ئێرە سەر مانگە

ليست هناك تعليقات


ئاژانسی ئیدارەی بۆشایی ئاسمان و کەشتیوانە نیشتمانییەکان ناسراو بە (ناسا) و کۆمپانیای نۆکیا هەنگاوێکی دیکە بۆ پێشخستنی توانا تەکنۆلۆجییەکانی مرۆڤایەتیی دەنێن، هەنگاوەکەش بریتییە لە جێگیرکردنی یەکەم تۆڕی ئینتەرنێت لەسەر رووی مانگ و نۆکیاش رایگەیاندووە، توانیویانە ببن بە براوەی ئەم هەنگاوە و ئەرەکەکە بە ئەوان سپێردراوە.

نۆکیا هەنگاوەکە دەنێت
کۆمپانیای بەناوبانگی نۆکیا توانی ببێت بە براوەی گرێبەستێک بۆ دانان، گەشەپێدان و جێگیرکردنی یەکەم تۆڕی ئینتەرنێت لەسەر رووی مانگ.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی فراوان و دوورمەودای ئاژانسی ناسا بۆ دانانی بنکەیەکی مرۆیی بەردەوام و دوورمەودا لەسەر رووی مانگ تاکو ساڵی ٢٠٣٠.

کۆمپانیای نۆکیا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و لە راگەیندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تۆڕی ئینتەرنێتەکە سەر بە نەوەی چوارە (4G) و دەبێتە یەکەم تۆڕی پەیوەندیی بۆ ئینتەرنێت و مۆبایل لەسەر رووی مانگ، ئەمەش سودێکی زۆر بە کارەکانی ئاژانسی ناسا دەگەیەنێت لەسەر رووی مانگ.

ئەنجامدانی کارەکە
کۆمپانیاکە دەربارەی ئەگەری گونجاوی پڕۆژەکە لەگەڵ کەشوهەوای مانگ باسی لەوە کردووە، پڕۆژەکە توانای بەرگەگرتنی کەشوهەوای گەردوونی هەیە و توانای پێکەوەگرێدان و وزەبەخشنیشی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.

نۆکیا لەبارەی دەستپێکردنی پڕۆژەکەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٢وە دەست بە بڵاوکردنەوە و جێگیرکردنی تۆڕی ئینتەرنێت دەکەن لەسەر رووی مانگ، ئەمەش لە رێگەی کەشتییەک کە لەسەر رووی مانگ دەنیشێتەوە و کۆمپانیای (Intuitive Machines) دروستیدەکات.

ئاژانسی ناساش بە فرانس پرێسی وتووە، ئەم پڕۆژەیە یەکەم تۆڕی ئینتەرنێت دەباتە سەر ئەو مانگەی کە دوایین جار مرۆڤ لە ساڵی ١٩٧٢دا رووی تێکردووە.

ئامانجی پڕۆژەکە
لە راگەیەندراوەکەی نۆکیادا هاتووە، ئەم تۆڕەی ئینتەرنێت کە ئۆتۆماتیکییەن دوای گەشتنە مانگ دەست بە کار دەکات، بەبێ تەل کارئاسانی دەکات بۆ چالاکیی کەشتیوانە ئاسمانییەکان، دروستکردنی پەیوەندیی لە رێگەی دەنگ و ڤیدیۆ، پێوانەکردن لە دوورەوە، بڵاوکردنەوەی رۆبۆت و کارپێکردنیان.

کۆمپانیای نۆکیا لە راگەیەندراوەکەیدا چەند وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی توانای تۆڕەکەوە خستووەتەڕوو، "ئەم تۆڕەی نەوەی چوار لەسەر رووی مانگ تۆڕێک بەردەستدەخات کە لە ئاستێکی درێژ و دووردا کاردەکات، بەراورد بە پێوەرەکانی ئێستا خێراییەکەی بەرز و شێوازی گەیاندنەکەشی متمانەپێکراوترە.

لە چوارەوە بۆ پێنج
کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە، دوای ماوەیەک ئەم (4G)یە دەبێت بە (5G)، هەروەک پلان هەیە ساڵی ٢٠٢٤ دوو گەردوونناس کە یەکێکیان ژنە بچنە سەر رووی مانگ، هەروەک پلان هەیە بنکەیەکی بەردەوام لەسەر رووی مەریخ دابمەزرێت.

دوای ئەوەی چەند کۆمپانیایەک چوونە کێبڕکێوە بۆ بردنەوەی گرێبەستەکە، لقی ئەمریکای کۆمپانیای نۆکیا توانی گرێبەستەکە بە بەهای ١٤،١ ملیۆن دۆلار بباتەوە، کێبڕکێکەش رۆژی هەینی بە شێوازی ئاشکرا و لەلایەن ناساوە راگەیەندرابوو.

ئاژانسی ناسا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی لە ساڵی ٢٠٢٨ کە دروستکردنی بنکەیەکی مانگیی و پارێزگارییە لە بوونی مرۆییی لەسەر مانگ، ٣٧٠ ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتە زیاتر لە ١٢ کۆمپانیا بۆ بڵاوکردنەوەی تەکنەلۆجیا لەسەر رووی مانگ.

تایبەتمەندی
ئەم پڕۆژەیە بۆ بۆ ئەوەیە لە دوورەوە وزە بەرهەمبهێنرێت، رۆبۆت بڵاوبکرێتەوە، نیشتنەوەی کەشتییەکان لەسەر مانگ رێکبخرێت و پڕۆژەی ئینتەرنێتیش سەربگرێت.

جۆن ئۆلیڤەر لە کۆمپانیای نۆکیا دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت فۆر جی لەسەر مانگ باشتر ئیش بکات بەراورد بە زەوی، هۆکارەکەشی ئەوەیە لەسەر مانگ درەخت، بینا و تۆڕەکانی تەلەفیزیۆن نین و ئەمەش وا دەکات تۆڕی ئینتەرنێت لەسەر مانگ بە باشی کار بکات و تێکەڵ بە تۆڕەکانی دیکە نەبێت، بەڵام دەبێت بە وریاییەوە کار بکرێت و کارەکە لەگەڵ کەش و هەوای سەر مانگ، بۆشایی گەردوونی و تیشکەکانی سەر مانگ رێکبخرێت.

هەنگاوێکی بچوک بەڵام مەزن

نیل ئارمسترۆنگ لە ٢٠ی تەموزی ١٩٦٩ لەسەر رووی مانگ نیشتەوە، کاتێک یەک هەنگاوی خستە سەر رووی مانگ وتی، "ئەمە هەنگاوێکی بچوکە بۆ مرۆڤ، بەڵام هەنگاوێکی مەزنە بۆ مرۆڤایەتیی."

ژووری چاودێری لە ناوەندی گەردوونی کەنەدی کە سەرپەرشتی بەرنامەی Apolloی دەکرد، لێرە ئامادەکاری کرا بۆ هەڵدانی یەکەم کەشتی مرۆڤ (Saturn V)بۆ سەر مانگ لە ١٦ی نیسانی ١٩٦٩.

سێ هەزار راگەیەندنکار لە نزیک ناوەندی کەنەدی روماڵی هەواڵی هەڵدانی یەکەم کەشتی دەکەن بۆ سەر مانگ لە ١٦ی تەموزی ١٩٦٩.

لە ٢٠ی تەموزی ١٩٦٩، کاتژمێر هەشت و ١٧ خولەک و ٥٨ چرکە، ئەرمسترۆنگ لە مانگەوە یەکەم قسەی بۆ ناوەندی چاودێری لەسەر رووی زەوی کرد.

وێنەکە لەلایەن مایکڵ کولینزەوە گیراوە ئەوەش کاتێک کەشتییەکە لە مانگەوە گەڕایەوە، لە وێنەکەدا رووی مانگ دەردەکەوێت و لە دواوەش زەوی دەرکەوتووە.

لەو ماوەیەی کە ئارمسترۆنگ و ئاڵدرین لەسەر رووی مانگ مانەوە و ماوەکەی دوو کاتژمێر و نیو بوو، زیاتر لە ٢١ کیلۆگرام لە خاک و بەردی مانگیان کۆکردەوە و هێنایانەوە، ئەمە بەشێکە لەو پارچانەی سەر مانگ. 

لە ٢٤ی تەموز، کاتژمێر چوار و ٥٠ خولەک تیمی ئەپۆلۆ١١ لە زەریای ئارام نیشتنەوە، لە دووری ١٤٨٠ کیلۆمەتر لە باشوری رۆژئاوای هاوای.

ئەمریکا بۆ ئەوەی ئامادەیی خۆی پیشانبدات لە ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاریی دەربارەی گەردوون و بیسەلنمێنێت ئەوان وەک نوێنەری مرۆڤایەتی چوونەتە سەر مانگ، دوای هاتنەوەیان کەشتیوانەکان لە ماوەی ٤٥ رۆژدا، بە ٢٤ وڵات و ٢٧ شاری جیهاندا گەڕان و پێشوازییان لێکرا.


پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif