یەکەم دەوڵەتمەدار و، دووەم خولقێنەری قەیران!

ليست هناك تعليقات


تەنیا کوردی

تا ئێستا لە کۆمەڵگەی عێراقیدا سیفەتی دەوڵەتمەدار (رجل الدولة) لەنێو رای گشتیی زۆرینەدا بە سەرکردەکانیان نەدراوە، بەڵکوو لە کۆتایی حوکمڕانی ھەر سەرکردەیەک سیفەتی خولقاندنی قەیرانی پێدراوە (رجل صانع الازمات)، چونکە قەیرانیان لەنێو قەیراندا کێشاوە و لەسەر بارگرژی و تەشەنوجی سیاسیدا شێوازی حوکمڕانیان پەرەپێداوە.

لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا چەمکی دەوڵەتمەدار لە رابردوودا لەگەڵ ناوی نێچیرڤان بارزانی ھاتە نێو فەرھەنگی سیاسی و، لەنێو شەقامی کوردیدا جێگیر بوو، لە ھەمانکاتیشدا چەمکێکی دیکە لە ئێستادا لە عێراق ھاتووەتە نێو فەرھەنگی سیاسی ئەویش قەیرانخولقێنەرەکانن کە لەگەڵ ناوی مالیکی و عەبادی و لە ئێستایشدا لەگەڵ ناوی کازمی ئەم چەمکە ھاتووەتە نێو فەرھەنگی سیاسی عێراقی و لە شەقامدا بە بەربڵاوی قسەی لەسەر دەکرێت و چەمکەکە چەسپاوە..

جیاوازی زۆر لە نێوان ئەم دوو چەمکە ھەیە، یەکەمیان بۆ گەشەی حوکمڕانی کە لەبەرژەوەندی گەل بێت مایەی خێرە، دووەمیان کە خولقێنەری قەیرانە بۆ گەشەی مانەوەی پێگەیان، مایەی کارەسات و نەھامەتییە بۆ گەل.

لە عێراقدا ئەوانەی لە بەرەی خولقاندنی قەیراندان و بە پیاوی دروستکردنی قەیران دەژمێردرێن، مەترسی جیددین لەسەر داھاتووی گەل، چونکە لە جیاتی زەمینە دروستبکەن و ببنە دەوڵەتمەداری راستەقینە، بناغەی حوکمڕانی دەگۆڕن بۆ دروستکردنی قەیران و خولقاندنی فەوزا و گرژی سیاسی کە ئەمانە لە نێو رای گشتی دەناسرێن بە قەیرانخولقێنەر و ھەمیشە کێشەی سیاسی و تائیفی و مەزھەبی و قەیرانی فکر و قەیرانی سیاسی وەک تایبەتمەندی خۆیان دەخولقێنن، چونکە قەیرانخولقێنەرەکان لە پرۆگرامی سیاسی و حوکمڕانی خۆیاندا کەسانێکی وا دێننە نێو دەسەڵات کە بەردەوام لە سێبەردا خولقێنەری قەیران بن، چونکە لە سێبەردا خۆیان قەیران دەخولقێنن و لە واجیھەی گشتیشدا وا خۆیان دەردەخەن کە ئەوانن کۆتایی بە قەیران دێنن.

ئەوەی بۆ کورد دڵخۆشکەربووە کە نێچیرڤان بارزانی وەک دەوڵەتمەدارێک توانی ھەم دەوڵەتمەداربێت، ھەمیش ئەم قەیرانانەی خولقابوون کۆتایان پێبھێنێت، قەیرەنەکان، بەرگی نێوخۆیان ھەبوو کە لە ململانێیی حزبە ساسییەکان دروستبووبوون، بەشێکیان بەرگی ئیقلیمیان ھەبوو کە لە دەستوەردانی ئیقلیمی ھاتبوون، بەشێکیش بەرگی دەولیان ھەبوو کە لە ئەنجامی سەپاندنی ھەژموونی دەولی لە ناوچەکەدا لێکەوتەکانیان کاریگەری لەسەر ناوچەکەدا دروست کردبوو، بەڵام خۆی تایبەتمەندی دەوڵەتمەدار لەوەدایە کە بە ڕێگەی گەشەی پێکەوەژیان و نەھێشتنی گرژی سیاسی و بەو ستایلەی لە ئەداکردنی دامەزراوەکان دەیکاتە مۆدێلی حوکم کە نێچیرڤان بارزانی ستایلەکەی ھێزی نەرم بوو، ئەمەی کردە دانانی بناغەی حوکمڕانی لە ھەرێمدا، بۆ گەشەی ئازادی فکری و گەشەی مافی مرۆڤ، گەشەی ئاوەدانی و ژێرخانی شارستانی وەک ئەندازیارێکی بنیاتنەری کوردستان لە قۆناغی شاردا دەوڵەتمەداری کرد و، کۆمەڵێک قەیڕانی دەستکردی لەماوەی حوکمڕانی رابردوو نەھێشتن...

چەند ھێڵێکی کارکردنی نێچیرڤان بارزانی وەک تایبەتمەندی دەوڵەتمەدار و نەھێشتنی قەیرانەکان لەوانە...

-لەسەردەمی کابینەی نێچیرڤان بارزانی دا، ئۆپۆزسیۆن و حزبەکانی حوکمڕان لە یەک کابینە بەشداربون، ئەمە سەرەتایەکی باشبوو بۆ ئاشتەوایی و قبوڵکردنی حزبە سیاسییەکان لەنێو یەک کابینەدا.

-لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانی دا، بناغەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان حزبە سیاسییەکان لە دوای قۆناغی شەڕی نێوخۆ دانرا و کابینە ھەنگاو بەھەنگاو شەرعیەتی خۆی وەک کابینەی ھەرێمی کوردستان وەرگرت.

-لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانی دا، کوردستان بوو بە خاوەنی نەوت و وزە، ئەگەر ئەم نەوت و وزەیە نەبوایە کورد لە حساباتی سیاسی ناوچەکە دەکەوت.

-لەسەردەمی نێچیرڤان بارازنی دا، بناغەی بەشداری پێکھاتەکان لە کابینە دانرا و لە پەرلەمان یاسایان بۆ رێکخرا وەک دانانی سیستەمی کۆتا، بەرگریکردن لە مافی ژنان، پێشخستنی بواری رۆشنبیری و وەرزشی، چالاکی مەدەنی و ئازادی بیرورا گەشەی کرد و ئاوەدانی ھەرێم گەشەی گەورەی کرد.

-لەسەردەمی نێچیرڤاندا ئۆپۆزسیۆنی کوردی ھێزی خۆی نمایشکرد، بەڵام رای گشتی کوردستان شەرعیەتیان بە کارەکانی نێچیرڤان دا.

-لەسەردەمی نێچیرڤاندا ئەمەریکاو یەکێتی ئەورووپاو رووسیا ھاتنە سەرھێڵ لە ھەندێ پرۆژەی ستراتیژی لەگەڵ کورددا.

-لەسەردەمی نێچیرڤاندا بناغەی ئاوەدانی ھەرێمی کوردستان کێشرا کە ئێستا کاردانەوەی ئەم مۆدێڵەیە کە لە ناوچەکەدا بە کورد دەگوترێ شارستانی.

-لەسەردەمی نێچیرڤانی بارزانی کورد مێژووی حوکمڕانی شارستانی خۆی نووسیەوە لەنێو وڵاتانی ناوچەکە کە کورد دەتوانێ مۆدێلێکی نوێی ناوچەکە بێت لە پێکەوە ژیان و ئازادی و ئیدارەدانی حوکم دا.

بۆیە ئەمانە بەشێکن لە دەوڵەتمەداری نێچیرڤان بارزانی وەک یەکەم بناغەی دەوڵەتمەداری لە عێراقدا و لە ئێستاشدا لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا بناغەی دەوڵەتمەداری و دیپلۆماسیەتی ھەرێمی لەسەر ئاستی ناوچەکەدا گەشە پێدەدات کە سێ خاڵی تری بەھێزی نێچیرڤان بارزانی ئەمانەن..

یەکەم، لە سەردەمی کابینەی نێچیرڤاندا لە قوڵایی قەیرانەکاندا توانی پێگەی ھەرێمی کۆردستان بپارێزێ و نەھێڵێ کورد بسڕدرێتەوە کە جیھان پێگەی کوردی کەنارگیرکردبوو، ئەو توانی جارێکی دیکە رۆح بەبەر دیپلۆماسیەتی کوردی بکاتەوە لە جیھاندا و لە سەرۆکایەتی ھەرێمیشدا کۆدەنگی تۆخبکاتەوە و لە ھاوکێشەکاندا ھەمیشە بە ھێزی نەرم دەستکەوت بۆ کوردستان دروست بکات.

دووەم، توانی نێوماڵی کوردی رێکبخاتەوە لە سەخترین کاتەکاندا کە کورد پەرتەوازەبوو ئەو جارێکی دیکە کۆی کردنەوە و، لەئێستاشدا لە ھەمواری دەستووری عێراق، لە سڕینەوەی قەوارەی ھەرێمدا، لە مەترسی دیپلۆماسیدا فریادرەسی کوردستان بوو کە ئەمە دەستکەوتەکەی بۆ ھەموو حزبە کوردستانیەکانیشە.

سێیەم، توانی بەرپرسیارێتی کابینە ھەڵگرێ لەو کاتەی حزبەکان لە کابینە جێیان ھێشت، کە داعش و حەشد پەلاماری کوردستانیان دەدا، ھێزە سیاسییەکان لە کابینە نەمان، ئەم توانی کابینە لە جیھاندا بە گەورەترین پاڵپشتی جیھانی کە ئەمەریکاو بەریتانیا و فەرەنسا و وڵاتگەلێکی دیکە بێنێتە سەرھێڵ و کابینەی کوردستانیان بە کابینەی بەھێز ناساند و بۆ پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی ھاتنەسەرھێڵ، لە ئێستایشدا توانیویەتی ڕۆڵێکی بەھێز بۆ پارێزگاری لە ھەرێمێکی بەھێز لە نێو ھاوکێشەی رووداوەکانی ناوچەکە بگێڕێ.

*لێکۆڵەر لە پرسە ستراتیژییەکان




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif