ئەو پیاوەی كوڕەكانی لەسەر عەرشی عێراق و ئوردن دانیشتن

ليست هناك تعليقات



لە 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1924 شەریف حوسێن بن عەلی دەستبەرداری عەرشی دەسەڵاتی حجاز بوو بۆ كوڕە گەورەكەی بەهۆی تێكشكانی هێزەكانی بەرامبەر پێشرەوی هێزەكانی ئال سعود، بەجۆرێك پێشرەویەكەیان گەیشتە حجاز و دەسەڵاتی خۆیان تێدا قایم كرد، بەڵام ئەمە كۆتایی خێزانی شەریفی مەككە نەبوو كە دوو كوڕی لەسەر عەرشی دەسەڵاتی عێراق و ئوردن دانیشتن.


شەریف بن حوسێن كێیە؟
شەریف حوسێن بن عەلی ساڵی 1845 لە ئیستەنبوڵ لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لەدایك بوە و ساڵی 1931 لە ئوردن كۆچی دوای كرد، بەرێوەبەرایەتی مەعاریفی بەریتانی دەڵێت لەساڵی 1908 وە تا ساڵی 1916 ئەمیری مەككە بووە و لەساڵی 1916 تا 1924 پادشای حجاز بووە.

دوای ئەوەی پاڵپشتی بەریتانیا بەدەست دەهێنێت لە رێگەی ژمارەیەك نامەوە كە بە نامەكانی حوسێن - مكماهون- ناسراون، رابەرایەتی شۆرشی عەرەبی كرد دژی دەسەڵاتی عوسمانیەكان لە جەنگی جیهانی یەكەمدا.

شۆرشی گەورەی عەرەبی
تەموزی ساڵی 1915 ئازاری ساڵی 1916 ژمارەیەك نامە لەنێوان شەریف حوسێن و هنری مەكماهون كۆمسیاری سامی بەریتانی لە میسر ئاڵوگۆڕكران، لەو كاتەدا ئەمیر حوسێن بن عەلی ئەمیری مەككە بوو، لەو نامانەدا بەریتانیا بەڵێنی هاوكاری دیاریكراوی بە عەرەب دا لەبەرامبەر ئەوەی دژی عوسمانیەكان شەڕ بكەن، و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1916 شۆرشی عەرەبی دژی دەوڵەتی عوسمانی دەستی پێكرد كە هاوپەیمانی ئەڵمانیا بوو، شۆرشێك كە بەریتانیەكان بەجدی كاریان كرد بۆ هاندان و فراوان بوونی.

هاوكاری بەریتانیەكان بۆ پشتیوانی شەریف بن حوسێن دژی عوسمانیەكان
لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 1916 شەریف بن حوسێن خۆی وەك پادشای نیشتمانی عەرەبی ناساند، لەكاتێكدا هاوپەیمانان تەنها وەك پادشای حجاز دانیان پێدانابوو.

ئەفسەرێكی هەواڵگری بەریتانی بەناوی توماس ئیدوارد لورانس بەرەو دورگەی عەرەبی بەرێكەوت و دەستی كرد بە كاركردن لەگەڵ هێزە عەرەبیە نا رێكخراوەكان بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر یەك،وە لورانس بووە ئەفسەر و راوێژكاری فەیسەڵ كوڕی شەریف حوسێنی مەككە كە رابەرایەتی شۆرشی دەكرد.

لۆرانس بەوە ناوبانگی دەركرد كە تەكتیكی تایبەت و بێوێنە و كاریگەری لەشەڕی دژی توركەكان فێری عەرەب كرد، وهێزە رێكنەخراوەكانی كە ژمارەیان كەم بوو هێرشی كاریگەریان دەكردە سەر رێگەی گەیشتنی هاوكاری بۆ توركەكان و بەهۆیەوە رێگری دەكرا لەوەی هەزاران تورك بتوانن خۆیان بگەیەننە بەرەكانی جەنگ دژی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی جەنەراڵ ئیدوارد ئەلنبی.

ئامانجی لورانس ئەوە بوو هاوكاری عەرەب بكات بۆ ئەوەی سەركەوتنی سەربازی بەدەست بهێنن بەمەبەستی گەیشتن بە حوكمی زاتی دوای جەنگ.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1917 هێزە سەربازیە عەرەبیەكان یەكەم سەركەوتنیان بەدەست هێنا و توانیان دەست بگرن بەسەربەندەری عەقەبە، كە بەندەرێكی ستراتیژی بوو لەسەر دەریای سور، و پاشانیش رێگای خۆیان بەرەو باكور بەرەبەرە كردەوە.

فەرەنسا و شانشینی سوریا
دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەكەم و سەركەوتنی هاوپەیمانان و تێكشكانی دەوڵەتی عوسمانی، مەلیك فەیسەڵ كورٍی سێیەم نوێنەرایەتی حوسێنی باوكی كرد لە كۆنگرەی فرسای، بەڵام مەلیك فەیسەڵ رەتیكردەوە واژۆ لەسەر پەیماننامەی فرسای بكات لەساڵی 1919 كە تێیدا ئینتیدابی بەریتانیا و فەرەنسای بەسەر سوریا و فەلەستین و عێراقدا دەسەپاند.

لە راستیدا سیستمی ئینتیداب پێشتر و لەسەردەمی جەنگی جیهانی یەكەم پلانی بۆدانرابوو، بەریتانیا و فەرەنسا و روسیا لە مانگی ئایاری ساڵی 1916 گەیشتنە رێككەوتنی سایك بیكۆ، كە بەپێی رێككەوتنەكە بەشی زۆری دەكرێت بەدەوڵەتێك ئەمەش كێشەی بۆ ئارسەر بلفۆر وەزیری كاروباری دەرەوەی ئەو كاتەی بەریتانیا دروستكرد، بەوەی نامەیەكی ئاراستەی للۆرد لیونیل والتر كرد و تێیدا هاوسۆزی خۆی دەربڕی بۆ دروستكردنی نیشتمانێك بۆ یەهودیەكان لە فەلەستین، لەگەڵ تێگەیشتن لەوەی كە نابێت زیان بە مافی مەدەنی و ئاینی كۆمەڵگە نا یەهودیەكانی فەلەستین بگەیەندرێت.

مەلیك فەیسەڵ كە دواتر بووە مەلیكی عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لەتیمەكەی بەشداری كۆبونەوەی ئاشتی ساڵی 1919 ی پاریسیان كرد تێیدا عەقید لۆرانس بەجل و بەرگی عەرەبی بەشداری تێداكرد، هەروەها نوری سەعیدی كە دواتر بووە سەرۆك وەزیران بەشداری كۆبونەوەكەی كرد، لەو كۆبونەوەیەدا لۆرانس هیوای خواست كە جارێكی تر سنوری رۆژهەڵاتی وڵاتانی عەرەبی دابرێژرێتەوە، پێشنیاری ئەوەی كرد كە پلانی دابەشكردنی ساڵی 1916 هەڵوەشێندرێتەوە كە لەنێوان سیرمارك سایكس و فرانسوا پیكۆ وەك نوێنەرانی بەریتانیا و فەرەنسا واژۆكراوە.

لۆرانس پێشنیاریكردووە دوو حكومەتی سەربەخۆ لە ناوچە كوردی و عەرەبیەكانی عێراق دروست بكرێت، هەروەها پێشنیاریكرد دوو حكومەتی عەرەبی سەربەخۆ لە وڵاتی رافدین و ئەرمەن لەسوریا دروست بكرێن.

لۆرانس لەنێوان ساڵانی 1915 و 1916 ئەو راپۆرت و زانیاریانەی خوێندبۆوە كە لەو ناوچە جیاجیایانە دەهاتن و بەقوڵی لێكۆڵینەوەی دەربارەیان كرد،هەروەها لێكۆڵینەوەی دەكرد لە سەر ئایندەی سیاسی ناوچەكە و خۆبەخشەكانی سوریا و وڵاتی رافدین.

بەڵام بەریتانی و فەرەنسیەكان پێش دەستپێكردنی كۆنگرەكە لەسەر چارەنوسی خاكە عەرەبیەكانی ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی رێككەوتبوون.

لە 20ی ئازاری ساڵی 1920 مەندوبی فەلەستین بەشداری كرد لە كۆنگرەی گشتی سوریا لە دیمەشق، كە تێیدا بڕیار ئەوە درا بەڵێنی بلفۆر رەتبكرێتەوە و مەلیك فەیسەڵ كوڕی شەریف حوسێن وەك پادشای سوریای یەكگرتوو ( كە فەلەستینی دەگرتەوە) دەستنیشان كرا، بەڵام دوای چەند هەفتەیەك هاوپەیمانەكان كە جەنگی جیهانی یەكەمیان بردبۆوە لە شاری سان ریمۆی ئیتاڵیا لە مانگی نیسانی ساڵی 1920 كۆبونەوە بەمەبەستی دابەشكردنی خاكی خەلافەتی عوسمانی.

لە مانگی تەموزی ساڵی 1920 فەرەنسیەكان مەلیك فەیسەڵیان ناچار كرد دەستبەرداری پادشایەتی بێت و بەهۆی داگیركاری فەرەنسیەكان سوریای جێهێشت و بەریتانیا ناوچەیەكی لەعێراق بۆ دروستكرد، بۆ ئەوەی بەرنگاربوونەوە دژی بەریتانیەكان كەم بێتەوە بەهۆیەوە لە مانگی ئازاری ساڵی 1921 مەلیك فەیسەڵ وەك پادشای عێراق دیاریكرا و تا ساڵی 1933 لە سەر عەرشی دەسەڵات دانیشت.

كۆتایی شانشینی حجاز
بەرێوەبەرایەتی مەعاریفی بەریتانی دەڵێت لەمانگی ئازاری ساڵی 1924 شەریف حوسێن بن عەلی خۆی وەك خەلیفەی موسڵمانان ناساند، بەڵام شەر لەگەڵ عەبدولعەزیز ئال سعود ئەگەرێكی كراوە بوو، و( برایانی ملكەچ بۆ خوا )كە سەر بە ئال سعود بوون هێرشیان كردە سەر تائیف و لەمانگی ئەیلولی هەمان ساڵ وهێزەكانی شەریف حوسێن نەیانتوانی ڕووبەڕوویان ببنەوە و رێگری لە هێرشەكە بكەن، و لە ساڵی 1924 هێزەكانی ئال سعود چوونە ناو تائیف و مككە و لە 5ی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ شەریف بن حوسێن دەستبەرداری دەسەڵات بوو بۆ كورە گەورەكەی بەناوی عەلی و بەریتانیەكان گواستیانەوە بۆ قوبروس.

بەڵام شاری جەدە هەتا17ی كانونی یەكەمی ساڵی 1925 بەرامبەر گەمارۆی ئال سعود خۆراگر بوو، و شەریف حوسێن بن عەلی لەقبرسەوە گەڕایەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و ساڵی 1930 چوو بۆ ئوردن و لە رۆژهەڵاتی ئوردن لەگەڵ عەبدوڵای كوڕی ژیا تا لەساڵی 1931 كۆچی دوای كرد.

حوسێن بن عەلی چوار كوڕی هەبووە كە بریتین لە عەلی و عەبدوڵا و فیسەڵ و زەید، عەلی جێگەی باوكی گرتەوە لە ساڵی 1924 وەك پادشای حجاز، بەڵام ساڵی دوای ئەوە دەستبەرداری عەرشی دەسەڵات بوو بۆ بنەماڵەی ئال سعود، كوڕی دووەمی شەریف بن حوسێن ناوی عەبدوڵابوو بووە پادشای ئوردن و ، فەیسەڵی كوڕی سێیەمی بووە مەلیكی عێراق و بە فەیسەڵی یەكەم ناوبانگی دەركرد.
ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif