ترەمپ ئامادە نییە ئەنجامی کۆتایی پشکنینی کۆرۆنای رابگەیێنێت

ليست هناك تعليقات



رۆژی هەینیی رابردوو 2020/10/02 ترەمپ تووشبوونی خۆی بە کۆرۆنا راگەیاند، رۆژی دووشەممە 2020/10/05 لە نەخۆشخانە دەرچوو و ئێستاش دەڵێت، "ئامادەم دەستبکەمەوە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن."

لەبارەی گەڕانەوەی ترەمپەوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن، شەوی هەینی 2020/10/09 سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز گوتی کە پشکینی کۆرۆنای کردووە، بەڵام ئامادەنەبوو ئەنجامەکەی ئاشکرابکات.

ترەمپ دەڵێت، چیدی داوودەرمان بەکارناهێنێت و هەست بە بەهێزی دەکات.

شەوی شەممە 2020/10/10 دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی دەست بە یەکەم کامپەینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکاتەوە و هێشتا هیچ ئەنجامێکی دوایین پشکنینی بڵاونەکراوەتەوە کە ئاخۆ کۆرۆنا لە جەستەیدا ماوە یان نا.

ترەمپ هەر لە واشنتن دەچێتە بەردەم لایەنگرانی و پێیان دەڵێت، "کۆرۆنام بەزاند و گەڕامەوە نێو کەشوهەوای بانگەشەی هەڵبژاردن."

هەفتەیەکە ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دابڕاوە، تووشبوونی بە کۆرۆنا کەمتر لە مانگێک لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دێت کە لە 3ـی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت.

لەسەر ئاستی نیشتمانی راپرسییەکان دەریدەخەن کە بایدن بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش ترەمپەوەیە، بەڵام ئەمە پێوەر نییە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و هەندێک ویلایەت لە ئەمریکا رۆڵێکی کارا لە یەکلاییکردنەوەی ئەنجامەکەدا دەگێڕن.

رۆژی دووشەممە ترەمپ لە بەرنامەیدایە لە ناوەڕاستی فلۆریدا هەڵمەتێکی هەڵبژاردن سازبکات. فلۆریدا یەکێکە لەو ویلایەتانەی ناکرێت ترەمپ بیدۆڕێنێت، شوێنی پشوویەتی و لایەنگرێکی زۆری لەوێ هەیە و چەندین موڵک و سامانی لەوێ هەیە.

ترەمپ لە باڵکۆنی کۆشکی سپیدا گوتار پێشکەش دەکات و بە گوێرەی ئەجێندای گوتارەکەی، جەخت لە جێبەجێکردنی دەسەڵاتی یاسا دەکاتەوە.

لەوەتەی خۆپێشاندانەکان لە چەندین ویلایەتی ئەمریکا لە دژی دەمارگیری و نادادپەروەری لە فرەڕەنگی سەریانهەڵداوە، ئەگەر هەموو رۆژ نەبێت، بە لای کەمەوە دوو رۆژ جارێک تویتێک دەکات و دەنوسێت "دەسەڵاتی یاسا جێبەجێ بکەن."

دیموکرات و کۆمارییەکان لەسەر خۆپێشاندانەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن رەشپێستەکانەوە رێکدەخرێن، لە رکابەرییەکی تووندی یەکدیدان.

ترەمپ هەموو دەسەڵاتێکی سەربازی و ئەمنیی بۆ کپکردنی خۆپێشاندانەکان بەکارهێناوە. دیموکراتەکان لە کاتێکدا کە دژی درووستکردنی قەرەباڵخین بەهۆی کۆرۆناوە، خۆپێشاندان بە مافی رەوای چین و توێژەکان دەزانن.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif