نامەیەک لە ڕیش سپی یەکی ئەم هەرێمەوە

ليست هناك تعليقات


نامەیەک لە ڕیش سپی یەکی ئەم هەرێمەوە 
بۆ ڕیش ڕەش و سپی یەکانی دەستەڵات.

فائق نامیق رسول

تکایە لەبەر خاتری ئەم ڕیشە سپیەمان تەنها دوو خولەک گوێمان لێبگرن.
ئەوە دوو سەد ساڵە کورد شۆڕش و قوربانی دەدات لەسەر ئەم خاکە، دووسەد جار گفتوگۆی لەگەڵ دوژمنەکانی کردوە بەڵام بەشێوەی ئێوە کڕنوش و سەرشۆڕی بۆ دوژمنان نەبردووە.
ئێوە ڕەنج و تێکۆشانی کوردتان بەشێوەیەک لەناو برد کە جارێکی تر نەوەکانی داهاتوو نەوێرن لەڕووی دوژمنان دا بیر لە شۆڕش و داواکردنی مافەکانیان بکەنەوە. 
لەماوەی دوو دەیەی دەستەڵاتداریتان دا، دووسەد هەزار ڕۆڵەی ئەم گەلەتان کردوە کۆچی قوربانی شەڕ لەگەڵ بەغداد، هەرجارە لەژێر ناوێک و بە بیانویەک. کەنەک هەر نەتان توانی ئەو ناوچە کوردنشیانەی کە لەژێر دەستەڵاتی بەغدادایە وەربگرنەوە بەڵکو ئەوەشی لەژێر دەستەڵاتاندابوو داتانەوە دەست بەغداد "ئەوە نمونەی کەرکوک و مەخمور و سنوری دووز و خانەقین و...."
لەوەش خراپتر و نەگبەتی تر لەو ڕۆژەوەی خەلک بوو بە قوربانی ڕاپەڕین و ئێوەی هێنایەوە و کردنیەوە دەمڕاستی خۆیان، خوا لە چەندان لاوە پاروە نانێکی دابوو کە زۆر لەوەزیاتر بوو کە پێش گەڕانەوەتان خەونتان پێوە دەبینی، بەڵام کەوتنە شەڕ لە سەر سفرەکە، هەریەکەو بەشێوەیەک دەستان کرد بە فڕاندنی ئەو نان و خوانەی کە بۆ هەموان دانرابوو، تا وای لێهات لەسەر ئەوەش چەندان رۆڵەمان تیاچوون و ئێوەش هەر زیاتر و زۆرترتان دزی و ناردتان بۆ خەزنەکانی دەرەوەو لەم گەلەتان شاردەوە. بەڕادەیەک لەخۆبایی بوون کە بەغدادتان بە بێ پارە دادەنا و خۆتان بە پارەدار. دەتان وویست بەهۆی بازرگانیە تایبەتەکانتانەوە پێشبڕکێ لە گەڵ ووڵاتانی دەوروبەر و جیهان بکەن، بەڵام نەتان زانی کەهەر کەسێک پیلان و بەرنامەی لە بازرگانی دا نەبێت و هەڵپەی زۆرتر و زووتر دەوڵەمەندبوون لێبدات، ئەوە لەئانجام دا ئەوەشی هەیەتی دای دەنێت و دەبێت ببێتەوە بە شاگردی ئەوەی کە دەیویست بە شاگردی ڕانەگرێت.
بەهۆی سیاسەتە چەوت و بێ ڕاوێژەکانتانەوە کارێکتان بەسەر خۆتان و ئەم گەلەدا هێناوە کە ناچار بووین بۆ ئەوەی تەنها بەشی قوتی رۆژانە پاروە نانێکمان لە بەغداد دەست بکەوێت هەر جارە و نوێنەرێک بەکۆمەڵێک سەرشۆڕیەوە دەنێرن بۆ بەغداد.
ئێمەش و ئێوەش، هەمووان لەو ڕاستییە تێگەشتووین لەم سەفەر و سەردانەواندنانەتان دا بۆ لای برا عەرەبەکانتان! ئێوە شەڕی بەرژەوەندی و قوت و ژیانی ئەم گەلە ناکەن بەڵکو شەرتان لەپێناو کۆمپانیا تایبەتەکانتان و مانەوەتانە لەسەر کورسیەکانتان.
بۆیە دوو بارە لێتان دەپاڕێینەوە لەبەر خاتری خوێنی شەهیدان و هاوارو نوزەی کەس و کارەکانیان.
لەبەر خاتری هاواری ئەو خەڵکەی کە بێ نان و ئاوتان کردوە و توشی چەندان نەخۆشی دەروونی و ئەخلاقیتان کردوە.
لەبەر خاتری ئەو ڕیشە سپیانەمان،ئیتر بەسە و سنورێک بۆ ئەم هەموو نەهامەتی و بەد بەختی بەسەرمانتاندا هێناوە دابنێن. بالەوە زیاتر ڕسوا و سوکی بەردەرگای بەغداد و ووڵاتان نەبین و ئەو گەلەش شکۆو پیرۆزیەکانی لەدەست نەدات.
هیوادارم هاوار کردنەکەم وەک ڕیش سپیەکەی پەرلەمانی عێراق نەبێت، کە نەک گوێی لێ نەگیرا بەلکو وەک پەرچە کردارێک بۆ داواکەی پێچەوانەکەی جێ بەجێ کرا. کە ئەوەش دووا پلەی هیچ پێ نەمان و بێ بەرنامەیی و دۆڕاندن بوو بۆ ئێمەی کورد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif