەدا یارمەتیدەربن و وەزیری بارە لەناکاوەکانی رووسیاش دەڵێت، کار لەسەر چەند پرۆژەیەک دەکەن بۆئەوەی شوێنی مانەوە بۆ خەڵکی ئاوارە دابینبکەن.

یاڤگنەی زینیچیڤ، وەزیری باری لەناکاوی رووسیا لەبارەی دابینکردنی شوێن بۆ ئاوارەکانی ئەرمینیا رایگەیاند، "چاوەڕێ دەکرێت ژمارەیەکی بەرچاو خەڵکی ئاوارە بگەنە ناگۆرنۆ قەرەباخ. دەکرێت ژمارەکەیان بگاتە 30 هەزار کەس، ئەوە لەکاتێکدایە ژێرخانی ئێستا تەنیا بۆ 5 هەزار کەس گونجاوە. چەند چارەسەرێکمان لەبەرچاوە بۆ دابینکردنی شوێن بۆ خەڵکە ئاوارەکە، لەوانەش دروستکردنی خانوو بەخێرایی".

شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کۆتایی مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و نزیکەی 6 هەفتە بەردەوام بوو.

ئەرمینیا کوژرانی 2317 سەرباز و چەکداری خۆی لە شەڕەکەدا راگەیاند، بەڵام ئازەربایجان هیچ زانیارییەکی لەبارەی ژمارەی سەربازانی کوژرراو و برینداری خۆی بڵاونەکردەوە.

بەگوتەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەو شەڕەدا نزیکەی 4 هەزار کەس کوژران و دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif