بێبەزەییانە بیرەوەرییەکانتان بنوسنەوە

ليست هناك تعليقات


 فارس نەورۆڵی
-
یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی مێژووی کورد، نەبوونی نووسینی خۆماڵی و دیکۆمێنتە. زۆربەی مێژووی کورد ئەوانی دیکەی نا کورد نووسیویانەتەوە، بۆیە تێگەیشتن لە مێژووی کورد گرفتی قووڵی ھەیە و پێویستی بە ساغكردنەوە ھەیە، بۆ ئەوەی مێژووی نوێ بە تایبەتی لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە ڕۆژھەڵاتەوە هەتا ئێستا لەو نێوەندەدا کێ بەشداربووە لە شۆڕشی کورد و ئاگای لە ڕووداوەکانە وەها باشە بیرەوەرییەکانیان بنووسنەوە. چونکە گێڕانەوە و نووسینەوەی بیرەوەری ئەگەرچی لای ئێمە نوێیە، بەڵام گێڕانەوەی بیرەوەری مێژوویەکی کۆنی ھەیە بە تایبەتی سیاسییەکان و گەڕۆکەکان، مێژووی خۆیان و قۆناغێکی نەتەوەکەیان لە بیرەوەری خۆیاندا دەگێڕنەوە. بۆیە مێژوونووسان و توێژەران بۆ تێگەشتن و ساغکردنەوەی ڕووداوی قۆناغێک دەگەڕێنەوە بۆ بیرەوەرییەکانی ئەو گەڕۆک و گەشتیار و سیاسەتمەدارانەی کە بیرەوەری خۆیانیان نووسیوەتەوە. نموونە: گەشتەکەی زەینەفۆن، گەشتی ڕیج بۆ کوردستان، بیرەوەرییەکانی کیسەنجەر، بیرەوەری بۆڵتن ئەمانە شاھیدی قۆناغێکی سیاسی و مێژووی گەلانن، بۆیە پێویستە ھەموو ئەوانەی کە بەشداربوون لە چرکەساتە ھەستیارەکانی بزووتنەوەی کورد دا، دەبێ بێبەزەییانە بیرەوەرییەکانیان بگێڕنەوە. چونکە مێژوو بەزەیی بە کەسدا نایەتەوە.

بۆیە گێڕانەوەی ڕووداوەکان وەک خۆی گرنگییەکی تایبەتی ھەیە بۆ نەوەکانی ئایندە. بۆ ئەوەی مێژوو بە ڕاستگۆی بگا پێیان و لەسەر لایەنگیری کوێرانە نەژین. هەتا ھەموو کەس نەبێتە پاڵەوان، بۆ ئەوەی ھیچ ھێزێک و سەرکردەیە پیرۆز نەکرێت، چونکە مرۆڤی پیرۆز مرۆڤێکی مەترسیدارەبۆیەپێویستەبیرەوەریەکان وەک خۆیان بنوسرێنەوە، گێڕانەوەی بیرەوەری ڕاستگۆیانە وا دەکات نەوەکانی داھاتوو نەوەیەکی ستایشکار نەبن، کە دەگەڕێنەوە بۆ مێژوو، شەرمیش لە مێژوو نەکەن. چونکە( ئەوەی بە قەڵەم نووسرا بە تەور ڕەشنابێتەوە ) بۆیە گرنگە بیرەوەرییەکانتان بنووسنەوە، بەڵام لە یادتانبێت ھەرکەس بیرەوەری دەنووسێتەوە بە زمانی ڕازیکردن نەینووسێتەوە، کۆدەکانی ڕەفتاری شۆڕش و ڕووداوەکان وەک خۆیان بکەنەوە، ئەوەی بیرەوەری دەنوسێتەوە جوانی بیرەوەری لەوەدایەخۆی نەکات بە فریشتە و خەڵک بە شەیتان و خۆیان نەکەن بە پاڵەوان و ئەوانیتر ترسنۆک، ڕق و کینە تێکەڵ بە گێڕانەوەکان نەکەن. 

واتە ئەوەی ڕوویداوە وەک خۆی بیگێڕنەوە. نەک لە بەرژەوەندی خۆت گێڕانەوە و خستنەڕووی بیرەوەرییەکان وەک خۆیان بۆ نەوەکانی داھاتوو یارمەتی دەردەبێت. بۆ تێگەیشتنی دروست لە ڕێگای ئەو ڕەگ و ڕیشانەوە، کە خاوەنی حیکایەتەکە دەیگێڕێتەوە، بۆ زانینی دروست لە قۆناغێکی مێژووی نەتەوەکەی بۆیە پێویستە کۆی ئەو سیاسیانەی ئاگاداری ڕووداوەگرنگەکانی قۆناغێکی مێژوویی نەتەوەکەیانن بیرەوەرییەکانیان بگێڕنەوە، چونكە ئەو حیکایەتی نەوەیەجگەلەوە مێژووە دەبێتەبەشێکیش لەسامانی سیاسی نەتەتەوەکەمان، کە نەوەکانی دوای ئەوان ئاشنانین پێی، بە دڵنیاییەوە ھەرکەس بیرەوەرییەکانی ڕاستگۆیانە بنووسێتەوە گرفت و کۆسپ دێتەڕێی و ھێرشی دەکرێتە سەر، بەڵام دەبێ سیاسیەکان و ئەوانەی لە ڕۆژگارە سەختەکاندا بەشداربوون شاھیدی چیرۆکی تراژیدی و پاڵەوانانەن .بیرەوەرییەکانیان بنووسنەوە، چونکە لە داھاتودا ئەم گێڕانەوانە دەبنە سەرچاوەی توێژینەوە و بەرھەمھێنانی فیلم و دیکۆمێنتاری و نووسینەوەی مێژوو، کەواتە واباشە پێش مردن خۆیان حیکایەتەکان بنووسنەوە و بیگێڕنەوە.

ئەگەر حیکایەتەکانیان نەگێڕنەوە، ئەوا لە داھاتوودا بێ حیکایەت دەبن. بۆیە پێویستە بێبەزەییانە بیرەوەرییەکانیان بنووسنەوە، بەڵام بە ڕاستگۆیی و لە چوارچێوەی ئەخلاقی گێڕانەوەدا. ئەوانەی بەجۆرێکی دیکە وجیاوازتر ڕووداوەکانیان لایە پێویستەلەکاتی وەڵام دانەوەدابەلۆژیک وئەرگۆمێنت وەڵامی ئەوگێڕانەوانەبدەنەوە نەک بەئیستیفزاز.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif