جاسیندا و سەركەوتنێكی گەورە

ليست هناك تعليقات



لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی نیوزیلەند کە دوێنێ شەممە بەڕێوەچوو، جاسیندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزیلەند، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.

جاسیندا و پارتەکەی (پارتی کرێکاران)، لە دوای جیاکردنەوەی سێ لەسەر چواری دەنگی دەنگدەرانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکان، 49،2٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەوەش لە کۆی 120 کورسی پەرلەمانی وڵاتەکە، ئەو پارتە 64 کورسی مسۆگەرکردووە.

ئەم ژمارەیەی دەنگدان بۆ ئاردێرنی سەرۆکوەزیرانی گەنجی وڵاتەکە (40 ساڵ)، رێگەی دەدات بەتەنیا حکومەتی داهاتووی وڵات پێکبهێنێت، ئەمە رووداوێکە لە دەیان ساڵی رابردووی مێژووی ململانێ سیاسییەکانی وڵاتەکەدا، یەکەمجارە روودەدات.

ئەو سەرکەوتنە رێگە بە جاسیندا دەدات، هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارنامە حکومییەی بنێت، کە لە حکومەتی پێشوودا بەهۆی هاوبەشبوونی لەگەڵ پارتی نەتەوەیی، نەیتوانی جێبەجێیان بکات.

لە دوای چاکسازییەکانی سیستمی هەڵبژاردنەوە لە ساڵی 1996، هیچ پارتێکی نیوزیلەند نەیتوانیوە زۆرینەی رەهای دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە سەرجەم سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە، سەرۆکی حکومەتی هاوپەیمانی بوون و لە دەسەڵات و بڕیاردا، رەها نەبوون.

جاسیندا کە بە 'ساندرێلا' ناونراوە، بەهۆی گۆڕینی دۆخی سیاسیانەی خۆیەوە لەوپەڕی خراپەوە بۆ ئەوپەڕی باش، لە ساڵی 2017دا دەسەڵاتی وڵاتی گرتە دەست، وایکرد بیرکردنەوەی 'پۆزەتیڤ' سەنتەری کاری حکومەتەکەی بێت، ئەو کارنامەیەی کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، رێگەخۆشکەربوو بۆ سەرکەوتن بەسەر هەموو تەنگژە بێوێنەکانی وڵاتەکەدا.

ئەو خانمە سەرکردەیە، مامەڵەیەکی دروستی لەگەڵ گەورەترین تەنگژەی وڵاتەکەیدا کرد، کە هێرشی تیرۆریستێک بوو بۆ سەر دوو مزگەوتی وڵاتەکە، ئەو هەروەها بەدروستی مامەڵەی لەگەڵ تەقینەوەی گڕکانێکی تۆقێنەردا کرد، هەروەها بە گرتنەبەری رێکارت تووند، توانی سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەسەر کۆرۆنادا رابگەیێنێت.

لێهاتوویی ئاردێرن لە ئاداری 2019دا دەرکەوت، دوای ئەو هێرشەی کەسێکی پەڕگیر، هێرشی کردە سەر دوو مزگەوتی باشووری وڵات و بەهۆیەوە 51 کەسی کوشتن. وەڵامی ئاردێرن بەرامبەر ئەو کوشتارگەیە تووندبوو، کاردانەوەکەی لەناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکە پۆزەتیڤانە کەوتەوە، چونکە ئەو لە دوای ئەو رووداوەوە، رێوشوێنەکانی مۆڵەتدان بەچەکهەڵگرتنی لە وڵاتەکەیدا یەکجار تەسککردەوە. لە دوای رووداوەکەش بەلەچکەوە، سەردانی ماڵی قوربانییەکانی کرد.

لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، گاسێندرا فۆکەسی خستە سەر سەرکەوتنی خۆی و حکومەتەکەی لە بەرگرتن لە پەتای کۆرۆنا، کە بووە گیانلەدەستدانی تەنیا 25 کەس لە وڵاتێکدا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 5 ملیۆن کەسە.

ئەو ساڵی 1980 لە هامیلتن لە باشووری نیوزیلەند لەدایکبووە، ئەو ئاشکرایکردووە منداڵێکی هەژار بووە، هەرئەوەش هۆکاربووە بۆ ئەوەی بیرۆکەی چەپ لە مێشکیدا گەڵاڵە ببێت. باوکی پۆلیس بووە و ئیماندارێکی سەر بەهۆزی مۆرمۆرن بووە، بەڵام جاسیندا دواتر وازی لە بیرۆکەکانی ئەو هۆزە هێنا، بەهۆی بۆچوونەکانییەوە لەبارەی هاوڕەگەزخوازی.

جاسیندا هەر زوو بایەخی بەسیاسەت داوە و پەیوەندی بەرێکخراوە گەنجە جیهانییەکانەوە کردووە. دوای تەواوکردنی خوێندن، لەگەڵ هیلین کلارک، سەرۆکوەزیرانی وڵاتدا کاریکردووە، دواتر بووەتە کارمەند لە نووسینگەی حکومەتەکەی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا.

جاسیندا کە لە نێو پارتی کرێکاراندا، کاروانی سیاسی خۆی دەستپێکرد، سەرکەوتوو بوو لە گۆڕینی ئاراستەی بیرکردنەوەی دانیشتووانی وڵاتەکە، بەرامبەر پارتەکەی، چونکە بەرلە هاتنی ئەو، هیچ کات رووینەدابوو ئەو پارتە 23٪ی زیاتر لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست بهێنێت، بەڵام ئێستا خاوەنی رەهای کورسییەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەیە.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif