236 ساڵیادی سلێمانی

ليست هناك تعليقات



دیاری محمد

٢٣٦ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بنیاتنانی شاری سلێمانی، شاری بزاوت و ئازادی و کرانەوە.

ئەم شارە لە١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن (ئیبراھیم پاشای بابان)ەوە ئاوەدانکراوەتەوە. 

سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەکە.

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باباندا ململانێ و توندوتیژیی لە نێوان فارسەکان و عوسمانییەکاندا ھەبوو، شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالانیش لەبەر نزیکی لە سنووری ئێرانەوە، کە بوو ببوە مەترسی شەڕ، کێشمەکێشی ناوخۆیش لە نێو بنەماڵەی بابانییەکان بۆ کورسی و دەسەڵات ئەوەندەی دیکە مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست کردبوو، ئەمەش وای کرد مەحمود پاشای بابان ساڵی (١٧٨١)ی زاینی سەرای حکومەتی لەنزیک گوندی مەڵکەندی دروستکرد، دواتر ئیبراھیم پاشای بابان لە ساڵی (١٧٨٣)دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەکەی گرتە ئەستۆ و دەستیکرد بە دروستکردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی (١٧٨٤)دا لە دروستکردنی شاری سلێمانی کۆتایی ھات.

لە کۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا، سلێمانی کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر و شاعیرو سەرکردەی بۆ مێژوو ھێشتۆتەوە. لەوانە (نالی، مەحوی، پیرەمێرد، گۆران، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، سالم، کوردی، ئەمین زەکی بەگ، فایەق بێکەس، زێوەر، تۆفیق وەھبی، وەلی دێوانە، کاک ئەحمەدی شێخ، شێخ مەحموود، حەپسەخانی نەقیب و .... ھتد) و سەدان زاناو سەرکردەو نووسەر و شاعیری تریش.

شێوەزاری سۆرانی لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین.

لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە. سلێمانی جگە لەوەی لانکەی ڕۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا.

سلێمانی بە مێژوو شارێکی زیندوو بووە و خەباتی درێژی هەبووە لەپێناو سەربەستی و ئازادی، هەرگیز ملکەچی ستەمی داگیرکەر نەبووە، هەر ئەمەش وایکردووە دووژمنانی بەردەوام هەوڵی ملکەچپێکردن و پەراوێزخستنی بدەن و ئێستاشی لەگەڵ بێت بەم هۆیەوە سلێمانی بەردەوام بووەتە قوربانی ململانێکان..


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif