چاوپێکەوتن، مەد حاجی مەحموود: پێمخۆشە بایدن دەربچێت و بۆ کورد باشترە

ليست هناك تعليقات


محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەمریکا و دەرچوونی بایدن یان ترەمپ دەڵێت "هەڵبژاردنی ئەمریکا بۆ هەموو جیهان گرنگە و حەزناکەم ترەمپ دەربچێتەوە و پێمخۆشە بایدن دەربچێت و بۆ کورد باشترە."

رەنج سەنگاوی لە بەرنامەی رەنج و ئەمریکا کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 31-10-2020 پێشکێشکرا، لەگەڵ محەممەد حاجی مەحموود گفتوگۆی لەبارەی رۆڵی کورد لە هەڵبژاردنی ئەمریکا و بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی کورد لەوبارەوە کرد. 

محەممەد حاجی مەحموود: سیاسەتی ترەمپ و بایدین بەرامبەر بە کورد جیاوازە

محەممەد حاجی مەحموود سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی ئەمریکا قسەی کرد و رایگەیاند، بابەتی هەڵبژاردن بووەتە شتێکی گرنگ و هەموو دونیا و زوومی کامێراکانیش چاوەڕێی ئەوەن کە بزانن دونیا چی لێدێت و هەڵبژاردنەکان بەرەو کوێ دەڕۆن. "ئێستا ئەمریکا و دونیاش بووەتە دوو بەشەوە، ناتوانین هیچ لەسەر ئەمریکا بڵێن، چونکە ئەمریکا لەم ناوچەیە دەوری هەیە. من لە وتارێکیش وتومە و بە ئاشکراش دەیڵێم، مەرج نییە دوو خوولەکەی ترەمپ تەواوبێت، بەڵام سیاسەتی ترەمپ و بایدن بۆ کورد جیاوازە بەتایبەتی، ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ کوردا هەبێت من بە راشکاوی پشتگیری دەکەم."

لەبارەی ئەوەی کە محەممەد حاجی مەحموود پێیخۆشە کێ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بیباتەوە. محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت "حیزبەکەی ترەمپ بۆ کورد باشتر بوو لە بایدن، بەڵام ترەمپ خۆی بەرامبەر بە کورد باش نەبوو و خراپبوو. رەنگە کورد خۆی شەرمن بێت لەوەی کە تاوەکو ئێستا کورد دەوڵەتی نییە، لەبەرئەوە کاتێک ئەمریکا قسە بکات ئێمە قسە نەکەین، یان رووسیا و فەرەنسا. لەبەرئەوە ئەمریکا هاتووە سەددامی رووخاندووە و سوپاسی دەکەین، بەڵام دوای ئەوە ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپ بەرامبەر کورد باش نەبووە. لەبەرئەوە ترەمپ زووڵمێکی گەورەی لە خەڵکی کورد کردووە لە باشوور و رۆژئاوای کوردستانیش."
محەممەد حاجی مەحموود: بۆ داگیرکردنی کەرکووک، ئەمریکا چەکی بە عێراق دا 

محەممەد حاجی مەحموود پێیوایە، کە لە کاتی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن هێزە عێراقییەکان ئەمریکا چەکی بە عێراقداوە بۆ داگیرکردنی کەرکووک و هەر بە دەبابەی ئەمریکا هێزە عێراقییەکان رۆڵەی کوردیان شێلا و دەشڵێت "کۆمارییەکان لە خوولی بووشی باوک و کوڕ دەورێکی باشیان لەگەڵ کورد هەبووە، بەڵام کە ترەمپ هات ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ کوردا نەهێشت."

دەشڵێت "ترەمپ ئەوەندە خراپبوو عەفرینی رادەستی تورکیا کرد، خۆی وتی چاودێری دەکەم، بەڵام هەموو کوردستانی سووریای رادەستی تورکیا کرد، بۆیە چۆن دەبێت کورد ئەوەی لەبیربچێت و پێیخۆشبێت ترەمپ دەربچێت، بەڵام بایدن خاوەنی پرۆژەی دابەشکردنی عێراقە، ئەگەر بوو بە سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی لەبیردەچێتەوە، بەڵام بایدنم لە ترەمپ زۆر پێباشترە."

محەممەد حاجی مەحموود: پەیوەندی کورد لەگەڵ بایدن باشترە

محەممەد حاجی مەحموود لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، بایدین لەسەرخۆترە و پەیوەندی لەگەڵ کوردا هەیە و کوردی بینیوە و هاتووەتە کوردستان، بەڵام ترەمپ پەیوەندی لەگەڵ کورددا نییە و ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەمریکاش خراپە. 

محەممەد حاجی مەحموود دەشڵێت، ئێران و رووسیا و چین پێیانخۆشنییە ترەمپ دەرنەچێتەوە، لەبەرئەوە ئەو سەرۆکی ئەمریکایە غرورە لەنێو میلەتەکەی خۆیشیدا. دەشڵێت "بایدن ئاشتی لە ناوچەکە جێگیر دەکات و دەتوانێت لەگەڵ وڵاتان پەیوەندییەکانی باشتر بکات و پێموایە بۆ کوردیش هەر ئەو باشتر بێت."

محەممەد حاجی مەحموود: ئەمریکا نایەوێت شەڕ لەگەڵ ئێران بکات 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت "ئەمریکا حەزناکات ئێران بڕووخێت و هەرگیز شەڕی لەگەڵ ناکات، چونکە ئەگەر ئەوە بکات هیچ کارێکی لە ناوچەکە نامێنیت. لەبەرئەوە ئێران بۆ ئەمریکا لە وڵاتانی دیکە گرنگترە."

محەممەد حاجی مەحموود: دەمانتوانی لە شەڕی داعش یارییەکی باش بکەین

محەممەد حاجی مەحموود پێیوایە کورد دەیتوانی لە شەڕی داعشدا یاری باش بکات، بەڵام نەیکرد. "حەزناکەم شەڕی داعش کۆتایی بێت، بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارەسەربێت. داعش وەک هێزی کاریگەر نەماوە و پەرش و بڵابوونەوە. ئەوانەش سوننەن و لەبەرگی داعشدان. هەرکاتێک کێشەی سوننە چارەسەر بوو داعش نامێنێت."

محەممەد حاجی مەحموود: دەبێت کورد بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ وڵاتان رێکبخات

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا محەممەد حاجی مەحموود دەشڵێت "دەبێت کورد هەموو هێلکەکانی لەیەک زەمیلە دانەنێت و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتان هەبێت و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە یەکبخات. بەتایبەت بەرژەوەندی ئابووری باشتر بکەین. بۆ نموونە سەبارەت بە غازی چەمچەماڵ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی رێکبکەوێت، سبەی ئەگەر مەترسی کەوتەسەر غازی چەمچەماڵ ئەوکات ئەو وڵاتەش هاوکارییت دەکات و ناهێڵێت بکەوێتە ژێر مەترسییەوە. دەشڵێت "نەوت و غاز بۆ کورد گرنگە."

سەبارەت بەوەی کە گرنگترین شت چییە کورد لەگەڵ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا بیڵێت، کاکە حەمە دەڵێت "ئەگەر ترەمپ دەرچوو، دەبێت بەڕوونی قسەی لەگەڵ بکەین و داوای مافی خۆمان بکەین و شەرم نەکەین."

محەممەد حاجی مەحموود: لایەنە کوردستانییەکان گرنگیان بە دەرچوونی سەرۆکی ئەمریکا نەداوە

سەبارەت بە بۆچوونی سەرکردەکانی هەرێمی لەبارەی دەرچوونی ترەمپ یان بایدین، کاکە حەمە دەڵێت "تاوەکو ئێستا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان باسی ئەوەمان نەکردووە کە بایدن و ترەمپ دەربچن چی بکەین، "من حەزناکەم ترەمپ دەرچێت و پێمخۆشە بایدن دەرچێت. لەبەرئەوە ترەمپ دژمان بووە. هەرچەندە رەنگە بایدنیش هیچ لە بابەتەکە نەگۆڕێت. هەروەها دەبێت کورد و عەرەبیش هەموویان دژی ترەمپ بن."

محەممەد حاجی مەحموود داوایەک ئاراستەی سەرکردە سیاسییەکان دەکات کە ئەگەر هاتوو بایدین یان ترەمپ دەرچوو چی بکرێت باشە و لەوبارەوە کۆبوونەوەیەک بکرێت "چونکە دەرچوونی هەر یەکێک لەوان کاریگەری بەسەر ناوچەکەوە هەیە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif