رۆناڵدۆ و وەزیرێک بەشەڕدێن

ليست هناك تعليقات


 

ڤینچێنزۆ سپادافۆرای وەزیری وەرزشی ئیتالیا و کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی یەکدی بە درۆزن وەسف دەکەن.


ڤینچێنزۆ سپادافۆرا، هێرشێکی تووندی کردە سەر رۆناڵدۆ و بەوە تۆماتباری کرد کە کەرەنتینەی شکاندووە و سەرپێچی پرۆتۆکۆلی تەندروستیی ئیتالیای کردووە، ئەوکاتەی ئیتالیای جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە پۆرتوگال.

سپادافۆرا، لە لێدوانێکدا گوتی "ناوبانگ و توانای هەندێک یاریزان نابێتە بیانوو بۆیان کە لەخۆبایی ببن، رێز لە دامەزراوەکان و یاسا نەگرن درۆ بکەن".

وەزیری وەرزشی ئیتالیا، لە درێژەی لێدوانەکەیدا، کە رووی قسەکانی لە رۆناڵدۆ بوو، گوتی "بەپێچەوانەوە، پێویستە بەر لە قسەکردن هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەی و ببیتە نموونەیەکی جوان بۆ خەڵکی".


كریستیانۆ رۆناڵدۆ



سپادافۆرا هەروەها گوتیشی "ناکرێت زیاتر قسە لەسەر ئەم پرسە بکەم، چەند یاریزانێکی یوڤێنتوس کەرەنتینەیان شکاندووە، هیوادارم هەموو ئەوانەی تووشی کۆرۆنا بوونە چاکببنەوە".

لە بەرامبەردا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە تووشی کۆرۆنا بووە و ئێستا لە ماڵی خۆی لە ئیتالیا خۆی کەرەنتینە کردووە، بە تووندی وەڵامی وەزیری وەرزشی ئیتالیای دایەوە و گوتی "درۆیە، من کەرەنتینەم نەشکاندووە".

رۆناڵدۆ هەروەها گوتی "من بە فڕۆکە و بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان گەڕاومەتەوە تۆرینۆ، چونکە من و یانەکەم سوورین لەسەر پابەندبوون بە هەموو رێنماییە تەندروستییەکان".

کریس گوتیشی "من لە ماڵەوە خۆم کەرەنتینە کردووە، هەرگیز تێکەڵی ئەندامانی خێزانەکەم نابم، ئەوان لە نهۆمێکن منیش لە نهۆمێک".

کریستیانۆ هەندێک رێنماییشی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دایە هەوادارانی و گوتی "ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە، دەمەوێ باشتر بگەڕێمەوە، گرنگترین شت ئەوەیە ڤیتامین D و Cـت دەستکەوێت و لەژێر تیشکی خۆردا دابنیشی، چونکە سیستمی بەرگری لەشت بەهێزدەکات".

رۆناڵدۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە خواردنی باش دەخوات و باشیش دەخەوێت و گوتی "خۆشبەختانە هەموو رۆژێ 8 تاوەکو 9 کاژێر دەخەوم، ئەوە باشترین چارەسەرییە، بەڵام من ناشترسێم".





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif