سەرۆکی پارتێکی تورکیا: هەموو جۆرە هەموارێک بۆ زمانی کوردی دەکەین

ليست هناك تعليقات


 

سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دێڤا) لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە ئامەدی باکووری کوردستان باسی لەو گوشارانە کرد کە لەسەر زمانی کوردی و قسەکردن بە زمانی کوردی دروستکراوە.

عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دێڤا) رەخنەی لە حكومەت گرت و ئاماژەی بەوە دا، "لەگەڵ فێربوونی زمانی تورکی کە زمانی هاوبەشمانە، بە شێوەیەکی گونجاو بە دەوڵەتی دیموکراسی و ماف، تەواوی هەموارکردنەوەکان دەکەین بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن زمانی دایک بەکاربهێنن و پێشیبخەن. هەروەها تەواوی ئاستەنگەکانی بەردەم پەروەردە بە زمانی دایکیشەوە هەڵدەگرین."

سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن باسی لەو دایکە کوردانە کرد کە زمانی تورکی نازانن و بە مەبەستی بینینی رۆڵەکانیان سەردانی گرتووخانەکان دەکەن.

باباجان گوتی، "ئێمە بووینە شایەتی فرمێسکی ئەو دایکەی کە یەک رستە زمانی تورکی فێربووبوو، ئەویش 'قەمبەر ئاتێش چۆنی' بوو. باشە هیچ کەسێک هەیە یادی ئەو کەسانە بە خێر بکاتەوە کە قەدەخەیان کرد دایک لەگەڵ رۆڵە زیندانیکراوەکەیدا بە زمانی دایک قسە بکات؟ کار وەها بڕوات هیچ کەسێک یادی ئەم حکومەتە و هاوبەشە بچووکەکەی بە خێر ناکاتەوە کە ئێستا دووبارە کێشەی کوردیان زیندووکردووەتەوە و دەیانەوێت مافەکانی دیموکراتی لە هاووڵاتییان بسەنن."

چیرۆکی 'قەمبەر ئاتێش چۆنی'

دوای ئەوەی 12ی ئەیلوولی 1980 کودەتای سەربازی بەسەر حکومەتی تورکیادا کرا و سوپا دەستی بەسەر دامودەزگاکاندا گرت و خەڵکێکی زۆری خستە زیندان و بەشێکی دیاریشی لە سێدارە دان، لەو قۆناخەدا کورد یەکێک بوو لەو نەتەوانەی کەوتە ژێر شاڵاوی زەبر و زەنگی دەسەڵاتی کەنعان ئێڤرەن کە لە رێگەی کودەتاوە دەسەڵاتی کۆنترۆڵ کردبوو.

چیرۆکی گفتوگۆی قەمبەر ئاتێش کە کوردێکی سێواز بوو و لە گرتووخانەی چاناککالێ زیندانی کرابوو، لەگەڵ دایکی ناوی دەرکرد. ئەو کاتە قەدەخە بوو لە گرتووخانەکاندا لە کاتی سەردانیدا بە زمانی کوردی قسەبکرێت. تەنیا دەبوو بە زمانی تورکی گفتوگۆ بکەن، ئەگەرنا سەردانییەکە هەڵدەوەشێنرایەوە.

لەسەر دەرگای شوێنی دیداری گرتووخانەکە نوسرابوو: "لە گرتووخانەدا جگە لە زمانی تورکی هەموو زمانێکی دیکە قەدەخەیە. قسەکردن بە دەنگی نزم و بەکارهێنانی دەست و ئاماژەی روخسار قەدەخەیە."

دایکی قەمبەر تەنیا زمانی کوردیی زانیوە. بۆ ئەوەی بتوانێت چاوی بە کوڕەکەی بکەوێت توانیبووی خۆی فێری یەک رستە بکات. تەنیا دەیتوانی بڵێت، ''قەمبەر ئاتێش نەسڵسن؟" واتە: قەمبەر ئاتێش چۆنیت؟

قەمبەر ئاتێش کە سزای 11 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابوو، بە تورکی قسەی لەگەڵ دایکی خۆیدا دەکرد کە ئەمە وەرگێڕدراوەکەیەتی:

- دایکی قەمبەر: قەمبەر ئاتێش چۆنیت؟

- قەمبەر ئاتێش: باشم دایە، تۆ چۆنیت؟ باوکم چۆنە؟ زێدەکەمان چۆنە؟

- دایکی قەمبەر: قەمبەر ئاتێش چۆنیت؟

- قەمبەر ئاتێش: باشم دایە، تەندروستیت چۆنە؟ لە رێگە چۆن بوویت؟

- دایکی قەمبەر: قەمبەر ئاتێش چۆنیت؟

- قەمبەر ئاتێش: خوشک و براکانم، دراوسێکان چۆنن، دایە؟

- دایکی قەمبەر: قەمبەر ئاتێش چۆنیت؟

دایکی قەمبەر ئاتێش تەنیا ئەوەی دەگوت و نەیدەزانی کوڕەکەی چی دەڵێت. بەمشێوەیە هەموو جارێک دیداری لەگەڵ کوڕەکەیدا دەکرد. ئەو دەیگوت، "من تەنیا کوڕەکەم دەبینم و تورکی نازانم، بۆیە لێی تێناگەم."





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif