باوك سه‌رۆك، دایك جێگرى سه‌رۆك، كچ شازاده

ليست هناك تعليقات


وێنه‌یه‌كى سێڵفى خێزانى سه‌رۆكایه‌تى ئازه‌ربایجان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌جارێك سه‌رنجى میدیاى جیهانى خسته‌ سه‌ر خێزانه‌ فه‌رمانڕه‌وا ئازه‌رییه‌كه‌، كه‌ هه‌موویان پێكڕا نوێنه‌رایه‌تییه‌ دیبلۆماسیه‌كانى وڵاتیان پێكهێناوه‌، سه‌رۆك هاوسه‌ره‌كه‌ى خۆى كردووه‌ به‌ جێگرى و كچه‌كه‌شى شازاده‌ى وڵاته‌، هه‌موو ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ له‌ پۆسته‌ هه‌ستیاره‌كانى وڵاتدان.
ئازه‌ربایجان ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاواى كیشوه‌رى ئاسیا، له‌ كۆندا یه‌كێك بووه‌ له‌ كۆماره‌كانى یه‌كێتى سۆڤیه‌تى پێشوو ئه‌گه‌رچى وڵاتێكى عه‌لمانییه‌، زۆرینه‌ى وڵاته‌كه‌ موسڵمانن و له‌ مه‌زهه‌بى شیعه‌ن، سوننه‌كانى وڵاته‌كه‌ ته‌نها سه‌دا 15ى موسڵمانانى ئازه‌ربایجان پێكده‌هێنن. 

یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ى تا ئێستا كێشه‌ى سنووریى هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌رمینیاى دراوسێى له‌ شه‌ڕدایه‌، ساڵى 1991 سه‌ربه‌خۆیى له‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌ت به‌ده‌ستهێنا، له‌ سه‌ره‌تادا دوو سه‌رۆك له‌سه‌ر حكومكردنى سزایان خواردووه‌، تا ساڵى 1993 و گه‌یشتنى حه‌یده‌ر عه‌لیێف به‌ ته‌ختى ده‌سه‌ڵات، حه‌یده‌ر په‌یڕه‌وى دیموكراسى نه‌كردوو تا 2003 له‌سه‌ر ته‌خت مایه‌وه‌. 

نه‌ریتێكى نوێى بنیاتنا ئه‌ویش دانانى ئیلهامى كوڕى بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌ك جێگرى خۆى، دواى مردنى حه‌یده‌ر، ئیلهام سه‌رۆكایه‌تى وڵاتى وه‌رگرت تا ئێستا له‌ پۆسته‌كه‌دا ماوه‌ته‌وه‌، ئیلهام كوڕى نه‌بوو بۆیه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى به‌ جێگریى خۆى دیاریكرد، كچه‌كه‌شى (‌له‌یلا) وه‌ك شازاده‌ى جێگره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات. ته‌واوى ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ له‌ پۆسته‌ هه‌ستیاره‌كانى وڵات دانراون، ئه‌وه‌ى ئیلهام په‌یڕه‌وى ده‌كات به‌ ته‌واوى هاوشێوه‌ى سیسته‌مى كۆریاى باكووره‌. 

له‌یلا وه‌ك شوێنگره‌وه‌ى ته‌ختى فه‌رمانڕه‌وایى دایك و باوكى ته‌ماشا ده‌كرێت، له‌یلا زۆرترین ناوبانگى هه‌یه‌، له‌نێو كچانى سه‌رۆكى وڵاتان ركابه‌رى نییه‌ جگه‌ له‌ ئیڤانكا تره‌مپ-ى كچى سه‌رۆكى ئه‌مریكا. به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستى كچه‌ سه‌رۆكه‌ دیكتاتۆره‌كان تاقانه‌یه‌، ئه‌م خاتوونه‌ له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ خیانه‌تى زۆرى لێكراوه.

له‌یلا له‌دایك بووى ساڵى (1984)ه‌ و ساڵى (2003) هاوسه‌رگیرى كردووه‌، له‌گه‌ڵ بازرگانێكى ئازه‌ریى به‌ناوى ئاراس ئاغالاروف، ئاراس سه‌روه‌ت و سامانى ماڵى خه‌زوورى بۆ به‌ده‌ستهێنانى ناوبانگ له‌ جیهان به‌كارهێناوه‌، گۆرانى ده‌ڵێت و كلیپ ده‌كات له ‌كاتێكدا زۆربه‌ى خه‌ڵكى پێیان وایه‌ ده‌نگى ناخۆشه‌ و ده‌نگه‌كه‌ى هه‌وادارى كه‌مه‌. راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان سه‌باره‌ت به‌م زاوایه‌ى سه‌رۆك ده‌ڵێن، ئاراس عاشقى ژنانه‌ و په‌یوه‌ندى فراوانى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین ژن. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى دوو منداڵیان هه‌بوو به‌ڵام ساڵى 2015 له‌یلا و ئاراس جیابوونه‌وه‌. 

جیابوونه‌وه‌، له‌یلاى هاندا كه‌ خۆى ته‌رخان بكات بۆ سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب بەو پێیەی لەیلا شاعیرەو بەردەوام شیعر دەنوسێت، شیعره‌كانى له‌ پێگه‌ جیهانییه‌كان بڵاوده‌كرده‌وه‌، هه‌روه‌ك پێگه‌ ناوخۆییه‌كانى ئازه‌ربایجان به‌رده‌وام شیعره‌كانى بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ره‌خنه‌گره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانى ئازه‌ربایجان ستایشى شیعره‌كانیى ده‌كه‌ن. 

له‌یلا هه‌روه‌ها خۆى سه‌رقاڵ كردووه‌ به‌ كارى خێرخوازییه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تى گه‌وره‌ رێكخراوى خێرخوازییه‌كانى ئازه‌ریى ده‌كات، كه‌ ناوى رێكخراوى حه‌یده‌ر عه‌لیێف-ه‌. هاوكات به‌پێى راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌ى سه‌رقاڵى سپیكردنه‌وه‌ى پاره‌ن له‌ به‌ریتانیا. 

ساڵى 2018 رۆژنامه‌ى گاردیانى به‌ریتانى له‌ راپۆرتێكیدا زانیارییه‌كانى بڵاوكرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كچه‌كانى ئیلهام عه‌لیێف بۆ شۆردنه‌وه‌ى پاره‌، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ موڵكه‌كانى له‌یلا ده‌ركه‌وتووه‌، له‌ چیك و له‌نده‌ن كۆشكى هه‌یه‌ كه‌ نرخى هه‌ر یه‌كه‌یان 17 ملیۆن جونه‌ى ئیسته‌رلینییه‌. هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت، له‌یلا ئیمپراتۆریه‌تێكى بازرگانیى به‌ڕێوه ‌ده‌بات. 

له‌یلا ئێستا چاوه‌ڕێى خوله‌كانى داهاتوو ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست، دواى چۆڵ بوونى كورسییه‌كه‌ى باوكى. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ وێنه‌یه‌كى سه‌یرى به‌ خێزانى فه‌رمانڕه‌واى ئازه‌ربایجان داوه‌، به‌جۆرێك كه‌ هاوشێوه‌ى وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان یاخود وڵاتێكى دیكتاتۆرى وه‌ك كۆریاى باكورن. راپۆرتی  پەیسەرپرێس



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق