جۆ بایدن چی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەگۆڕێت؟‌

ليست هناك تعليقات


چەند رۆژێکی دیکە ئەمریکا و جیهان دەبنە بینەری رووداوێکی گەورە کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە، تاکو ئێستا هەردوو کاندید نزیکن لە یەکەوە و کەس ناتوانێت بە تەواوی پێشبینی بکات کێ براوە دەبێت، لە ئێستادا ئەوەی باسی لێوە دەکرێت گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە، ئەگەر جۆ بایدن ببێتە سەرۆکی وڵات.
گۆڕانکاریی
هەر کاندیدێکی نوێ دەچێتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بانگەشەی گۆڕانکاریی دەکات، جۆ بایدن پێی وایە ترەمپ ئەمریکای رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە و پێگەی وڵات و ئاسایشە نیشتمانییەکەی لە دەرەوە خستووەتە مەترسییەوە.

تۆنی ئەریند پرۆفیسۆر لە زانکۆی جۆرج تاون پێی وایە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و ئەنجامەکەی کاریگەریی زۆریان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت، چونکە هەردوو بەرەکە هەڵگری دوو تێڕوانینی جیاواز و دژ بەیەکن لەبارەی شێوازی سەرکردایەتیی ئەمریکا و ئەوەی کە دەبێت سیاسەتی وڵات بەرامبەر جیهان چۆن بێت.

دۆناڵد ترەمپ بەوە ناسراوە هەمیشە ئەمریکا دەکاتە یەکەم ئامانج، لە سەرجەم ئەو رێککەوتنانە دەکشێتەوە کە پێی وایە لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە، پەیوەندییەکانی لە ئاستی جیهاندا زیاتر لەسەر بنەمای بنەما ئابووری و بازرگانییەکانە، بڕیاری چاوەڕواننەکراو دەدات، کەسێکی نارێکخراو دیارە و زۆربەی بۆچوونەکانی لە تویتەرەوە دەردەبڕێت.

جۆ بایدن زیاتر کەسێکە جیهان لە ئاستە تەقلیدییەکەیدا دەبینێت و جەخت لەم جیهانە و رۆڵی ئەمریکا دەکات، وەک ئەوەی لە دامەزراوە نێو دەوڵەتییەکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانییدا هەیە و زیاتر کار لەسەر بەها هاوبەشەکانی رۆژئاوا دەکات، جیهانێک کە لەسەر هاوپەیمانییە جیهانییەکان دامەزراوە.

بایدن چی دەگۆڕێت؟
بەپێچەوانەی ترەمپ کە پشتی لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کرد و دیکتاتۆرەکانی گەورە کرد، جۆ بایدن زیاتر کار لەسەر چاککردنەوە و رێکخستنەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزکراوەکانی سەردەمی ترەمپ دەکات، بەتایبەت لەگەڵ ناتۆ و دیسان چوونە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. 

چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری سەرکەوتنی جۆ بایدن، ئیدارەی ئەمریکا بگەرێتەوە بۆ ناو رێکخراوی تەندروستی جیهانی و سەرکرادیەتی جیهان بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ترەمپ و ئیدارەکەی هەستیان کردووە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا وێنەی ئەمریکا لە جیهان بەر زیان و کێشە کەوتووە، بۆیە ئێستا لە بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپدا هەست بە گۆڕانکاری دەکرێت بۆ راستکردنەوە و چاککردنەوەی ئەم وێنەیە، بەتایبەت ئەو زیانەی بەر ئەمریکا کەوتووە بەهۆی پشتگیریکردنی رژیمە دیکتاتۆرییەکانەوە.

دانیەل بلیتکا لە پەیمانگای ئەمریکان ئینتەرپرایز پێی وایە بابەتەکە زیاتر شکڵییە لەوەی ناوەڕۆکیی بێت، وای دەبینێت، ئیدارەی ئەمریکا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە و دەپرسێت ئایا بەراورد بە ٧٠ ساڵی رابردوو هێز و هەژموونمان لەدەستداوە؟ نەخێر.

گۆڕانی ژینگەیی
جۆ بایدن گرنگی یەکەمیی بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ژینگەیی دەدات و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی پاریس بۆ ژینگە، کە یەکێکە لەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی ترەمپ لێی کشایەوە.

ترەمپ پێی وایە رووبەڕووبوونەوەی گەرمبوونی کەشوهەوا هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووری، لە دەیان رێکخراوی ژینگەپارێزیش کشایەوە و دەشڵێت پێویستە پشت بە سوتەمەنی بەبەردبوو ببەستین.

لە بەرامبەردا جۆ بایدن پلانی هەیە بە بڕی دوو ترلیۆن دۆلار کار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی بکات بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازە زیانبەخشەکان لە ژینگەدا، باس لەوەش دەکات لە رێگەی جێبەجێکردنی ئەم پلانەوە ئابوورییەک لەسەر وزەی پاک دابمەزرێنێت کە هەلی کار بۆ ملیۆنان کەس بڕەخسێنێت.

ئێران ناکۆکییە گەورەکە
ئێران یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان دیموکرات و کۆمارییەکان، جۆ بایدن دەڵێت پلانی هەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەو رێکەوتنەی ترەمپ لێی کشایەوە، ئەویش سوککردنی سزاکانی سەر ئێرانە بەرامبەر کەمکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکە لەلایەن تارانەوە.

ئیدارەی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٨ لەم رێککەوتنە نێودەوڵەتییە کشایەوە و پێیان وابوو، رێککەوتنەکە لاوازترە لەوەی بتوانن رووبەڕووی هەڕەشەکانی ئێران ببنەوە و لاوازتریشە لەوەی چالاکی ئەتۆمیی تاران کەمبکاتەوە.

دوای کشانەوەی لە رێککەوتنەکە، ترەمپ گەڕایەوە بۆ سەپاندنی سزاکان و گۆشەگیرکردنی زیاتری تاران، هەفتەی رابردووش زۆرینەی کەرتی دارایی ئێران خرایە لیستی رەشەوە، لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەی واشنتن تاران بەشێک لە بەرنامە ئەتۆمییەکانی چالاککردەوە.

لە بەرامبەردا جۆ بایدن دەڵێت، سیاسەتی "قورسترین فشار" شکستی هێناوە، ئاڵۆزییەکانی زیاتر کردووە و هاوپەیمانەکانیشی خستووەتە بەرەی رەتکردنەوەمان، بەراورد بە کاتی پێش بوونە سەرۆکی ترەمپ ئێستا ئێران لە هەموو کات زیاتر نزیکە لە بوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

بایدن پەیمانی داوە ئەگەر ئێران پابەند بێت پێوەی دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنەکە، بەڵام تاکو ئێران پابەند نەبێت سزاکان بەردەوام دەبن و هەڵناگیرێن.

ئیسرائیل و عەرەب
سەرەڕای ناکۆییە زۆرەکانی نێوانیان، جۆ بایدن پیشوازی لە رێککەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات کرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرپەرشتی کرد، ئەمەش شتێکی سەیر نییە، بەتایبەت کە بایدن وەک سیاسییەکانی ناو پارتەکەی دۆستێکی لەمێژینەی ئیسرائیلییەکانە.

لەگەڵ ئەم دۆستایەتییەی بۆ ئیسرائیل چاوەڕوان دەکرێت بایدن پشتگیری لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ نەکات لەبارەی کەرتی رۆژئاوا، کە ئیدارەی ترەمپ پێیان وایە پڕۆسەی نیشتەجێکردنی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتیی نییە، ئیدارەکە لێبوردەش بووە بەرامبەر پلانی یەکلایەنەی ئیسرائیل بۆ لکاندنی ئەم ناوچە داگیرکراوانە بۆ سەر ئیسرائیل.

باڵی چەپ لە ناو حزبی دیموکرات (کە باڵێکی بەهێزە لە ئاڕاستەکردنی سیسەتی دەرەوە و لە هەموو کاتێک بەهێزترن) بەرەو ئەو ئاڕاستەیە کە رۆڵێکی زیاتر ببینێت لە بەرگریکردن لە مافی فەڵەستینییەکان.

روسیا
ترەمپ بەرامبەر روسیا سیاسەتێکی نوێی پەیڕەو کرد، ئامادەبوو لە ئاستی تایبەتدا چاو لەو رەفتارانەی پوتن بپۆشێت کە لای ئەمریکییەکان رەفتاری نەشیاو بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر روسەکان توند بوون و سزای زۆریشیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.

چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری سەرکەوتنی جۆ بایدن ئەم سزایانە بەردەوام بن بەڵام توندی و گرژییەکان کەمببنەوە.

ترەمپ ئەوەی راگەیاندووە کە دەیەوێت هەوڵ بۆ پاراستنی ئەو دوو رێککەوتنە بدات کە لەگەڵ مۆسکۆدا ئەنجامی داون، بەتایبەت سنوردارکردنی چەکە ئۆمییەکانیان کە ترەمپ لێیان کشایەوە و مۆسکۆی بە فێڵکردن تۆماتبارکرد، بایدن بەڵینیشی داوە درێژە بە سێیەم رێککەوتنی نێوان وڵاتەکەی و روسیا بدات کە لە شوباتی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت.

چین
ئەو وتانەی ترەمپ لەبیرناچنەوە کە ساڵی ٢٠١٧ باسی لە تامی ئەو کێکە دەکرد لەگەڵ شی جیپینگ سەرۆکی چین خواردوویەتی، بەڵام دوای ماوەیەک هەموو شتەکان گۆڕان و پەیوەندییەکانی چینی و ئەمریکییەکان چوونە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ بە بەردەوامیی چینی بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمەتبار دەکرد و ڤایرۆسەکەشی بە چینی ناودەبرد.

لەگەڵ ئەوەی لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی ناکۆکن، بەڵام هەردوو حزبی کۆماری و دیموکرات کۆکن لەسەر وەرگرتنی هەڵوێستی توند بەرامبەر چین بەتایبەت لە بواری بازرگانیدا.

بایدن دەیەوێت بەردەوامی بە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بدات لە دژی "هەگاوە ئابوورییە زیانبەخشەکان"ی چین، بەڵام بەپێچەوانەی ترەمپ کە تاکلایەن دەیکرد، بایدن دەیەوێت لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا ئەم کارە بکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif