حکومەتی قوبرسی باکوور کەوت

ليست هناك تعليقات


پارتی خەڵک لە قوبرس کە هاوپەیمانە لە حکومەتدا، دەستی لەکارکێشایەوە و بەمجۆرەش حکومەتی قوبرس کەوت.

شەوی رابردوو حکوومەتی قوبرسی باکوور بەهۆی کشانەوەی پارتی خەڵک لەڕووی یاساییەوە کەوت. یەناڵ سەنین، سەرۆکی گشتیی پارتی خەڵک دوای کۆبوونەوەی ناوەندی پارتەکەی رایگەیاند: "تاوەکو ئەوکاتەی حکومەتی نوێ دادەمەزرێت، بە بەرپرسیارێتییەوە هەڵسوکەوت دەکەین. هۆکاری تێکچوونی حکوومەت ئەرسین تەتەرە".

ئەمە لەکاتێکدایە کە پارتی خەڵک لە حکومەتدا بەشدارە و بە نەبوونی ئەو، حکومەت شەرعیەتی یاسایی نامێنێت و ناتوانێت بەردەوامبێت لە کارەکانی. 

سەرۆکی گشتیی پارتی خەڵک رەخنەی لە سەرۆکوەزیران گرت بەوەی پێشتر باسیان لەوە کردووە ئەگەر کەناراوی کاپاڵی ماراش بکەنەوە و هەنگاوێکی لەمجۆرە بنرێت، پێویستە دوای هەڵبژاردن بێت و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان نەکات.

رۆژی سێشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2020 ئەرسین تەتەر، سەرۆکوەزیرانی قوبرسی باکوور سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و دواتریش لە رێوڕەسمێکدا هێڵی ناردنی ئاوی پاک لە تورکیاوە بۆ قوبرس کاراکرایەوە. هاوکات بڕیاردرا کەناراوی ''کاپاڵی مەراش'' کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قوبرس دوای 46 ساڵ رۆژی پێنجشەممە بکرێتەوە. 

ئەم هەنگاوەی ئەنقەرە لەکاتێکدایە کە قوبرسی باکوور بەرەو هەڵبژاردن دەچێت. ئەم هەنگاوەی سەرۆکوەزیرانی قوبرسی باکوور، تووڕەیی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆککۆماری قوبرسی باکووری لێکەوتەوە.

مستەفا ئاکنجی، سەرۆککۆماری قوبرسی باکوور رایگەیاند:"کردنەوەی کەناراوی کاپاڵی ماراش و کاراکردنەوەی ناردنی ئاو بۆ قوبرس وەکو کەرەستەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت کە ئەمە کارێکی نەشیاوە".

رۆژی یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2020 هاووڵاتیانی قوبرسی باکوور بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. رکابەری لە نێوان ئەرسین تەتەر و مستەفا ئاکنجی دەبێت. تەتەر بە دۆستی تورکیا دەناسرێت، هەرچیی ئاکنجییە هەژموون و دەستوەردانی تورکیای لە قوبرسی باکوور قەبووڵ نییە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif