ئێران: ڕێككەوتوین كە عێراق قەرزەكانمان بداتەوە

ليست هناك تعليقات



عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران، ئاشکرایکرد لەگەڵ عێراق رێککەوتوون، بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی لەسەریەتی بەهۆی کڕینی کارەبا و گازەوە.

هیممەتی رۆژی دووشەممە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ مستەفا غالب، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقدا کۆبووەوە، ئاشکرایکرد هەردوو وڵات گەشە بە ئاڵوگۆڕە بازرگانی و بانکییەکانی نێوانیان دەدەن.

بانکی ناوەندیی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا، لەبارەی سەردانەکەی هیممەتییەوە گوتی، سەردانەکە "لە چوارچێوەی هاوکاری لە کەرتەکانی بانکی نێوان هەردوولا و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەو شایستە داراییانەی لایەنی ئێرانی لەسەر عێراق هەیەتی".

میدیای ئێرانی، تیشکی زۆریان خستووەتە سەر سەردانەکەی هیممەتی، ئاژانسی 'ئێرنا'ی فەرمی گوتی "سەردانەکەی هیممەتی و شاندە یاوەرەکەی، کە گەورە بەرپرسانی دارایی و بازرگانین، لەچوارچێوەی بەدواداچوونی گێڕانەوەی شایستە داراییەکانی ئێرانە، لە دراوی قورس و دانەوەی قەرزەکانی سەر عێراقە، بە ئێران".

هیممەتی قسەی بۆ ئاژانسەکە کردووە و گوتویەتی هەردوو بانکی ناوەندی رێكکەوتوون لەسەر ئازادکردنی پشکە ئێرانییەکان لە عێراقدا، دووپاتیکردووەتەوە، لەگەڵ بەرپرسە بازرگانییەکانی عێراقدا، باسیان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئازادکردنی سەرچاوە ئێرانییەکان کردووە، بەئامانجی کڕینی کاڵا سەرەکییەکان.

هیممەتی کە هەمان رۆژ چاوی بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کەوتووە، گوتویەتی وڵاتەکەی پارەیەکی "بەرچاو"ی لە هەناردەکردنی گاز و کارەبا لای عێراقە.

سەرچاوە عێراقییەکان، بڕی قەرزەکەی ئێرانیان بە دوو ملیار دۆلار خەمڵاندووە.

بەرپرسە ئێرانییەکە، وەک ئەوەی سەرچاوە هەواڵییەکانی وڵاتەکەی ئاشکرایانکردووە، بەڵێنی لە بەرپرسە عێراقییەکان وەرگرتووە، لەماوەی هەفتەیەکدا بەدواداچوون بۆ 'جێبەجێکردنی رێککەوتن'ی نێوانیان بکەن.

سەردانەکەی هیممەتی، یەکەم سەردانی بەرپرسێکی دارایی ئێرانە بۆ دەرەوەی وڵات، پاش نوێترین سزای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا.

پێنجشەممەی پێشوو، ئەمریکا سزای بەسەر 18 بانکی ئێرانیدا سەپاند، بەمەبەستی گۆشەگیرکردنی سیستمە داراییەکەی ئەو وڵاتە لە ئابووریی جیهان. ئەمریکا دەیەوێت بانکە ئێرانییەکان هیچ جۆرە دراوێکی قورسی بیانییان بەدەستنەگات.

ئاژانسی دەنگوباسی 'فارس'ی ئێرانی ئاشکرایکردووە، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی دوو قۆڵی کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پێویست، لەپێناو یەکلاکردنەوەی بابەتە داراییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

پێشتر حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران، لەبارەی سزا نوێیەکانی ئەمریکاوە گوتبووی "ئەو هەنگاوە بۆ رێگرییە لە ئێران تا حەواڵەی دارایی نەمێنێت کە بۆ کڕینی دەرمان و خۆراک بەکاریدەهێنێت". سەرۆکی ئێران، رۆژێک دوای نوێترین سزای ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەیدا، رێنوێنی خاڵە گومرگییەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ ئاسانکاریکردن لە میکانیزمی مۆڵەتدان بەهەناردەکردنی کاڵاکان، هەروەها فەرمانی بە وەزارەتی دارایی وڵاتەکەیدا بۆ چالاککردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

سزا نوێیەکانی ئەمریکا، سیستمی بانکیی ئێرانی شپرزە کردووە، ئامانجی بێبەشکردنی هەموو بانکە ئێرانییەکانە لە بەدەستهێنانی دراوی بیانی، ئەمەش ئێران بێبەشدەکات لە توانای کڕینی کاڵا لە دەرەوە. هاوکات ئەو سزایانە زیانی زۆریان بەبەهای تمەنی ئێرانی گەیاندووە. رۆژانی رابردوو تمەنی ئێرانی بۆ نزمترین ئاست لە بەرامبەر دۆلاردا دابەزی و هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر 320 هەزار تمەنی ئێرانییە.

بەرلە سەردانەکەی بۆ بەغدا، هیمەتی ئاشکرایکردبوو، بانکی ناوەندیی ئێران، رۆژانە 50 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، لەپێناو رێگرتن لە شپرزەبوونی زیاتری بەهای دراوی ئێرانی بەرامبەر دۆلار.

حکومەتی ئێران، دەیەوێت ئەو قەرزانەی لەسەر عێراق هەیەتی، بەهۆی فرۆشتنی گاز و کارەباوە، بەزووترین کات بەدراوی قورس وەریان بگرێتەوە، لەپێناو رێگریکردنی زیاتر لە کاریگەریی سزا داراییەکانی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەدا. هیممەتی بەرلەسەردانەکەی بەغدا گوتی 'هەواڵی خۆش' هەیە لەبارەی گێڕانەوەی پارە و سەرچاوە داراییەکانی ئێرانەوە.

ئێران بە سزا نوێیەکانی ئەمریکا سەخڵەتە و چەندین بەرپرسی ئێرانی، قسەیان لەسەر نوێترین سزاکانی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەیاندا کردووە، کە لە دۆخێکی دارایی خراپدایە.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتبووی، "سزا نوێیەکانی ئەمریکا، ئامانجیەتی ئەو سەرچاوانەش نەهێڵێت کە لەبەردەست ئێراندا ماون بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان".

عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، مامۆستای ئابووری لە عێراق، لەبارەی سەردانی بەرپرسە ئێرانییەکەوە، رایگەیاندووە ئەو وڵاتە بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ تەنگژەی بکوژی دروستبوو بەهۆی سزا نوێیەکانی ئەمریکاوە.

مەشهەدانی بە رۆژنامەی 'ئەلشەرق ئەلئەوسەت'ی راگەیاندووە: "سزا نوێیەکان گرنگترین بانکە ئێرانییەکانی سەرچاوەی هەناردە و هاوردەی ئێرانی کردووەتە ئامانج، ئەوەش کێشەیەکی گەورەی بۆ ئەو وڵاتە دروستکردووە و هەوڵدەدەن لە رێگەی کەرتی بانکی عێراقییەوە، فێڵ لە سزاکانی ئەمریکا بکەن، بەتایبەت کە ئاشکرایە ژمارەیەکی بەرچاوی بانکی ئێرانی لە عێراقدا هەن".

ئیحسان جەبر، مامۆستای سیاسەتی دراو لە زانکۆی بەغدا، بەهەمان رۆژنامەی راگەیاندووە، سەردانەکە هیچ سوودێکی بۆ عێراق نییە، هۆشداریداوە لەوەی ئێرانییەکان ئەو بانکانەی هی خۆیانە و بەناوی بانکی عێراقییەوە کاردەکەن، بۆ بەدەستهێنان و گواستنەوەی دراوی بیانی بۆ وڵاتەکەیان بەکاردەهێنن و ئەوەش، وەک ئەو گوتویەتی "ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوەی بۆ ئاشکرا ببێت، کە عێراق بووەتە سەرەڕێی گواستنەوەی پارە ئێرانییەکان بۆ ناو وڵاتەکە و دەرەوەی، ئەوا بێگومان سزای عێراق دەدات. چونکە پێشتریش وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ناوی ژمارەیەک بانکی عێراقی لە لیستی رەشدا داناوە، بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ 'سوپای پاسداران'ی ئێران و 'حیزبوڵڵا'ی لوبنانی و دامەزراوەکانی دیکە".

جەبر پێیوایە، عێراق تاکە دەروازەی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی ئێرانە، بەڵام ئەو کارە بێگومان رەنگدانەوەی کارەساتباری لەسەر عێراق دەبێت، ئەگەر بانکە عێراقییەکان هەوڵبدەن فێڵ لە سزاکانی ئەمریکا لەسەر تاران بکەن.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif