ناسا ئاو لەسەر مانگ دەدۆزێتەوە

ليست هناك تعليقات



جیم برایدنستاین، بەڕێوەبەری ناسا لە توویتێکدا رایگەیاند، پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئاو لەسەر ئەو رووەی مانگ هەیە کە بە رووناکی خۆر رووناکراوەتەوە. ئەو دۆزینەوەیەش لە رێگەی تەلسکۆبی سۆفیاوە بووە.

بەڕێوەبەری ناسا ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێشتا نازانرێت ئایا دەتوانرێت لە داهاتوودا ئەو ئاوە وەکو سەرچاوەی ژیان بەکاربهێنرێت یان نا، بەڵام دۆزینەوەی ئاو هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەو لێکۆڵینەوانەی لەبارەی مانگەوە ئەنجام دەدرێن. 

هەروەها پۆڵ هێرتز، بەڕێوەبەری بەشی فیزیای گەردوونی لە ئاژانسی ناسا دەڵێت: ئێستا ئاماژەی ئەوەیان بەدەستکەوتووە کە ئاو، بە هەمان ئەو پێکهاتەیەی کە لەسەر زەوی هەیە، لەو ناوچانەی مانگدا هەیە کە بە تیشکی خۆر رووناکدەکرێنەوە. 

دۆزینەوەی ئاو لەسەر رووە رووناکەکەی مانگ ئەو بیرۆکەیەی پێشوو پووچەڵ دەکاتەوە کە پێی وابوو دەکرێت ئاو لەسەر رووە تاریکەکەی مانگ هەبێت. 

زاناکان پێیانوایە دەکرێت دروستبوونی ئەو ئاوە لەسەر رووی مانگ لە رێگەی ئەستێرە کلکدارەکان یان خۆرەبایەکان گەیشتبێتە ئەوێ.

هەروەها پێشبینی دەکرێت کەشتیوانە ئاسمانییەکان بتوانن ئاوەکە وەکو سەرچاوەیەک بۆ دروستکردنی ئۆکسجین یان ئاوی خواردنەوە بەکاربێنن و بەو شێوەیە بتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر لەسەر مانگ بمێننەوە. 

هەروەها زاناکان دەڵێن، دەتوانرێت ئەو ئاوە بۆ دروستکردنی سووتەمەنی مووشەکەکان بەکاربهێنرێت کە ئەوەش وادەکات مووشەکە ئاسمانییەکان بە قەبارەی بچووکتر و تێچووی کەمتر دروستبکرێت و گەشتکردن لە نێوان مانگ و زەویشدا ئاسانتر دەبێت. 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif