پۆگبا لە رقی ماکرۆن یاری بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا ناکاتەوە

ليست هناك تعليقات


 

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئاشکرایانکردووە، پۆل پۆگبای ئەستێرەی فەرەنسی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بڕیاریداوە واز لە یاری نێودەوڵەتی بێنێت، وەک هەڵوێستێک لە دژی لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا لە دژی ئیسلام و پێغەمبەرەکەی محەممەد (د.خ).

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی 21ـی ئەم مانگە وتارێکی لە رێوڕەسمی رێزگرتن لە مامۆستای سەربڕاوی فەرەنسی سامۆئێل پاتی، بە دەستی موسڵمانێکی چیچانی لە پاریس پێشکێشکرد و قسەکانی ماکرۆن کاردانەوەی زۆریان لێکەوتەوە، چونکە دووپاتیکردەوە کە واز لە کاریکاتێر ناهێنین و واز لە وێنە دەستییەکان ناهێنین، مەبەستی ئەو کاریکاتێرانەبوو کە پێشتر لەسەر پێغەمبەری ئیسلام دروستکرابوون.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن "پۆگبا زۆر لەوە تووڕەبووە کە حکومەتی فەرەنسا رێزی لەو مامۆستایە گرتووە کە وێنە کاریکاتێرییەکانی دژ بە محەممەد پێغەمبەر بڵاوکردووەتەوە و پێشانی قوتابییەکانی داون".


پۆگبا و هاوژینەکەی ماکرۆن جامی جیهانی 2018 بەرزدەکەنەوە



ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە خودی یاریزانە تەمەن 27 ساڵانەکە هێشتا هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە و تەنانەت یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنساش هێشتا هیچ قسەیەکی لەو بارەیەوە نەکردووە.

مامۆستا سامۆئێل پاتی، رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەر لە شارۆچکەیەکی نزیک پاریس لەلایەن خوێندکارێکی بە بنەچە چیچانییەوە کوژرا، دوای ئەوەی مامۆستاکە لەنێو پۆلێکدا لە قوتابخانە ئەو کاریکاتێرانەی پێشانی خوێندکارەکانی دانەوە کە لەلایەن گۆڤاری (شارلی ئیبدۆ) دروستکراون لەسەر پێغەمبەری ئیسلام و کاتی خۆی ناڕەزاییەکی بەرفراوانی لەنێو موسڵمانان دا دروستکرد. 

لەسەر ئەو رووداوە ماکرۆن مەدالیای لێژۆنی شەرەفی بە مامۆستاکە بەخشی، کە بەرزترین و بە نرخترین مەدالیایە دەوڵەتی فەرەنسا دەیدات. ماکرۆن کوشتنی مامۆستاکەی بە "هێرشێکی تووندئاژۆی ئیسلامی" وەسفکرد و گوتیشی "یەککگرتن و سووربوون تاکە وەڵامن بۆ دڕندایەتی تووندئاژۆیی ئیسلام".

بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، پۆگبا بە بیستنی ئەو قسانەی سەرۆکی وڵاتەکەی زۆر تووڕەبووە و بڕیاری داوە چیدی یاری بۆ هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا نەکاتەوە، چونکە پێیوایە ئەوە سووکایەتیکردنە بە ئیسلام و موسڵمانانی فەرەنسا، بە تایبەتیش کە ئیسلام دووەم گەورەترین ئایینە لە فەرەنسا.

پۆل پۆگبا، ساڵی 2013 بۆ یەکەمجار چووەتە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا و لە 2018 لە گەڵیدا جامی جیهانی بردووەتەوە. 72 یاری بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا کردووە و خاوەنی 10 گۆڵی نێودەوڵەتییە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif