بایـدن و کـورد!

ليست هناك تعليقات



كاروخ خۆشناو
-
(جۆ بایدن) ناوی تەواوی (جۆزیف ڕۆبینێت بایدن جۆنیۆر)ە کاندیدی پارتی دیموکرات و ڕکابەری سەرسەختی (دۆناڵد تڕەمپ)ە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە ڕۆژی سێ شەممە رێکكەوتی (3/11/2020) بەڕێوەبچێت، بایدن لە ڕێکەوتی (1942/11/20) لە شاری سکڕانتنی ولایەتی پێنسلڤانیا لەدایک بووە، من چوار ساڵ لە شاری سکڕانتن ژیاوم و خوێندنی ماستەرم لە (زانکۆی مێری وود)ی ئەم شارەدا تەواو کردووە، زۆرینەی ڕەهای خەڵکی سکڕانتن (جۆ بایدن)یان خۆش دەوێت و لە هەر کەسێکیان بپرسیت باس لە زیرەکی و مرۆڤدۆستی و لیبڕاڵی و ئازادیخوازی ئەوت بۆ دەکەن، بایدن دکتۆرای لە یاسادا هەیە و ماوەی (47) ساڵ خزمەتی سێکتەری گشتی ئەمریکای کردووە، بۆ ماوەی (36) ساڵ سیناتۆر بووە بۆ ولایەتی دیڵاوەر، هەروەها ماوەی (8) ساڵیش جێگری سەرۆک باڕاک ئۆباما بووە، جۆ بایدن لە ئێستادا تەمەنی (77) ساڵە و ئەگەر بتوانێت لەم هەڵبژارنەدا سەرکەوتن بەدەست بێنێت و دۆناڵد تڕەمپ ببەزێنێت، ئەوا دەبێتە (46)مین سەرۆکی ئەمریکا و بەتەمەنترین سەرۆکی هەڵبژێردراو لە مێژووی کۆشکی سپی ئەمریکادا.

(جۆ بایدن) شارەزاترین کارەکتەری سیاسی ئەمریکایە بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و دۆزی کورد بەتایبەتی، بایدن ماوەیەکی زۆر بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجومەتی پیران (سێنات) بووە، جگە لەوەی لە سەردەمی ئۆبامادا بۆ دوو خول جێگری سەرۆک و بەرپرسی دۆسیەی عێڕاق بووە لە کۆشکی سپی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە (24) جار سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستانی کردووە (چ وەک سیناتۆر یان وەک جێگری سەرۆک)، جۆ بایدن یەکێک بووە لە سیناتۆرە دەگمەنەکانی پارتی دیموکرات کە پشتگیری (بۆشی کوڕ)ی کرد بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی (2003) هەروەها خاوەنی پڕۆژەی دابەشکردنی عێڕاقە بۆ سێ هەرێم و یەکێک لە هەڵوێستە مێژوویەکانی (بایدن) بەرامبەر بەکورد ئەوکاتە بوو کە گوتی "بەتەنها شاخەکان هاوڕێی کورد نین بەڵکو ئێمەش هاوڕێی کوردین"

ئەمڕۆ ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە، ئەویش دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی نێوان (تڕەمپ و ئۆردوغان) بوو کاتێک تڕەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆردوغان هەڵکرد تاکو پڕۆسەی داگیرکاریەکە ئەنجام بدات، بەڵام ئەم هەڵوێستەی تڕەمپ هەردوو پارتەکەی ئەمریکا و کۆنگرێس و میدیا و شەقامی ئەمریکای توڕە کرد و ئەم هەڵوێستەی تڕەمپ شەرمەزارکرا، لەبەرامبەردا جۆ بایدن گووتی "ئێمە هەرگیز وەک تڕەمپ پشت لەکورد ناکەین"

هەڵـبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان چارەنوسسازە، بە جۆرێک پاڵپشتی زلهێزەکانی دابەش کردووە بەسەر کاندیدەکان (ڕوسیا و تورکیا) کار بۆ دەرچوونەوەی تڕەمپ دەکەن، لە بەرامبەردا (چین و ئێران) کار بۆ سەرکەوتنی جۆ بایدن دەکەن، ئەم گرنگی پێدان و دابەش بوونە بەهۆی گرنگی پێگەی سەرۆکی ئەمریکایە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا، چونکە بە گوێرەی ماددەی دووی دەستوری ئەمریکا (سنوری دەسەڵاتی سەرۆک) زۆر فراوانە، واتە بە گۆڕانی سەرۆک سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەگۆڕێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت بە گۆڕانی سەرۆکی ئەمریکا هاوکێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەیە بگۆڕێت، بەتایبەت لە نێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سووننە)دا، بە جۆرێک ئەگەر (بایدن و دیموکراتەکان) سەر بکەون ئەوا چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و رێکكەوتنی ئەتۆمی (5+1) زیندووبکرێتەوە، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (سووریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە، وەک لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نیویورك تایمز New York Times)دا ڕایگەیاند "ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا، هاوکاری ئۆپۆزیسیونی تورکیا دەکەم بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر ئه‌ردۆغان"

دوای ڕێکەوتنی (سایکس بیکۆ) لە ساڵی (1916) خاکی کوردستان دابەشکرا بەسەر هەرچوار وڵاتی (عێڕاق-ئێران-تورکیا-سوریا)، تاکو ئێستاش ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەم وڵاتە داگیرکەرانەدا مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد دەکات، بۆیە ناتوانین بە دیاریکراوی بڵێین لە نێوان هەردوو کاندید (بایدن و تڕەمپ)دا کامیان باشترن بۆ دۆزی کورد، چونکە هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی پارچەیەکی کوردستان بێت و لەبەرژەوەندی پارچەیەکی تری کوردستان نەبێت، بۆ نموونە لە بەرژەوەندی کوردانی باکوورە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە (بایدن) دژی ئه‌ردۆغانه‌، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی رۆژهەڵات نییە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە ئەگەری هەیە بایدن سزاکان لەسەر ئێران هەڵگرێت و رێكکەوتنی ئەتۆمی کارا بکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا ئێران زیندوو دەبێتەوە.

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی کەسی (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە لە (تره‌مپ) بەرامبەر بە دۆزی کورد، بەڵام لەسەر ئاستی حزبی (کۆمارییەکان) زیاتر لە (دیموکراتەکان) دۆستی کوردن، ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هەردوو حزب هەڵوێستی (ئەرێنی و نەرێنیان) بەرامبەر بە دۆزی کورد هەبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ئه‌مه‌ریكا (پێودانگ)ی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif