ئەو ئەستێرانەی کۆرۆنا خەریکبوو بیانکوژێت

ليست هناك تعليقات


 
ئەگەرچی زانست باس لەوە دەکات کە وەرزشوانان سەلامەتترین توێژن لە بەرامبەر مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەهۆی ئەوەی بەرگری لەشیان بەهێزە، بەڵام ئەوە رێگر نەبوو لەوەی چەندین ئەستێرەی تۆپی پێ تووشی ئەو نەخۆشییە ببن، تەنانەت ئەوەندە نەمابوو ئەو ڤایرۆسە هەندێک لە ئەستێرە دیارەکان بکوژێت، کە دیارترینیان ئەمانەن:

پاولۆ دیبالا لە مردن گەڕایەوە

پاولۆ دیبالای ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی، لە مانگی ئاداری رابردوودا، لە هەفتەکانی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئیتالیا، زۆر بە تووندی تووشی ڤایرۆسەکە بوو، کە بۆ ماوەی 6 هەفتە لەنێو جەستەیدا مایەوە.

دیبالا دانی بەوەدا نا کە دۆخی تەندروستییەکەی گەیشتبووە ئاستێک کە ترسی لە مردن هەبوو، ئەو چوارجار پشکنینی کرد، بەڵام ئەنجامەکە هەمیشە پۆزەتیڤ دەردەچوو، تاوەکو دوای زیاتر لە مانگ و نیوێک رزگاری بوو، ئەگەرچی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە تاوەکو ئێستاش بەسەر جەستەیەوە ماون و هێشتا هێزی جارانی بەدەستنەهێناوەتەوە.

دیبالا کە ئۆریانای دەستگیرانیشی لەگەڵیدا تووشی کۆرۆنا بووبوو، باس لە نەخۆشییەکەی دەکات و دەڵێت "تووشی تەنگەنەفەسییەکی زۆر تووند بووم، نەمدەتوانی لەسەر قاچەکانمەوە بوەستم، بەڕاستی لە ژیانی خۆم دەترسام".

پاولۆ دیبالا

جۆنیۆر سامبیا بە موعجیزە رزگاری بوو

جۆنیۆر سامبیا، یاریزانی تەمەن 23 ساڵانی یانەی مۆنپێلێی فەرەنسی، یاریزانێکی بەناوبانگ نەبوو، بەڵام ئێستا هەمووان دەیناسن، بەهۆی ئەوەی کە ئەوەندە نەمابوو بە کۆرۆنا بمرێت.

ئەو کە تووشی کۆرۆنا بوو، ماوەیەکی زۆر بەبێهۆشی لە نەخۆشخانەدا مایەوە و هەفتەیەک لەژێر ئامێری هەناسەی دەستکرددا لەنێوان مردن و ژیاندا مایەوە، کە دەگوترێت هیچ یاریزانێکی خولە گەورەکانی ئەوروپا وەک سامبیا ژیانی بەهۆی کۆرۆناوە نەکەوتووەتە مەترسییەوە، تەنانەت رزگاربوونی لە مردن بە موعجیزە وەسفکرا.

هیچ یەکێک لە هاوڕێکانی هیوایان بە ژیانی سامبیا نەبوو، تەنانەت خۆیان بۆ خراپترین ئەگەر ئامادەکردبوو، بەڵام ئەو رزگاری بوو، کە سەرەتا بڕیاریدابوو ئەگەر ئەمجارە لە مردن رزگاری بێت بەیەکجاری واز لە یاریکردن بێنێت، بەڵام دوای ئەوەی رزگاری بوو لە لایەن یانەکەی و هاوڕێکانییەوە پشتگیرییەکی زۆری لێکرا و بەهۆیەوە بڕیاریدا بەردەوام بێت لە یاریکردن، کە لە سێ یاری رابردووی یانەکەیدا لە خولی فەرەنسی وەک یاریزانی یەدەگ یاری کردووە.

سامبیا دەڵێت "لەبیرم نییە کە تووشی ڤایرۆسەکە بووم، لە راستیدا نەمدەزانی تووشی کۆرۆنا بوومە تاوەکو بەتەواوی چاکبوومەوە ئینجا زانیم ئەو نەخۆشییە قورسە کۆرۆنایە.

جۆنیۆر سامبیا

ماڵدینی باوک و کوڕیش حاڵیان شڕبوو

پاولۆ ماڵدینی ئەفسانەی تۆپی پێی ئیتالیا و یانەی میلان، لەگەڵ کوڕەکەی دانیالی کوڕی، کە ئێستا یاریزانی یانەی میلانە، دوو لەو یاریزانانەن کە زۆر بە تووندی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و چەند رۆژێکیان لە نەخۆشخانەدا بەسەربرد تاوەکو توانیان لەو پەتایە رزگاریان بێت.

ماڵدینی باوک، کە ئێستا بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی میلانە، باسی رۆژە ناخۆشەکانی خۆی و کوڕی لەگەڵ نەخۆشییەکە دەکات و دەڵێت "تووشی تەنگەنەفەسییەکی زۆر بووم، کۆکەیەکی زۆر تووندم گرتبوو، دانیالی کوڕیشم بەهەمان شێوە".

پاولۆ هەروەها دەڵێت "ناچاربووین چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە بمێنینەوە، بەر لەوەی بگەڕێینەوە ماڵەوە و لەوێ خۆمان کەرەنتینە بکەین، بەڵام دوای چاکبوونەوەش توانای جەستەییم بۆ نەگەڕاوەتەوە، هێشتا هەست بە ماندووبوون دەکەم، ئێستا کە 10 خولەک رادەکەم زۆر ماندوو دەبم، بێگومان هی ئەوە نییە کە تەمەنم 52 ساڵانە، بەڵکو هێشتا کاریگەری کۆرۆنام بەسەرەوە ماوە".

پاولۆ ماڵدینی ئەفسانەی تۆپی پێی ئیتالیا و یانەی میلان، لەگەڵ دانیالی کوڕی

فیلاینی نەفرەت لە شانسی خۆی دەکات

مەروان فیلاینی، یاریزانی بەلجیکیی بەڕەچەڵەک مەغریبی، نەفرەتی لە شانسی خۆی کرد کە بڕیاریدا بچێتە خولی چینی و یاری بۆ یانەی شاندۆنگ لیۆنینگی چینی بکات، لە کاتێکدا چەندین دەستەوارەی لە ئەوروپا و ئەمریکا و کەنداوی عەرەبییەوە بۆ هاتبوو.

فیلاینی، یاریزانی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، زۆر لە کۆرۆنا دەترسا و تەنانەت بیری لەوە دەکردەوە چین جێبهێڵێت بەر لەوەی تووشی ڤایرۆسەکە ببێت، بەڵام نەیتوانی ئەو کارە بکات و تووشی ڤایرۆسەکەش بوو.

فیلاینی 3 هەفتە لە نەخۆشخانە مایەوە و ژیانی کەوتە مەترسییەوە، بەڵام دواتر رزگاری بوو، کە ئەو پێیوایە پزیشکانی چین هۆکاری مانەوەی ئەون لە ژیاندا و لەو بارەیەوە دەڵێت "سوپاسی پزیشک و پەرستارانی چین دەکەم کە ژیانی منیان لە مردن رزگارکرد، لەوان نەبووایە دەمردم".

مەروان فیلاینی

میهایلۆڤیچ پاڵەوانی بەهێزترین چیرۆکی سەرکەوتنە بەسەر کۆرۆنادا

سینیسا میهایلۆڤیچ، راهێنەری سربیی یانەی بۆلۆنیای ئیتالی و یاریزانی پێشووی یانەکانی ئینتەرمیلان، رۆما و لازیۆ لەنێو سەرجەم وەرزشواناندا خاوەنی بەهێزترین چیرۆکی سەرکەوتنە بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا، چۆن نا؟ کە ئەو پیاوە تەمەن 51 ساڵانە لە کاتی تووشبوونی بە ڤایرۆسەکە تەنیا چەند مانگێک بوو بەسەر نەخۆشی شێرپەنجەی خوێندا سەرکەوتبوو.

میهایلۆڤیچ سەرەڕای ئەوەی بە چارەسەریی کیمیایی لە شێرپەنجە رزگای بووە و بەرگری لەشی زۆر بێهێزبووە، بەڵام بە ئیرادە و بوێری و متمانە بەخۆبوونەوە رووبەڕووی کۆرۆنا بووەوە و بەسەریدا سەرکەوت.

سینیسا میهایلۆڤیچ، لەو بارەیەوە دەڵێت "دوای ئەوەی توانیم بەسەر شێرپەنجەدا سەرکەوم لە هیچ نەخۆشی و هیچ شتێکی دیکە ناترسێم، شێرپەنجە منی بەهێزترکردووە، بۆیە لە کۆرۆنا نەترسام و دڵنیابووم کە بەسەریدا سەردەکەوم، هەر ئەوەش روویدا و هیچ نیشانەیەکی قورسی نەخۆشییەکەم نەبوو تاوەکو بەسەریدا سەرکەوتم".

سینیسا میهایلۆڤیچ

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif