سەرۆکی پەرلەمان: پێویستە هەموو لایەک دان بەخۆدا بگرن و دایەلۆگ چارەسەرە

ليست هناك تعليقات



سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان "هەموو جۆرە شەڕێکی براکوژی و خۆبەخۆیی تەحریم و تەجریم کردووە و وەکو تاوانێک دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و خاکی کوردستان دەیبینێت، و بۆ ھەردۆخێکی گرژی و لەساتی بوونی ھەر کێشەیەکیشدا رێگەی دیالۆگی کردووە بە بژاردەی سەرەکی بۆ چارەسەری تەواوی گرفتەکان".

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، پەرلەمان "لەم هەلومەرجەشدا دەبێت بەرپرسیاربێت لە دەستپێشخەریی ئاشتییانە و رەخساندنی زەمینەی لێکگەیشتن و دوورخستنەوەی ئەگەری شەڕی براکوژی".

سەرۆکی پەرلەمان داوایکردووە ھەمووان دیدی نیشتمانی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی زاڵ بکەن، و "ئامانجە بچووکەکانی حزبایەتیی تەسک و دیدی ھەژموونخوازی و قۆڵبادان بەلاوەبنێن، و رێز لە ئیرادەی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان بگرن کە شەڕی خۆبەخۆ وەکو کردەیەکی ناڕەوا و تاوان دەبینێت".

دەقی راگەیێندراوی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان:

لەکاتێکدا زیاد لەقەیران و نەھامەتییەک بەرۆکی کوردستان و خەڵکەکەی گرتوە، و ئاسەوارەکانی پەلاماری داعش و قەیرانی دارایی و پەتای کۆڕۆنا بە ھەموو جومگە و جێگەیەکی ھەرێمەکەمانەوە کاریگەریی جۆربەجۆری نەرێنی داناوە، لەم کاتەدا لەھەر کاتێک زیاتر پێویستیمان بە تەبایی سیاسی، یەکڕیزیی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و پێکەوەسازانی نیشتیمانییە.

گەلی تێکۆشەری کوردستان وێڕای خۆڕاگریی کەم وێنە، بەڵام دیسان ماندووی نەھامەتیەکانی ڕۆژگاری زوڵم و زۆری داگیرکەرانە و ھێشتا برینە گەورەکانی ناو مێژووی نوێمان، لە ئەنفال و ھەڵەبجە و پەلامارە دڕندانەکانی داعش خوێنیان لێدەچۆڕێت، ماک و شوێنەواریی شەڕەکانی ناوخۆ لە مێژووی دوور و نزیکماندا نەسڕاونەتەوە، ھێشتا وێڕای بەخشینی ڕوبارێک خوێنی شەھیدان بەڵام قەوارەی سیاسی هەرێم و دەسکەوتە دەستوریەکانمان لەمەترسی دەرباز نەبوون، و گەلەکەشمان لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەچاوەڕوانی ئاسایی بوونەوەی دۆخی شارەکانیان و جێبەجێبونی ماددەی140 ی دەستوورن.

لەم سەروبەندەدا جۆشدانی ململانێی نوێی خۆبەخۆ، و سەرکێشی و بەهەندوەرنەگرتنی دۆخی قەوارەی سیاسی هەرێم و دامەزراوە دەستوورییەکانی مایەی نائومێدییە، گەلی کوردستان لەبری ئاڵۆزی و گرژی نێوان ھێز و لایەنە دژبەرەکان، چاوی لە یەکڕیزی و تەباییە، چاوەڕوانی سازانی حزبەکان و پێکەوەھەڵکردن و قوڵکردنەوەی گیانی ئاشتەوایی نیشتیمانی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردیە.

پەرلەمانی کوردستان کەپێگەی دەستوریی ڕەوا و نوێنەری ئیرادەی گەلی کوردستان و مەرجەعی سیاسیەتی، هەموو جۆرە شەڕێکی براکوژیی و خۆبەخۆی تەحریم و تەجریم کردوە و وەکو تاوانێک دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و خاکی کوردستان دەیبینێت، و بۆ ھەردۆخێکی گرژی و لەساتی بوونی ھەر کێشەیەکیشدا ڕێگەی دیالۆگی کردووە بە بژاردەی سەرەکی بۆ چارەسەری تەواوی گرفتەکان، و لەم هەلومەجەشدا دەبێت بەرپرسیار بێت لە دەستپێشخەریی ئاشتیانە و ڕەخساندنی زەمینەی لێکگەیشتن و دوورخستنەوەی ئەگەریی شەڕی براکوژیی.

لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە ھەموان دیدی نیشتیمانی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی زاڵ بکەن، و ئامانجە بچوکەکانی حزبایەتی تەسک و دیدی ھەژمونخوازیی و قۆڵبادان بەلاوەبنێن، و ڕێز لە ئیرادەی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان بگرن کە شەڕی خۆبەخۆ وەک کردەیەکی ناڕەوا و تاوان دەبینێت.

شەڕ و گرژی و ئاڵۆزی خۆبەخۆ و نەسازانی ھێزە سەرەکییە کوردستانییەکان لەم ڕۆژگارە دژوارانەی کە ئێستا کوردستان و ناوچەکە و جیھان تیایدا گوزەر دەکەن بەڵا و نەھامەتیەکی گەورەیە، بەڵایەک ھەموان تیادا دەدۆڕێین، کەئەمەش تاوانێکە گەلی کوردستان لەبەرانبەریدا بێدەنگ و لێبوردە نابێت، بۆیە دەبێت لەم ساتە ھەستیارانەدا ھەموان دانبەخۆدابگرن و لۆجیکی ئاشتی و بژاردە سیاسی و ئەقڵانییەکان زاڵ بکەن و بیر لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بکەنەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق