ڕاپۆرت: تێڕوانینی بایدن و ترەمپ بۆ دۆسیە نێودەوڵەتییەکان

ليست هناك تعليقات



هەر چوار ساڵ جارێک، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کاریگەریی لەسەر هەموو رووداوە جیهانییەکان دروستدەکات. ئاراستەی هەڵبژاردنەکان و رووداوەکانی ناوی، باڵ بەسەر میدیاکاندا دەکێشێت و کەسایەتی سەرۆکی نوێی وڵات و شێوازی بیرکردنەوەی و پاشخانی ئەو پارتەی لێوەی هاتووە، رۆڵی گەورەیان دەبێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکادا، لە شێواز و ئاستی وجودی ئەمریکا لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە، تاوەکو رێککەوتنەکانی ئاشتی و چارەسەری تەنگژەکان و ئەنجامدانی جەنگیش.

هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، کە هەفتەی داهاتوو دەکرێن، گۆڕانکاریی قووڵ لە سیاسەتی ئەمریکادا دروستدەکات، چونکە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، چەقبەستنێکی پێشبینینەکراوی ئابووری خستەوە کە رەنگدانەوەی لەسەر ئاراستەی پێشبڕکێکانی سەرۆکایەتی هەبوو. بەر لە بڵابوونەوەی کۆرۆنا، پێشبینییەکان دەریاندەخست کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستا، لەرێگەدایە بۆ بەدەستهێنانەوەی کورسی سەرۆکایەتی بۆ جاری دووەم، ئەمەش لە سایەی کەمترین رێژەی بێکاری لە مێژووی وڵاتەکە و دەستکەوتە ئابوورییە بەهێزەکان.

ترەمپ کارتی ئابووریی کردبووە کارتێکی بەهێز بەدەستییەوە، هیچ کێشەیەکیش نەبوو لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا نەوێرێ دەستیان بۆ ببات. بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاسەواری بەهێزی لەسەر داهاتووی ئەو دروستکرد و هەلی سەرکەوتنەوەی ئەوی لاوازکرد. ئەوەتا جۆ بایدن، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا و بەپێچەوانەی پێشبینییەکانەوە، بووەتە بەهێزترین بەربژێری پارتی دیموکرات. دیموکراتەکان لە پشتی ئەو گردبوونەتەوە و بووەتە رکابەرێکی بەهێزی سەرۆک ترەمپ.

لەسایەی ئەو رکابەرییە بەهێزەی نێوان هەردوو بەربژێرە دیارەکەدا، ترەمپ کە نائارامی و ململانێیەکی جیهانی پێشتر نەبینراوی دروستکردووە. لەگەڵ جۆ بایدن کە هەوڵی گۆڕانکاری دەدات، لەبەردەم جیهاندا چەندین خاڵی ناکۆکی لەسەر سیاسەتەکانی دەرەوە بەرچاو دەکەون، کە هەردوو بەربژێرەکە لە ئەگەری بوونیان بەسەرۆکی ئەمریکا، لە ساڵانی داهاتوودا پەیڕەوی دەکەن.

پشێوییە دروستکراوەکانی دەستی ترەمپ

لەوکاتەوەی لە شوباتی 2017دا کورسییەکەی وەرگرتووە، ترەمپ رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە، لەسەر سیاسەتەکانی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتانە، کە بوونەتە بچووککردنەوەی شوێنی ئەمریکا وەک هێزێکی لیبراڵی جیهان.

ئایدۆلۆژیاکەی و کەسایەتییە ناسەقامگیرەکەی، سەریکێشاوە بۆ گرتنەبەری ئامانجی دوژمنکارانە. بەئەنقەست دژی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەستایەوە کە کار بۆ پتەوکردنی دیموکراتیەت و ئازادییە لبیراڵییەکان دەکەن. لەبری ئەوان رێگەیدا ئەو دامەزراوانەی وەک دوژمنێک تەماشای ئەمریکا دەکەن، بەنموونەی چین، بەهێزترببن و هەژموونیان لە کاروبارە جیهانییەکاندا زیاد بکات.

ئەو هێرشی کردە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، پشتگیری سەرۆکە بێزراوەکانی کرد و ململانێکانی قوڵکردەوە، نائارامی نوێی دروستکرد، بەتایبەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدیاریکراویش ئێران. کارێک کە زیانی بە پێگەی جیهانییانەی ئەمریکا گەیاند و کاریگەری لەسەر کاروبارە نێودەوڵەتییەکان دروستکرد.

هەرچی سیاسەتەکانی بایدنە، پێشبینیدەکرێت شێوازی ئیدارەدانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو، هاوشێوەی شێوازی ئیدارەی سەرۆک ئۆباما بێت. پێشبینیدەکرێت زۆرینەی فۆکەسی لەسەر دۆسێیەکانی ناوخۆ بێت، لەگەڵ گرتنەبەری سیاسەتێکی جیاواز لەوەی ئێستا لە دەرەوە، ئەمەش لە رێگەی کارکردن بۆ پشتگیری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندییە دۆستانە کەسییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهاندا، لەپاڵ پابەندبوونی بەردەوام بەخەرجییەکانی بەرگری ئاستبەرز و وریایی لە بەرامبەر رکابەرەکانی ئەمریکادا. لێرەوە دیارە کە زۆرینەی ستراتیژیەتی پێشبینیکراوی سەرۆکایەتییەکەی، دژی زۆرینەی بڕیارەکانی پێشووی ترەمپ دەبێت.

دەکرێ کەمێک پێشبینی ئەوە بکەین کە سەرکەوتنی جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان، زۆر هاوکێشەی ئەمریکا دەگۆڕێت. لەبەرئەوەی کە سەرۆک ترەمپ ئەو هاوکێشانەی هەڵاوگێڕ کرد، بەتایبەت لە بواری بازرگانیی جیهانی و کەشوهەوا و ژینگە. ئەمانە لەسەری پێویست دەکات کاربکات بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانی ریشەیی لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکادا، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەو گۆڕانکارییە هەر دەبێ رووبدات.

خاڵ و هێڵەکانی بیرکردنەوە و تێڕوانینی هەردوو بەربژێر بەتایبەت لە سیاسەتەکانی دەرەوەیاندا، لە چەندین بابەتدا کۆدەبێتەوە. بەتایبەت ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئەو دوو بەربژێرە چۆن بیر لە داهاتووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکەنەوە، چۆنیش مامەڵە لەگەڵ دۆسیە جیاوازەکاندا دەکەن؟

دیارترین دۆسیەی دەرەوە کە لە رێگەیەوە جیاوازییەکانی تێڕوانینی نێوان هەردوو بەربژێر دەردەخات، رەنگدانەوەی تێڕوانینی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆمارییە بۆ دۆسێیەکان و شێوازی تێڕوانین بۆیان.

پەیوەندییەکان لەگەڵ چین

پەیوەندییەکان لەگەڵ چیندا، یەکێکە لە گرنگترین و ئاڵۆزترین پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەدەی بیست و یەکدا، ئەمەش لەبەر چەندین هۆکار. لە رووی ئابوورییەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەورەترین ئابوورییە لە جیهاندا و چین دووەم گەورەترینە، پەکین ئێشتا هاوبەشی بازرگانیی واشنتنە لە ساڵی 2015ەوە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان 6 ترلیۆن و 519 ملیار دۆلارە.

لە رووی سیاسییەوە، چین هێزێکی هەڵکشاوە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، لە چەندین دۆسێی جیاواز و بابەتی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا، تێکگیربوونی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، تێکگیربوونەکان بەشێوەیەکە ئەو دۆسیانە بەئاسانی چارەسەر نابن.

ئیدارە یەک بەدوای یەکەکانی ئەمریکا، لە ریچارد نیکسۆنەوە تاوەکو باراک ئۆباما، هاوکاربوون بۆ دەرکەوتنی چین وەک هێزێکی ئابووری، ئەمەش لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی 'سەرخستن' یان سیاسەتی 'مامەڵەی دروست' وەک ئەوەی بیل کلنتنی سەرۆکی پێشووتر ناویناوە.

بەگەیشتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات، ستراتیژیەتێکی نوێی لە بەرامبەر چیندا پەیڕەوکرد و هەوڵیدا بەسەریدا بسەپێنێت، لەسەر بنەمای سیاسەتی 'رووبەڕووبوونەوە'، بەتایبەت کە هەژموونی بەهێزی چین لە هەڵکشاندایە. ئەمە لەگەڵ کەسایەتیی ترەمپدا گونجاوە کە لەوکاتەوەی لەسەر دەسەڵاتە، لە هەموو بنەما جێگیرەکان و رێککەوتنەکان، هەڵگەڕاوەتەوە.

پێدەچێت ئەم گۆڕانەی ئەمریکا قووڵ بێت و تاوەکو دوای سەرۆکایەتیی ترەمپ بەردەوام بێت، چونکە ئێستا لە واشنتن کۆدەنگییەک لەسەر ئەوە هەیە، کە سیاسەتەکانی پێشوو لە بەرامبەر چیندا، شکستیان هێناوە و پێویستە بەگرتنەبەری رێگەیەکی تووندتر، گۆڕانیان بەسەردا بهێنرێت. ترەمپ دووپاتیدەکاتەوە کە ئەندامبوونی چین لە رێکخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2001دا، 'هەڵەیەکی بکوژ' بوو. ترەمپ لە مامەڵەکردن لەگەڵ چیندا دوو رێچکەی جیاوازی پێشانداوە.

لە ئاستی بازرگانیدا، ململانێی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا دوای ئەوە دەستیپێکرد کە دۆناڵد ترەمپ، لە 22ی ئاداری 2018دا ئاشکرایکرد کە نیازی هەیە گومرگ بەبەهای 50 ملیار دۆلار لەسەر کاڵا چینییەکان دابنێت، بەپێی مادە 301ی یاسای بازرگانیی گشتی ساڵی 1974 کە باس لە 'کردە بازرگانییە نایەکسانەکان' و 'دزینی مافی داهێنانی فیکری' دەکات.

لە وەڵامێکی تۆڵەسێنانەدا، حکومەتی چین گومرگی بەسەر زیاتر لە 128 کاڵای ئەمریکیدا سەپاند. لە حوزەیرانی 2018ەوە ئەمریکا گومرگی بەسەر کاڵا چینییەکاندا سەپاند کە بەهاکەی 34 ملیار دۆلار بووە، چینیش نزیکەی هەمان بڕە پارەی بەدەستهێناوەتەوە.

لە ئەنجامی ئەو جەنگە بازرگانییە راگەیێندراوەدا لەسەر ئاستی ئابووری، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ نزمترینی نێوانیان لە چەند دەیەی رابردوو دابەزی. وێڕای ئەوەی کە هەندێک ناکۆکی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە دەیەکانی رابردوودا روویداوە، بەڵام جەنگی گومرگ سەپاندن، تووندترین جەنگی نێوان چین و ئەمریکایە، لە سییەکانی سەدەی رابردووەوە.

هەرچی ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکانی چین و ئەمریکایە، کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکانی پێشووی ئەمریکادا، جۆرێک لە نەگۆڕیی پێوەدیارە، ئێستا لەبەردەم قۆناخێکی جیاواز و تاقیکردنەوەی جیاواز دایە. لە جەنگی بازرگانییەوە تاوەکو دانوستاندنەکانی ئاشتی لە واشنتن و ناکۆکییەکانی ناو دەریای چین. ئێستا دونیا کەوتووەتە ناو سەردەمی رکابەرییەکی ماوە درێژی هێز، لە نێوان چین و ئەمریکادا.

گۆڕانکاریی سیاسەتەکانی ئەمریکا، رەنگدانەوەی گەورەی لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان هەیە، نەک هەر ئەوە بەتەنیا، بەڵکو لەسەر ئاستی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کاریگەریی زیاتری هەیە. لە ماوەی رابردوودا، ترەمپ چینی بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا تۆمەتبارکرد، رێکخراوی تەندروستی جیهانیشی بە "بووکەڵەی دەستی چین" ناوبرد، واتە چین چۆنی بوێت ئاوها هەڵیدەسووڕێنێت.

بۆ بایدن، لە راستیدا کۆدەنگییەک هەیە لە نێوان هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری، لەوەی پێشینەیەکی گەورە بدرێتە پەیوەندییەکان لەگەڵ چیندا، بەڵام جیاوازی لە مامەڵەی هەر یەکێک لەوان لەگەڵ دۆسێیەکەدا بەرچاو دەکەوێت.

لەلایەنی ئابوورییەوە، ئەگەر بایدن هەڵبژاردنەکان بباتەوە، کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاستی هەڵچوونەکانی جەنگی بازرگانیی لەگەڵ چین، بەڵام درێژە بەدانوستاندن دەدات لەگەڵ چیندا لەبارەی 'کردە بازرگانییە نایەکسانەکان' کە لەوانەیە سەربکێشێت بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری 'جەنگ'. هەروەها دەکرێ کاربکات بۆ لابردنی هەندێک لە سزاکانی دژ بە چین، لەبەرئەوەی ئیدارەی ئۆباما کاریکردووە لەسەر 'گێڕانەوەی هاوسەنگی' لە 'بەرەی ئاسیا'دا و ئەگەر هەیە ئیدارەی بایدنیش، هەمان رێچکە لە بەرامبەر چیندا بگرێتەبەر.

ماوەی سەرۆکایەتی ئۆباما، هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ چیندا بەخۆوەبینی، بایدن کە جیگری ئۆباما بوو، رۆڵی سەرەکی لە بونیادنانی ئەو سیاسەتەدا هەبوو. ئەوکات بیرۆکە باوەکە لە ژوورەکانی دروستکردنی بڕیارەکانی ئەمریکادا، بریتیبوو لە لکاندنی چین بە سیستمی نێودەوڵەتی و هاوکاریکردنی، تاوەکو رۆڵی هەبێت لە هەڵکشانی ئاشتییانە و پابەندبوون بە بنەماکانی سیستمی نێودەوڵەتییەوە.

ئێستا ئەو بیرۆکەیە گۆڕاوە، بۆچوونی باو ئەوەیە کە لکاندنی چین و هاوکاریی لەگەڵیدا، هیچ لە ئامانجە پێویستەکانی بەرهەمنەهێناوە، بەڵکو رۆڵی هەبووە لە گۆڕینی چین بۆ رکابەری ویلایەتە یەکگرتووەکان. بەوەش لێکجیابوونەوە و رووبەڕووبوونەوە، بووەتە جێگرەوەی لکاندن و هاوکاری، ئەمەش بێگومان رەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتەکانی بایدن دەبێت.

لەلایەنی سیاسییەوە، یەکێک لە ئاڵنگارییە گرنگەکانی بەردەمی بایدن، شێوازی چارەسەرکردنیەتی بۆ رێوشوێنە جیۆسیاسییە دوژمنکارانەکانی پەکین. لەوانەیە پەیوەندییە کەسییەکانی و کارلێکی پەیوەندییەکانی پێشووی لەگەڵ 'شی جین بینگ'، سەرۆکوەزیرانی چین، سوودی پێبگەیەنێت.

ئەوکاتەی جێگری سەرۆک بوو، بایدن چەند جارێک لەلایەن ئۆباماوە رەوانەی چین کرا، بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەت. لە ماوەی نێوان 2011 و 2012دا، لانیکەم هەشت جار 'شی و بایدن' کۆبوونەوەی سەرکەوتوویان ئەنجامدا و بەپێی رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' ئەوان بەفەرمی دیداریان ئەنجامداوە و پێکەوە پیاسەیان کردووە، پێکەوە نانیان خواردووە و تەنیا کەس کە لەو دیدارانەدا ئامادەبوون، وەرگێڕەکان بوون. ئەمەش مانای ئەوەیە کە بایدن بەشێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتووبووە لە دروستکردنی پەیوەندی کەسی بەشێوەیەکی خێرا، کە هاوکاربووە بۆ کرانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین.

پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکان

دۆناڵد ترەمپ، لەوەتەی بووەتە سەرۆک دروشمی 'یەکەمجار ئەمریکا'ی بەرزکردووەتەوە. هەندێک سەرەتا پێیانوابوو ئەوە تەنیا دروشمێکی هەڵبژاردنە و نابێتە ئەو ستراتیژیەتەی ئەمریکای بۆ ماوەیەکی زۆر تێیکەوت، پاش بەشداریکردنی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا لە پاڵ هاوپەیماناندا. بەڵام ترەمپ دەستیکرد بەپەیڕەوکردنی رێوشوێنەکانی ئەو سیاسەتە، بەوەش ترەمپ هەوڵیدا ئەو پاشخانە دوورودرێژەی کاری هاوبەش، کە وڵاتەکەی لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپادا هەیبوو، لەناو ببات. ترەمپ ئەمریکای لە هاوپەیمانێکی ئەوروپییەکانەوە بۆ رکابەری ئەوان گۆڕی، بەجۆرێک هەندێک دەڵێن: ترەمپ دروشمی 'یەکەمجار ئەمریکا'ی بەرز نەکردووەتەوە، بەڵکو دروشمی 'یەکەمجار پارە'ی بەرزکردووەتەوە و ئەوەش لە رێگەی دوو ئاراستەوە دەردەکەوێت:

یەکەمیان: گومانکردن لە سوودی ئەو هاوپەیمانییانە. ترەمپ پێیوایە پێویستە ئەمریکا دەستهەڵبگرێت لە کارپێکردنی بنکە سەربازییەکانی و بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لەسەر خاکی وڵاتانی بیانی، یاخود نەچێتە ناو ئەو هاوپەیمانییانەوە کە تێچووی زۆری پارەی دەخەنە ئەستۆ.

لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی 'واشنتن پۆست'دا لە نیسانی 2016، پرسیار لە ترەمپ کرا لەبارەی سوودی بوونی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەو بەراشکاوی گوتی "وەک خۆم، پێموانییە هیچ سوودێکی هەبێت". چەندینجاریش دووپاتیکردووەتەوە کە پەیمانی ناتۆ، "کۆن و ناکاریگەر" بووە. ئەمە رێک پێچەوانەیەکی راشکاوانەی کۆدەنگیی ئاسایشە کە پێیوایە ئەمریکا بەرژەوەندیی گەورەی لە پاراستنی هاوپەیمانەکانی لە رووی ئاسایش و ستراتیژییەوە، لە ناوچەکانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەیە.

ترەمپ، هەروەها پێیوایە کە هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی ئەمریکا، پێویستە تەواوی تێچووی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان و ناوچەکانیان بگرنە ئەستۆ. هەروەها پێویستە لەسەریان خۆیان بەتەنیا تێچووی بەرگریکردن لە خۆیان لە ئەستۆ بگرن، ئەگەر ئەمریکا ئەو تێچووانەی نەدا. لەسەر ئەو بنەمایە، ئیدارەکەی پێیوایە هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا نییە، ئەمەش بۆ خۆی گۆڕانێکی گەورەیە لە عەقیدەی ئاسایشییانەی ئەمریکادا.

لە چوارچێوەی هەمان گۆڕانکاریدا، ترەمپ ئامادەیی پێشانداوە بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییە سەپێنراوەکانی سەر رووسیا، کە ئیدارەی ئۆباما سەپاندوویەتی، بەهۆی سیاسەتەکانی رووسیاوە لە بەرامبەر ئۆکراینا. ترەمپ ویستی خۆیشی پێشانداوە، بۆ داننان بە دوورگەی کریمیا، وەک بەشێک لە خاکی رووسیا.

دووەم: بێسوودیی ئابووریی ئەو هاوپەیمانییانە. ئەمریکا تێچووی بەرگری لە هاوپەیمانەکانی لە ئەستۆ دەگرێت، بەبێ بوونی داهاتێکی راستەقینە، لەبەرئەوە ترەمپ پێیوایە کە ئەمریکا هیچ قازانجێکی راستەقینە، لەو پەیوەندییانە ناکات کە سیستمی نێودەوڵەتی و یاساکانی چەسپاندوویەتی. بەتایبەت لە بواری بازرگانیدا و بۆ ماوەی درێژ، ئەمریکا دژی رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد بوو، ئەو بۆخۆی لە رێککەوتنی بازرگانیی ئازادی ئەمریکای باکوور کشایەوە و رێککەوتنەکەی بە "خراپترین" رێککەوتنی بازرگانی ناوبرد. دواتریش لە رێککەوتنی هاوبەشیی بازرگانی زەریای ئارام کشایەوە. ترەمپ متمانەی بەتوانای ئەمریکا هەیە بۆچوونە ناو هەر جەنگێکی بازرگانی و هاتنە دەرەوە لەو جەنگە بەسەرکەوتوویی.

ترەمپ لە رووانگەیەکی ئابوورییانەی ئاسانی پشت بەستوو بە قازانج و زەرەر، تەماشای بابەتەکانی بازرگانیی جیهان دەکات. ئەو پێیوایە دەکرێ ئەمریکا هەژموونی ئابوورییانەی خۆی بەکاربهێنێت، بۆ سەپاندنی مەرجەکانی بەسەر ئەوانیدیکەدا، وەک گوشار بۆ سەر چین لەپێناو ئازادکردنی بەهای دراوەکەی. ترەمپ هەر تەنیا دژایەتی خۆی بۆ رێککەوتنە بازرگانییەکان دەرنەبڕیوە، بەڵکو ئەو دژی یەکخستنی ئابووریی نێودەوڵەتییە. ئەو هەروەها رۆڵی هەبوو لە زیانگەیاندن بەرووانگەی هاوبەشی ئەمریکا و ئەوروپا، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەنگژە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان، وەک رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران. پاش ئەوەی هێزە گەورەکان هاوکاربوون بۆ گەڵاڵەکردنی ئەو رێککەوتنە. هەروەها کشانەوە لە رێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا، دواجاریش کشانەوە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهان.

هەرچی جۆ بایدنی بەربژێری سەرۆکایەتییە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، هەوڵدەدات بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی پردی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەوروپییەکان و ناتۆ، دوای درزتێکەوتنی ئەو پەیوەندییانە لە ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپدا. لە رێگەی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنەکانی پێشووی نێوان ئەمریکا لەگەڵ ئەو لایەنانە، وەک رێککەوتنی پاریس لەبارەی کەشوهەوا، هەروەها لە رێگەی زیادکردنی بوونی سەربازییانەی ئەمریکا لە کیشوەرەکەدا و تووندبوونەوە لەسەر رووسیا، بایدن هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ ژێر چەتری ئاسایشی نێودەوڵەتی و دیاریکردنی بوونی سەربازییانەی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.

بایدن هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی ئەمریکا بەهاوپەیمانەکانییەوە بەهێز بکات، بەتایبەت لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ). پێشبینیدەکرێت بایدن هاوبەشییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکاندا بەدەست بهێنێتەوە و گوشارەکانی سەریان کەمبکاتەوە، ئەمە جیا لە کارکردن بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەر رووانگەی هاوبەشی ئەوروپا و ئەمریکا کەوتووە، لەبارەی زۆر دۆسێی نێودەوڵەتییەوە، لەوانەشە لەسەرووی هەموویانەوە رێککەوتنی ئەتۆمی وڵاتانی 5+1 بێت لەگەڵ ئێراندا.

قەبارەی ئەو گۆڕانکارییە زەبەلاحانەی ئەمریکا و جیهان بەخۆیانەوە بینیووە، لەوکاتەوەی ترەمپ هاتووەتە کۆشکی سپی، رەنگدانەوەی گەورەیان لەسەر ئاستی جیهان هەبووە، وەک پاشەکشەی شەپۆلەکانی گڵۆبالیزم و گۆڕانکاریی ئاراستەی بیرکردنەوەی هاونیشتمانیی ئەمریکی، لە بەرامبەر هەندێک لەو سیاسەتانە وەک بابەتی رێککەوتنە بازرگانییە ئازادەکات، کە بەهۆیانەوە ترەمپ پاشەکشەی لە رێککەوتنە هاوبەشەکانی بازرگانی لە زەریای ئارامدا کرد. ئەو گۆڕانکارییانە کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی بایدن دەبێت و پێشبینی ناکرێت بایدن، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەریان، چونکە زۆرینەی رای گشتیی ئەمریکا بەگومانەوە لە سوودەکانی ئەمریکا دەڕوانن لەو رێککەوتنانە.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران

هەرچی پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە بەشێوەیەکی گشتی، تاڕادەیەک لێکچوون لە نێوان سیاسەتەکانی ترەمپ و بایدندا هەیە، بەتایبەت لە بابەتی کەمکردنەوەی پەیوەستبوونی ئەمریکاوە بەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەمکردنەوەی رۆڵی سەرکردایەتییانەی لە ناوچەکەدا. تێڕوانینەکە بووەتە تێڕوانینێکی ستراتیژی ئەمریکا و بەخودی سەرۆکێکی دیاریکراوەوە پەیوەست نییە. بە پلەی یەکەمیش ئەمە بۆ دابەزینی بایەخی ستراتیژی ناوچەکە لە سیستمی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. لەگەڵ دەرکەوتنی هەل و هەڕەشە لە ناوچەی دیکەدا، بەتایبەت کیشوەری ئاسیا. لەبەرئەوە ئامادەیی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سنووردار و کەم دەبێت.

لە دۆسێی فەڵەستیندا، دۆناڵد ترەمپ پشتگیری پلانەکانی ئیسرائیل دەکات، بۆ پێوەلکاندنی بەشێک لە کەناری رۆژئاوا بە خاکی ئیسرائیلەوە. پێشبینیدەکرێت ترەمپ لەگەڵ ئەو پێکەوەلکاندنەدا بێت کە خزمەت بە گوتاری ئەو دەکات و وایپێشاندەدات کە پارتی کۆماری، ئێستا پشتگیریکەری هەرە گەورەی ئیسرائیلە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. ئەم هەنگاوە جۆ بایدن دەخاتە دۆخێكی قورسەوە، چونکە رازیبوون لەسەر ئەو پێوەلکاندنە، دەبێتە هۆی تووڕەبوونی باڵی چەپی پارتی دیموکرات، لە کاتێکدا زۆر پێویستی بە دەنگ و پشتگیری ئەو باڵە هەیە لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا.

بایدن لەوانەیە رووبەرێک بۆ هەڵوێستگۆڕین بهێڵێتەوە و هەڵوێستێک بونیاد بنێت، کە دیبلۆماسییەتی باڵای تێدا بێت و وایدابنێت کە بڕیاردان لەو بابەتە، پێویستە بۆ ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بەجێبهێڵدرێت.

تورکیا دۆسێیەکی دیکەی ناکۆکە لە نێوان هەڵوێستەکانی هەردوو بەربژێردا. ئەمەش بەهۆی پەیوەندی توندوتۆڵی ترەمپەوە بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیاوە. بەکردەنی کۆشکی سپی بەتووندی دژی سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر تورکیادا وەستایەوە، کاتێک ئەو وڵاتە سیستمی مووشەکی ئێس 400ی رووسی کڕی. ترەمپ لە بەرامبەر گوشارەکانی تورکیادا لە سووریا پاشەکشەی کرد.

بایدن لە 24ی ئابی ئەمساڵدا هۆشداریی تووندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد، رایگەیاند ئەگەر بەسەرۆک هەڵببژێردرێت، پشتگیری بڕیارێک دەکات کە دان بەکۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا دەنێت و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، بەرامبەر بڕیارێکی ترەمپ بۆ پاشەکشەپێکردنی لەناکاوی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا لە ساڵی 2019دا، کە بووە هۆکاری لەشکرکێشی تورکیا لەو وڵاتەدا. ئەوکات بایدن گوتی "ترەمپ کوردەکانی بە سووریا فرۆشت".

ترەمپ پێیوایە چوونە ناو جەنگەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک جەنگی ساڵی 2003ی عێراق، خراپترین بڕیاربوو لە مێژووی ئەمریکادا، ئەو دەڵێ بیانوویەکی بۆش بۆ جەنگەکە دروستکرا کە بوونی چەکی کۆمەڵکوژە، لە کاتێکدا ئەو چەکە نەبوو. لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە "ئەمریکا 8 تریلیۆن دۆلاری لە بواری جەنگ و بوونە پۆلیسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرجکردووە و هەزاران لە سەربازە مەزنەکانمان لەوێ کوژراون و بەسەختی برینداربوون، لەلایەنی بەرامبەریشدا ملیۆنان کەس کوژراون".

لەو سۆنگەیەوە ترەمپ بەتووندی دژی تێوەگلانە لە هەر شەڕ و ململانێیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ سوود بۆ ئەمریکا، هەرئەوەش پاڵنەربوو بۆ پاشەکشەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا. فەلسەفەی ترەمپ لەو لایەنەوە بریتییە لەوەی "پێویستە وڵاتانی ناوچەکە لێکەوتەکانی ئەو جەنگانە بگرنەئەستۆ و خۆیان رۆڵی پێشەنگ ببینن، لە بەدیهێنانی ئاسایش بۆ خۆیان و ناوچەکەیان، خۆ ئەگەر دەوڵەتانی ئەو ناوچەیە دەیانەوێت ئەمریکا بیانپارێزێت، دەبێ پارە بدەن". هەر لەبەرئەوە پێشبینیدەکرێت لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و سیاسەتەکانی ئەمریکادا، باسکردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنووردار بێت.

هاوئاهەنگیی نەوتیی نێوان ئەمریکا، رووسیا و سعودیە وا لە ترەمپ دەکات، گەرموگوڕیی کەمتری بۆ کارکردن لە پرۆسەی ئاشتی لە یەمەن، لیبیا و سووریادا هەبێت، پێشبیندەکرێت ململانێ عەرەبییەکان لە هەڵمەتەکانی ئەمساڵدا ئامادەنەبن، مەگەر لە ماوەی نزیکی داهاتوودا، بەهۆی کۆرۆناوە هەندێک وڵاتی ناوچەکە ململانێی نوێ بەخۆیانەوە ببینن.

لە بەرامبەردا، جۆ بایدن پشتگیری جەنگی سەر عێراقی کردووە، ئەو خاوەنی پرۆژەی دابەشکردنی عێراق بوو بۆ ناوچەی فیدراڵی، بەڵام دواتر لەو هەڵویستە پاشگەز بووەوە، هەروەها پشتگیری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان کرد لە ساڵی 2010دا، ئێستا لەگەڵ بوونی گەورەی سەربازیی لە عێراق و سووریا نییە. بایدن هەروەها پشتگیری پلانی ترەمپ دەکات، بۆ کۆتاییپێهێنانی جەنگە درێژخایەنەکان کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتاییان نایەت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدات کارنامەی خۆی لە کارنامەی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیا بکاتەوە، لە رێگەی هەندێک پێشنیازی جیاوازیی وردەوە، هەروەها دەکرێ لەبارەی پاشەکشە لە سووریا، رێوشوێنی نوێ بگرێتەبەر.

دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران

ترەمپ ناڕەزایەتی تووندی خۆی لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاراندا نەشاردەوە، کە ساڵی 2015 لەسەردەمی ئیداری ئۆباما واژۆ کرا و پێیوایە "خراپترین رێککەوتنە". لەبەرئەوەی ئێران دەخاتە سەر رێگەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

ترەمپ هەر بە رەخنەگرتن لە رێککەوتنەکە نەوەستاوە، بەڵکو لە ئایاری 2018دا لە رێککەوتنەکە پاشەکشەی کرد و سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە. ئەو پێیوایە رێککەوتنەکە سەرکەوتوو نەبووە لە راگرتنی هەوڵەکانی ئێران، بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. رێگری لە بەردەوامبوونی ئێرانیش نەکردووە بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامی مووشەکە بالیستییەکانی. ئەو بەراشکاوانە دەڵێ ئەوە "زۆر مەترسیدارە" و کار بۆ راستکردنەوەی دەکات و دەیکاتە یەکێک لە پێشینەی سیاسەتەکانی دەرەوە و هەوڵدەدات سزاکانی سەری زیاد بکات، بەشێوەیەک لە جاران زیاتر بێت.

ترەمپ لە 20ی نیسانی 2017دا رایگەیاند کە ئێران رێز لە رێککەوتنەکە ناگرێت، لە کاتێکدا بەهۆیەوە سزا نێودەوڵەتییەکانی سەری سووک کراون. ترەمپ لە 19ی ئەیلوولی هەمان ساڵ، لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئێرانی بەدەوڵەتی لە یاسا دەرچوو ناوبرد و رێگەی خۆشکرد، بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە لەگەڵیدا کاتێک گوتی "ناتوانین رێگە بەدەسەڵاتێکی بکوژی بەردەوام بدەین، ئەو جۆرە کارانە بکات بۆ شێواندنی سەقامگیریی، لەگەڵ بەردەوامبوونی لە بونیادنانی مووشەکی مەترسیدار، ناشتوانین پابەندی ئەو رێککەوتنە بین لەگەڵیدا، ئەگەر رێککەوتنەکە ببێتە چەتری پەرەپێدانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی".

بەرلە پاشەکشەی ئەمریکاش لە رێککەوتنەکە، ئیدارەی ترەمپ کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئامانجی سزاکانیش کەس و پێکهاتە بیانییەکان بوو، کە کار لەگەڵ دامەزراوە ئێرانییەکانی پەیوەست بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکە و پرۆگرامی مووشەکسازییەکە دەکەن.

لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانیشدا، ئیدارەی ترەمپ دەستیگرتووە بە گوشارەکانی بۆ سەر ئێران. لە 22ی نیسانی ئەمساڵدا، ترەمپ فەرمانی بەهێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی دا بە 'هێرشکردن و وێرانکردن'ی هەر بەلەمێکی سەربازیی ئێرانی، کە سەرئێشە بۆ کەشتییە ئەمریکییەکان دروست بکات. ئەمە پاش ئەوەی چەندجارێک گرژی لە نێوان هەردوولادا لەئاوەکانی کەنداودا روویدا.

کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا و بەفەرمانی راستەوخۆی ترەمپ، هێندەی دیکە گرژییەکانی بەرەو سەر برد.

هەرچی جۆ بایدنە، بە بونیادنەرانی بژارەی دیبلۆماسی لە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا تەماشا دەکرێت، لەپاڵ سەپاندنی سزاکاندا. بایدن بێگومان بەرگری لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەکات، چونکە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی سیاسەتی دەرەوەی سەردەمی سەرۆک ئۆباما. بایدن کاتێک سیناتۆر بوو، دژی بڕیاری ناساندنی سوپای پاسداران بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دەنگیداوە.

لەبەرئەوە پێشبیندەکرێت لەگەڵ هاتنە سەرکاری بایدندا، ئەمریکا مامەڵەی خۆی لەگەڵ ئێراندا بگۆڕێت. ئەم گۆڕانکارییەش دەستەبەری مانەوەی دەسەڵاتی ئێستای ئێران دەکات. لەبەرئەوەی ئەمریکا خۆی وا دەبینێت، کە پێویستی بە ئارامییەکی زیاتر هەیە لە دۆسێ ئاڵۆزەکەی لەگەڵ ئێراندا، بۆیە خۆی لە سەپاندنی سزای نوێ دەپارێزێت و گوشاری زۆرتریش ناخاتە سەری، بەڵکو ئێران هاندەدات بۆ دانوستاندن و ئارامبوونەوە.

لە کاتێکدا بەشێک لە کێشەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و رۆڵی ئێرانە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە سایەی بوونی دیموکراتەکاندا، سیاسەتێکی نوێ پەیڕەو دەکات، کە هەیەجانی کەمتری تێدابێت بۆ بەرگرتن لە رۆڵی ئێران لەسەر ئاستی هەرێمایەتی. بەڵکو ئەو ئیدارەیە زیاتر بەجۆشوخرۆش دەبێت بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، لەوانەشە هاوپەیمانییەکی لەگەڵدا دروست بکات، بەئامانجی ئارامکردنەوەی ئێران و گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی، ئەم ئەگەرانە هەموویان پێچەوانەی ئاراستەی ئیدارەکەی سەرۆک ترەمپن.

سەرکردایەتیی جیهانی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان

ترەمپ پێیوایە کە ئەمریکا بە سرووشتی، وڵاتێکی پارێزراوە، دواتر هیچ هەڕەشەیەکی مەترسیداری لەسەر نییە، لەبەرئەوە پێویستە واز لە دەستتێوەردان لەکاروباری وڵاتان بهێنێت و چاوبخاتە سەر ناوخۆ. لەو روانگەیەوە کە ئەمریکا هەم پێویستی بەجیهان نییە، هەم 80٪ی بازرگانییەکەی لەگەڵ ناوخۆی خۆیدایە.

لەلایەکی دیکەوە ترەمپ پێیوایە ئەوانیدیکە بەشی پێویستی قورسایی کاری دابینکردنی ئاسایشی ئەمریکا، بۆ سیستمی جیهانی لە ئەستۆ ناگرن، بۆیە لەسەریانە رۆڵێکی سەرکردانە ببینن، لە دابینکردنی ئاسایش بۆ خۆیان و ناوچەکانیان. ئەم بۆچوونە پەیامی روون دەدات بە وڵاتانی وەک چین، رووسیا، کۆریای باکوور و ئێران، کە ئەگەر هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانە بەرامبەر رکابەرەکانیان لە ناوچەکەدا بنێن، رووبەڕووی پەرچەکرداری ئەمریکا نابنەوە. ئەمە هاوکات گومان لای هاوپەیمانەکانی دروستدەکات، لەبارەی پابەندبوونی ئەمریکا بەپاراستنی ئاسایشی ئەوانەوە.

گۆشەگیرییەکەی ترەمپ، کاریگەریی قوڵی لەسەر رۆڵی ئەمریکا و تێڕوانینی بۆ خۆی دروستکردووە و ئێستا گەڕانەوە بۆ عەقڵیەتی پاش جەنگی دووەمی جیهانی هەیە، کاتێک ئەمریکییەکان گومانیان هەبوو لەوەی وڵاتەکەیان توانای هیچ رۆڵێکی سەرکردایەتی لە سیستمی جیهانیدا هەبێت.

ترەمپ، سەرکردەکانی کەنەدای دووچاری شۆککرد، کاتێک رێگریکرد لە چوونی باری دەمامکی ئەمریکا بۆ ناو کەنەدا، لە کاتێکدا پێشوازی لە دەستپێشخەریی ناردنی کەلوپەلی تەندروستی کرد لەلایەن رووسیاوە بۆ وڵاتەکەی. ترەمپ لە ئاداری رابردوودا، هەلی بەدەستهێنانەوەی پێشەنگایەتی جیهانی لە کۆنگرەی کۆمەڵەی بیستدا لەدەستدا. پێشنیازی هاوکارییکردنی کۆریای باکووری کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بەڵام هیچ هاوخەمییەکی لەو شێوەیەی بەرامبەر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دەرنەبڕی.

لەسەردەمی ترەمپدا، ناوی ئەمریکا لە لیستی هێزە نەرمەکانی سەر ئاستی جیهان، لە پلەی یەکەمەوە بۆ پلەی پێنجەم دابەزی. ئەمە پەیوەندی بە هەڵکشانی چینەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی راستەوخۆی بە لاوازیی توانا خودییەکانی ئەمریکا و گۆڕانی سیاسەتەکانییەوە هەیە، لە بەرامبەر هاوپەیمانەکانی و رکابەرەکانی لەیەککاتدا.

لە بەرامبەردا ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆک، لە چوارچێوەیەکی گەورەتردا کاردەکات، لەبارەی بیرۆکەی بەدەستهێنانەوەی رۆڵی پێشەنگایەتی ئەمریکا بۆ جیهان و هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و بەتەنیا ناچێتەوە ناوخۆی و دروشمی 'یەکەمجار ئەمریکا' بەرزناکاتەوە. ئەگەر هەیە بایدن چەند گۆڕانکارییەک بکات، بۆ دروستکردنی متمانە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەیدا. پێشبینیدەکرێت بایدن هەندێک لێدوان بدات، لەبارەی پابەندبوونی ئەمریکاوە بەدەستپێشخەرییە فرەلایەنەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

بایدن سوور دەبێت لەسەر بەدەستهێنانەوەی ئەو رۆڵەی ئەمریکا بەر لە 2017 لە جیهاندا هەیبوو. بەتایبەت کە بایدن پێشتریش لایەنگری ئەو جۆرە بیرۆکانە بوو، کە دژی هەڵوێستەکانی ئیدارەی ئێستای وڵاتە.

بایدن خۆی لە هەردوو رێککەوتنی پاریس لەبارەی کەشوهەوا و ئەتۆمی ئێراندا، راستەوخۆ بەشداربوو. ئەو لە 7ی حوزەیرانی ئەمساڵدا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەگەڕێنێتەوە نێو رێکخراوی تەندروستی جیهان و گوتی "ئەمریکییەکان زیاتر هەست بە ئارامی دەکەن، کاتێک دەبینن واشنتن بەشدارە لە بەهێزکردنی تەندروستیی جیهاندا. لە یەکەم رۆژی سەرۆکایەتیمدا ئەمریکا دەگێڕمەوە ناو رێکخراوەکە و پێشەنگایەتی جیهان بۆ ئەمریکا بەدەستدەهێنمەوە".

کۆتایی

وێڕای جیاوازی روون لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستی نێودەوڵەتی لە نێوان ترەمپ و بایدندا، بەڵام دەکرێ بگوترێ کە کۆدەنگییەک خەریکە گەڵاڵە دەبێت، لە نێو ئەمریکادا و لە نێوەندەکانی هەردوو پارتی سەرەکیدا، بەڕەتکردنەوەی رۆڵبینینی ئەمریکا وەک 'پۆلیس'ی جیهان لە سیستمی ئاسایشی جیهانیدا، ئەمەش بۆچوونێکە هەردوو بەربژێر پشتگیری دەکەن.

راپرسییەکی کۆمەڵەی 'بیۆ' بۆ لێکۆڵینەوە، دەریخستووە کە 57 لەسەدی ئەمریکییەکان پێیانوایە، پێویستە ئەمریکا لەپێشدا بایەخ بە چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی بدات و لێبگەڕێت ئەوانیدیکە خۆیان کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن.

لەماوەی کورتی داهاتوودا پاش هەڵبژاردنەکان، رۆڵی ئەمریکا پاشەکشەی زیاتر بەخۆوە دەبینێت، بەڵام ئەمە مانای کۆتایی رۆڵی ئەمریکا نییە لە جیهاندا، بەڵکو ئەمە مانای پاشەکشەیە لەو رۆڵەدا و گۆڕانە بەرەو هاوپەیمانی و هاوکاری. ئەمریکا هەر بە وڵاتێکی گەورەی خاوەن کاریگەری دەمێنێتەوە، بەڵام رۆڵەکەی لە جاران جیاواز دەبێت و رێگەی پێنادرێت ببێتە پۆلیسی جیهان.

ئەمریکا بۆی دەرکەوتووە کە بەتەنیا ناتوانێ سەرکردایەتی جیهان بکات و ساتی تاکلایەنانەی ئەمریکا، بەسەرچووە و ناتوانێ وڵاتەکانی دیکە بەو شێوەیە بەڕێوەببات کە خۆی دەیەوێت، بەڵکو ناچارە بەهاوکاریی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، بەتایبەت کە پێشینەی سیاسەتەکانی دەرەوە لە سەردەمی نوێدا بریتی دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاسەوارەکانی کۆرۆنا و سەرجەم ئەو بابەتانەی، پەیوەندییان بە بازرگانی و ئاستی ئابوورییەوە هەیە.

لەگەڵ ئیدارەی نوێدا، بۆچوونەکانی ترەمپ لەبارەی سزاکانی سەر ئێرانەوە، بۆچوونی کۆتایی نابێت. قورسیشە هەمان بۆچوون لەگەڵ چین و ئەوروپادا بەردەوام بن، ئەمریکا پێیوایە کە هاوکاری و دانوستاندن رێگەیەکی باشترە لە پەیوەندیبڕین و دوورکەوتنەوە. لە کاتێکدا ئیدارەی داهاتوو ئەگەر لەدەستی بایدندا بێت، لە هەندێک لایەنەوە درێژەپێدەری سیاسەتەکانی ئیدارەی ئۆباما دەبێت، بەڵام لایەنی گەورە بریتی دەبێت لە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییە گەورەکان، کە ئەمریکا و جیهان لە چوار ساڵی رابردوودا بەخۆیانەوە بینیوە، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەش کە لە ساڵانی داهاتوودا روودەدەن.

ترەمپ و بایدن لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، دوو بژارەی دژبەیەک دەخەنە روو، لە راستیشدا پێشتر رووینەداوە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا رووبەڕووی مەترسی لەو جۆرە بووبێتەوە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif