موحەمەد حكیم بۆ دەسەڵات: ناتوانن بە ئاسانی لەبەردەم بەرپرسیارێتیدا خۆتان دەربازكەن

ليست هناك تعليقات


موحەمەد حكیم جبار، كارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بابەتێكی بەراوردكاری بڵاوكردۆتەوە و نوسیویەتی: ھەرگیز بیریان لای ئەمڕۆ نەبوو؟ بیریان نەبوو کە نەبونی ونەداریش پێ ئەچێ لە رێگە بێت و بێ پلان بوون و هیچ حسابێكیان بۆ ئێستا نەكرد، کە بۆی ھەیە نەوت دابەزێ وعێراق وەک پێشوو نەمێنێ و وای لێبێت نەتوانن مووچە بدەن، ھەر وەکو ئەوەی ئەمڕۆبەسەریان ھاتوە !

لە درێژەی بابەتەكەیدا كارگێڕەكەی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی ڕوو دەكاتە دەسەڵاتدارانی هەرێم و دەڵێت: ئێوە نەتانتوانی پلانتان هەبێت، بۆیە ناتوانن بە ئاسانی لەبەردەم بەرپرسیارێتیدا خۆتان دەربازكەن، چونكە ئێوە بەرپرسی دروستبونی ئەم دۆخەن ، وتنی بەغدا پارە نانێرێ ونەوت دابەزیوە ومافیای نیوخۆی خۆتان رێگربێ لە چاکسازی ، دادتان نادات !

دەقی وتارەكەی موحەمەد حكیم

ئەقڵیەتی حوکمرانی حەزرەتی یوسف وکابینەکانی ھەڕێم!

کاتێک مەترسی و کێشەی ئابوری روو لە میسر دەکات، حاكمی وڵات بۆ چارەسەر ڕاوێژ بە پێغەمبەر یوسف (سەلات وسەلامی خوای لەسەر بێ)ئەکات و ئەویش هەرزوو لە بابەتەکە تێدەگات وپڵانێکی پانزە ساڵی بە سێ قۆناغ ئەخاتە بەردەستیان، لە کرۆکی کێشەو پێشھاتەکان تێدەگات وپێیان ئەڵێ قۆناغێکی خۆش وبەرەکەتدار وگەشەداری حەوت ساڵە لە پێشتانە ، بەڵام بە دوایدا حەوت ساڵی وشک ونەبونی وبێ بارانی چاوڕێتانە وساڵی پانزەیەم دووبارە نیعمەت وبەرەکەتی خوا ئەڕژێ بە سەرتاندا، بۆ ھەر قۆناغێک پلان ونەخشەی دیاریکرد ودواتر بۆ خۆی جێبەجێیكرد و ئەوەش گەلی میسری رزگارکرد .

كورتەی فەلسەفەی تێپەڕاندنی سەختیەكە ئەوە بوو كە لە ساڵانی نیعمەت و هەبوونیدا دەستبگرنەوە ولێی ھەڵگرن بۆ ساڵانی وشک ونەبوونی !

بەڵام حەقە بپرسین پاش ڕاپەرین ورزگاربون لە ڕژێمی دیکتاتۆر چەند ساڵ برسێتی ونەبونی وئابلوقە مان بینی وخۆشمان حوکمران بوین وەک کورد، 

دوای روخانی ڕژێم وتا چەندین ساڵ خێرو بەرەکەت وپارەو پول ڕژا بە سەر حوکمرانانی کوردستان، دەوترێ كە بریمر بە سێ کۆپتەر دۆلاری بۆ ھێنان !لە جیایی دەستپێوە گرتن وکەم خەرجکردن وبونیادنانی ژێرخانی ئابوری وکشتوکاڵ وبوژانەوەی گوندەکان وھەڵگرتنی کەمێ لەو پارەو دۆلارانە وپەرش وبڵاونەکردنی ونەبەخشینەوەی بۆ مەرامی حیزبی وکەسی وخانەوادەیی، دانەمەزراندن بە لێشاو وبێ پلان لە پێناو کێبرکێی حیزبی وبە خشینی پارەو وزەوی وزاری کوردستان بەسەر زۆری ناموستحەقدا وھەندێ جار بۆ عێراقی وعەرەبی وئەملاوئەولاش، بە دامەزڕاندی ھێزی گەورە گەورە بۆ پاراستنی دەست وپێوەندەكانیان

ھەرگیز بیریان لای ئەمڕۆ نەبوو؟ بیریان نەبوو کە نەبونی ونەداریش پێ ئەچێ لە رێگە بێت و بێ پلان بوون و هیچ حسابێكیان بۆ ئێستا نەكرد، کە بۆی ھەیە نەوت دابەزێ وعێراق وەک پێشوو نەمێنێ و وای لێبێت نەتوانن مووچە بدەن، ھەر وەکو ئەوەی ئەمڕۆبەسەریان ھاتوە !

بۆیە ئێوە گلەیی ٢٩ ساڵتان قابیلە وناتوانین پۆزش بۆ بێ پلانی وبێ نەخشەیی ساڵانی پێشوتان بھێنینەوە وسودی نیە لە گەڵتان 

چونكە ئەوەی لە ڕابردوودا كرا ئێوە و ستافەكانی ئێوە بوون، ئێوە نەتانتوانی پلانتان هەبێت، بۆیە ناتوانن بە ئاسانی لەبەردەم بەرپرسیارێتیدا خۆتان دەربازكەن، چونكە ئێوە بەرپرسی دروستبونی ئەم دۆخەن ، وتنی بەغدا پارە نانێرێ ونەوت دابەزیوە ومافیای نیوخۆی خۆتان رێگربێ لە چاکسازی ، دادتان نادات !

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif