ئەو 10 ویلایەتەی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دەستنیشاندەکەن

ليست هناك تعليقات



هەردوو بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، نوێنەری کۆمارییەکان و جۆ بایدن، نوێنەری دیموکراتەکان، لە رۆژە یەکلاکەرەوەکەی دەنگدانی ئەمریکییەکان، ژمارەیەک ویلایەتیان هەیە، کە پێشتر بۆ ئەوان خۆیان یەکلاییکردووەتەوە و لە مێژوودا کۆماری یان دیموکرات بوون. بەڵام ژمارەیەک ویلایەتیش هەن ئەو مەیلە راستەوخۆیەیان بۆ هیچ کام لە بەربژێرەکان نییە و بەوەش بە ویلایەتە 'یەکلاکەرەوەکان' یان 'دوودڵەکان' ناودەبرێن.

لەمێژوودا ئەوە دەرکەوتووە کە 40 ویلایەت لەگەڵ واشنتنی پایتەخت، بەلای یەکێک لە دوو بەربژێرەکەدا ساخبوونەتەوە، بەڵام هێشتا 10 ویلایەتی دیکەی وڵاتەکە دەمێننەوە. سەرکەوتنی ترەمپ یان بایدن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا، بەشێوەیەکی گەورە پشت بەدەنگدانی ئەو 10 ویلایەتە 'دوو دڵ'ە دەبەستێت، بۆ گەیشتن بەکۆشکی سپی.

گۆڕانی نەخشە و مەیلەکان

ئەو گۆڕانکارییە فراوانانەی لە نەخشەی دەنگداندا روویانداوە، لای زۆر چاودێر پێشبینینەکراو بوون، ئەمەش بێگومان پەیوەندی بە دۆخی ئابووری و کەیسە جیاوازەکانەوە هەیە، کە بەربژێرانی هەردوو پارت لە رابردوودا کاریان لەسەرکردووە. سیاسەتەکانی ئابووری لە سەردەمی گڵۆبالیزمدا، رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی ملیۆنان کرێکاری کارگەکانی ئەو وڵاتە هەبووە، ئەمەش بەهۆی گواستنەوەی هێڵەکانی بەرهەمهێنان بۆ دەرەوەی وڵات، بەهۆی هەرزانیی دەستیکار و کەرەستەی خاو.

گواستنەوەی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی کارگەکان لە ناو ئەمریکاوە بۆ دەرەوەی ئەمریکا، توڕەبوونی بەرفراوانی خەڵکی لە دژی چینی سیاسیی دەسەڵاتداری وڵات لێبەرهەمهات، بەتایبەت لە ویلایەتەکانی ناوەڕاستی رۆژئاوای وڵات کە پیشەسازین.

لەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1968 کە هەموارکردنەوەی یاساکانی مافی مەدەنی لە وڵاتەکەدا بەخۆوە بینی و بووە کۆتاییهێنان بەهەموو جۆرەکانی جیاکاری رەگەزی، لە نێوان ئەمریکییە بنەچە ئەفریقییەکان و سپیپێستەکانی وڵات، بەشێکی زۆری ویلایەتەکانی باشووری وڵات، مەیلیان بۆ کۆمارییەکان چوو، لە کاتێکدا مەیلی ویلایەتەکانی باکووری رۆژئاوا بۆ پارتی دیموکرات چوون. ویلایەتە کەناراوییەکانی رۆژئاوا نیمچە مەیلیان بۆ دیموکراتەکان یەکلاکردەوە، لە بەرامبەردا کۆمارییەکان کۆنترۆڵی دەنگی ویلایەتەکانی باکووری ناوەڕاست و باکووری رۆژهەڵاتیان کرد.

بەپێی ئەو داتا و زانیارییانەی لە ماوەی 50 ساڵی رابردووی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا کۆکراونەتەوە، لەبارەی مەیلی گشتی لەناو هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، هەروەها ئەو راپرسییانەی لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە دەرکەوتوون، نەخشەی دابەشبوونی دەنگ لە نێوان ویلایەتە یەکلابووەوەکان، بۆ هەریەک لەو دوو پارتە و ئەو ویلایەتانەش کە مەیلداری تەواوی هیچ کام لە دوو پارتەکە نین، گەیشتنە کورسی سەرۆکایەتی، لە رێگەی 10 ویلایەتی 'دوودڵ'ی وڵاتەکەوە دەردەخەن.

کۆمەڵگەی هەڵبژێر و دەستنیشانکردنی

بەربژێرانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بۆ ئەوەی ببنە سەرۆکی داهاتووی وڵات، پێویستیان بە 270 د دەنگی 'کۆمەڵگەی هەڵبژێر' هەیە، کە ژمارەیان 538 کەسە، ئەمەش ژمارەی نوێنەری ویلایەتەکانی وڵاتە، لە هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێس (نوێنەران و پیران).

جیا لە ویلایەتەکانی نبراسکا و مین، هەموو ویلایەتەکانی دیکەی وڵات و هەرێمی کۆڵۆمبیاش، پەیڕەو لە سیاسەتی (هەموو دەنگەکان بۆ براوەی ویلایەتەکە) دەکەن و بەوەش هەر بەربژێرێک لەو ویلایەتانە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەگەر بە جیاوازییەکی کەمیش بێت، سەرجەم دەنگەکانی ویلایەتەکە بۆخۆی دەبات و رکابەرەکەی سفر دەنگی بۆ دەمێنتەوە.

سیستمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لەسەر بنەمایەکی ئاڵۆز، بەڵام دادوەرانە داڕێژراوە، ئەو دەنگانەی خەڵک راستەوخۆ لە هەڵبژاردنەکاندا دەیدەن، دەبێتە دەنگی نوێنەرانی ویلایەتەکان لە 'کۆمەڵگەی هەڵبژێردا'، ئەو کۆمەڵگەیە دەنگ بە سەرۆکی داهاتووی وڵات دەدات و دەستنیشانیدەکات و هەر بەربژێرێک 270 دەنگی ناو کۆی 538 دەنگەکەی 'کۆمەڵگەی هەڵبژێر' بەدەست بهێنێت، دەبێتە سەرۆکی وڵات. بەپێی ئەم سیستمە، مەرج نییە ئەو بەربژێرەی زۆرینەی دەنگەکانی گشتی وڵات بەدەست دەهێنێت، ببێتە سەرۆکی وڵات.

نموونەی بەرجەستە بۆ ئەو سیستمەی هەڵبژاردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ی وڵات بوون، کە تێیدا هیلاری کلنتن نزیکەی سێ ملیۆن زیاتر دەنگی لە دەنگدانی گشتی وڵاتدا لە دۆناڵد ترەمپ بەدەستهێنا، بەڵام کۆمەڵگەی دەنگدەر، بە زۆرینەی دەنگ ترەمپیان بەسەرۆکی وڵات دەستنیشانکرد.

بەپێی داتا بەدەستهاتووەکان و سەرژمێرییەکان، دۆناڵد ترەمپ، دەنگی 180 نوێنەری کۆمەڵگەی هەڵبژێری هەیە، لە 21 ویلایەتی وڵاتەکەدا کە مەیلیان بەلای کۆمارییەکاندایە. لە کاتێکدا دیموکراتەکان و جۆ بایدنی بەربژێریان، دەنگی 217 نوێنەری ناو 19 ویلایەتیان هەیە، کە مەیلیان بۆ ئەوان زیاترە، ئەمە جیا لە واشنتنی پایتەخت. بۆیە بەپێی ئەو داتایانە، رکابەرییەکە لەسەر دەنگی 141 نوێنەری ناو ویلایەتە 'دوودڵەکان' چڕدەبێتەوە، کە بەسەر 10 ویلایەتی 'یەکلاکەرەوەدا' دابەشبوون.

ئەو ویلایەتە دوودڵانەی لە 2016دا ترەمپیان سەرخست

لە کۆی 10 ویلایەتی دوودڵ و یەکلاکەرەوەی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە 9 ویلایەتدا لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی 2016 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەو سەرکەوتنەی ترەمپ تەنیا ویلایەتی نیڤادای نەگرتەوە.

لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە، ئەو 10 ویلایەتە لە نێوان هەردوو پارتدا دوودڵبوون، رووینەداوە سەرۆکێکی دیموکرات یان کۆماری، لە یەکێک لەو ویلایەتانەدا، بەجیاوازییەکی زۆر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

لە رووی بیردۆزەییەوە، هەلی سەرکەوتنی هەردوو بەربژێر نزیکی یەکە، بەڵام راپرسییەکان دەریدەخەن ترەمپ تەنیا لە ویلایەتی ئۆهایۆدا لە پێشە، لە کاتێکدا لە نۆ ویلایەتەکەی دیکەدا، جۆ بایدن بەجیاوازییەکی باش لە پێشە.

بۆ بەدەستهێنانەوەی سەرکەوتن، ترەمپ پێویستی بە 90 دەنگ لە کۆی 140 دەنگی ئەو ویلایەتە دوودڵانە هەیە، یان رێژەی 64 لەسەدی ویلایەتەکان، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی سەرکەوتنی ئەو لە هەموو ئەو ویلایەتانەی بۆ کۆمارییەکان یەکلاییبوونەتەوە.

10 ویلایەتە یەکلاییکەرەوەکە:

بێنسلڤانیا

راپرسییەکان دەریدەخەن لە بێنسلڤانیا بایدن بە رێژەی 3،8٪ لە پێشە، ئەو ویلایەتە 20 نوێنەری لە کۆمەڵگەی هەڵبژێردا هەیە.

لە بنەمادا بێنسلڤانیا بەپێی ناوچەکانی بەسەر هەردوو پارتدا دابەشبووە، ناوچە دەشتاییەکانی لایەنگری کۆمارییەکانن و شارە گەورەکانی ویلایەتەکە وەک فیلادیلفیا و باشووری رۆژهەڵاتی شارەکە، پیتسبێرگ لە باکووری رۆژئاوای ویلایەتەکە، لایەنگری دیموکراتەکانن.

لە هەڵبژاردنەکانی 2008 و 2012دا، بێنسلڤانیا لە بەرژەوەندیی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی دیموکرات دەنگی دا، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016دا لە بەرژەوەندیی دۆناڵد ترەمپ بەجیاوازی 44 هەزار دەنگ لە کۆی 6 ملیۆن، دەنگی دا، واتە بەجیاوازیی رێژەی 0،72 لەسەد و ئەوەش کەمترین جیاوازیی دەنگدانە لە ویلایەتەکە لە 176ساڵی رابردوودا.

ئۆهایۆ

راپرسییەکان، رێژەی سەرکەوتن بەجیاوازی تەنیا یەک لەسەد بە ترەمپ دەدەن، ویلایەتەکە 18 دەنگی کۆمەڵگەی هەڵبژێری هەیە. لە هەڵبژاردنەکانی 2008 و 2012 دەنگەکانی بۆ ئۆباما بوون، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی 2016دا بۆ دۆناڵد ترەمپ بوون.

کارۆلاینای باکوور

راپرسییەکان سەرکەوتن بەبایدن دەبەخشن، بەجیاوازی کەمتر لە یەک لەسەد، ویلایەتەکە 15 دەنگی لە کۆمەڵگەی هەڵبژێردا هەیە. لە هەردوو هەڵبژاردنی بەر لە کۆتا هەڵبژاردندا، دەنگەکان بۆ باراک ئۆباما بوون، لە 2016دا دەنگی ویلایەتەکە بۆ دۆناڵد ترەمپ ترەمپ بوو.

ویسکنسن

راپرسییەکان لەم ویلایەتەدا سەرکەوتنی بایدن بەڕێژەی بەرچاو 6،4 لەسەد پێشاندەدەن، ویلایەتەکە 10 نوێنەری کۆمەڵگەی هەڵبژێری هەیە.

لە هەڵبژاردنەکانی 2008 و 2012 دەنگەکانی ویلایەتەکە بۆ باراک ئۆباما بوون، بەڵام لە 2016دا دۆخەکە لە بەرژەوەندیی ترەمپ سووڕایەوە و ئەو 47،2 لەسەدی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە بەرامبەر 46،5 لە بەرژەوەندیی هیلاری کلنتن. ترەمپ بەجیاوازی تەنیا 23 هەزار دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ئاریزۆنا

راپرسییەکان سەرکەوتن دەبەخشنە بایدن بەجیاوازی 2،2 لەسەد، ئەم ویلایەتە 11 نوێنەری لە کۆمەڵگەی هەڵبژێردا هەیە.

لەرووی مێژووییەوە ویلایەتەکە مەیلداری کۆمارییەکانە، تەنیا یەکجار و لە ساڵی 1996دا دەنگی بە بیل کلنتن، سەرۆکی پێشووتری وڵات دا کە دیموکرات بوو. بەهۆی کۆچی بەردەوامی مەکسیکییەکانەوە بۆ ناو ئەو ویلایەتە، مەیلی دەنگدانی گشتی، بەردەوام لە ویلایەتەکەدا گۆڕانی بەسەردا دێت.

جۆرجیا

راپرسییەکان سەرکەوتنی بایدن بەرێژەی 4 لەسەد دەردەخەن، ئەم ویلایەتە 16 نوێنەری لە کۆمەڵگەی هەڵبژێردا هەیە.

ویلایەتەکە بەلایەنگری بۆ کۆمارییەکان بەناوبانگە، بەڵام ساڵی 1992 لە بەرژەوەندیی بیل کلنتن دەنگی دا، پاشان لە هەموو هەڵبژاردنەکانی دواتردا دەنگی بە کۆمارییەکان دا و 2016 دەنگەکانی بۆ ترەمپ بوون.

فلۆریدا

راپرسییەکان سەرکەوتنی بایدن بەڕێژەی 2 لەسەد دەردەخەن، ئەم ویلایەتە کاریگەرە و 26 نوێنەری لە کۆمەڵگەی هەڵبژێردا هەیە.

فلۆریدا بەمەیل گۆڕینی زۆر لە نێوان هەردوو پارتدا ناسراوە. لە هەڵبژاردنەکانی 2008 و 2012 لایەنگری ئۆباما بوو، دواتر لە 2016 دەنگی دا بە ترەمپ.

مینیسۆتا

راپرسییەکان دەریدەخەن بایدن بەجیاوازی 4،7 لەسەد لە پێشە، ئەم ویلایەتە 10 نوێنەری هەیە. زۆرینەی کات دەنگەکانی بۆ دیموکراتەکانە، بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوودا ترەمپ بە جیاوازییەکی کەم شکستیهێنا کە تەنیا 40 هەزار دەنگ بوو.

ئایوا

لێرە راپرسییەکان پێشکەوتنی بایدن بەجیاوازی تەنیا یەک خاڵ دەردەخەن، ویلایەتەکە 6 دەنگی لە کۆمەڵگەی هەڵبژێردا هەیە، 2008 و 2012 بۆ ئۆباما دەنگی دا، دواتر لە 2016 ترەمپ متمانەی دەنگدەرانی ویلایەتەکەی بەدەستهێنا.

نیڤادا

راپرسییەکان دەریدەخەن لێرەش بایدن بەجیاوازی 4 خاڵ لە پێشەوەیە. دەنگەکانی ویلایەتەکە لە کۆمەڵگەی هەڵبژێردا 6 نوێنەرە.

ویلایەتەکە لە 2000 و 2004 دەنگیدا بە جۆرج بووشی کوڕ، دواتر دوو هەڵبژاردنی لەسەریەک بەلای ئۆبامادا بایدایەوە و بەر لە چوار ساڵیش، دەنگەکانی بە ترەمپ بەخشی.

ئەو راستییانەی نابێ لەبەرچاو نەگیرێن

ژمارەکانی راپرسییەکان رێژەی هەڵە تێیاندا دەگاتە 4 خاڵ. هەرلەبەرئەوەش ویلایەتەکانی وەک ئاریزۆنا، ئایوا، بێنسلڤانیا، کارۆلاینای باکوور، فلۆریدا و جۆرجیا دەکەونە ناو پەراوێزی هەڵەکانەوە.

ساڵی 2016، زۆرینەی راپرسییەکان سەرکەوتنی هیلاری کلنتنیان بەجیاوازی زۆر لەپێش ترەمپەوە پێشاندەدا، بەڵام ئەو لە هەموو ویلایەتە دوودڵەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا ئەوکات.

دوو ویلایەتی مەیلداری کۆمارییەکان لە مێژوودا، کە ئاریزۆنا و جۆرجیان، مەیلیان بەلای دیموکراتەکاندا گۆڕیوە ئەمساڵ، بۆیە ئەوان لە ریزبەندی ویلایەتە دوودڵەکاندا نەماونەتەوە. لە بەرامبەریشدا ویلایەتەکانی وەک ویسکنسن و مینیسۆتا لە بەرەی دیموکراتەکانەوە چوونەتە بەرەی کۆمارییەکان.

چوار رۆژ بەر لە دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنەکانی 2016دا، رێژەی پێشکەوتنی کلنتن بەسەر ترەمپدا لە راپرسییەکان، گەیشتە 5 خاڵ، بەڵام ئێستا هەندێک راپرسی رێژەی سەرکەوتنی بایدن بە 8 خاڵ پێشاندەدەن.

دۆناڵد ترەمپ دەتوانێ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەگەرچی ویلایەتەکانی وەک میشیگان، بێنسلڤانیا و ویسکنسن لەدەستبدات، بەمەرجێک لە فلۆریدا، ئاریزۆنا و کارۆلاینای باکوور، سەرکەوتن مسۆگەر بکات و نیڤادا و نیوهامشێر، دەنگ بەو بدەن.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif