لەم پێنج ساڵەدا لە خواردن زیاتر ھیچ شتێكی ترم نەكردووە

ليست هناك تعليقات




لەم پێنج ساڵەدا لە خواردن زیاتر ھیچ شتێكی ترم نەكردووە، وڵاتەكە بە گشتی لە خواردن زیاتر ھیچ شتێكی تری تێدا ناكرێت. گەنجەكانی وڵات دەخۆن و سەیری یاری دەكەن، ئێمەش دەخۆین و سەیری حیزبەكان دەكەین، ھیچ شتێك لەوە بەتامتر نییە سەیری ئەم جۆرە شتانە بكەیت، ھەر كەسە و شتێكی دۆزیوەتەوە سەیریدەكات و تەواو، ئیتر ھەموو بەختەوەرن. ژنان سەیری جل و میكیاج دەكەن، سیاسییەكان سەیری كۆمپانیا و دەنكەكانیان دەكەن، گەنجەكان سەیری فیلمی ڕووت و ڕیاڵ و بەرشە دەكەن، ڕاستت دەوێت ھیچ شتێك عەیبی نییە.

تاكە شتێك لەم چەند ساڵەدا لێرە باش فێربووم جنێودانە، لە سەعات شەشی ئێوارەوە لە ھەمووە شوێنێكی وڵاتەكەدا بە ڕەسمی دەست پێدەكات، لە یانەكاندا، لە چێشتخانەكاندا، لە ماڵەوە، لە مزگەوتەكاندا، لە بارەگا حیزبییەكاندا، لە سەیرانگاكاندا، لە كافتریاكاندا، لە فەیسبوكدا، لە تویتەردا، ئیتر بە پێی شوێن ھەر چەند كەسێك كۆدەبنەوە و جێگایەك دەگرن و جنێو بە حیزبێك یان بە بەرپرسێك یان بە ژنێك، بە دەوڵەمەندێك، بە گۆرانیبێژێك، ئەكتەرێك، نووسەرێك دەدەن. گەر ھیچیان دەست نەكەوێت بۆ خۆشی جنێو بە یەك دەدەن، خەڵكانی زۆر بە موئەدەب و بە ئەسڵ و فەسڵیش كە ئەخلاقیان ڕێگایان پێ نادات جنێو بە خەڵكی تر بدەن، جنێو بە خۆیان دەدەن.

لە سەعات شەشەوە تا شەو درەنگ دادێت مەملەكەتەكە بەو جۆرە دەڕوات بەڕێوە، بەیانی ھەموو گێژ ھەڵدەستین و ھەمان شت دوبارە دەكەینەوە... گەر دووسەد ساڵی تر مێژوونوسێك بپرسێت ئەرێ لەسەرەتای قەڕنی بیست و یەكدا كوردی باشوور چیان كرد؟ وەڵامەكە ئەوەیە، جنێویان دا، تەقریبەن پازدە ساڵ زیاتر خەڵكی ئێرە بەس جنێو دەدەن، بە دونیا و بە یەك و بە خۆیان، وادەزانم درێژترین ماوەی جنێودان بێت لە مێژووی بەشەرییەتدا، دەوڵەت جنێو دەیبات بەڕێوە، حیزب جنێو دەیبات بەڕێوە، ئۆپۆزسیۆن جنێو دەیبات بەڕێوە، ھەتا نووسەرە ڕەخنەگرەكانیشمان جنێوی سواغدراو بە شیعر، جنێوی بۆیەكراو بە شیكار و فەلسەفە دەنووسن. ژیانێكی خۆش نییە، بەڵام خراپیش نییە، ڕەنگە لە زۆر مەملەكەتی تر باشتر بێت، جنێو باشترە لە شەڕە تفەنگ. من ڕازیم... ناڕازی نیم، دەزانم وڵاتی خۆشتر ھەیە، بەڵام بۆ خۆم لەمە باشترم نەدیوە، لایەنی كەم قەل و كەڵەشێری وا لە ھیچ كوێ دەست ناكەوێت، بیخۆرەوە كاك سەلیم بیخۆرەوە، ڕۆناوەكەی عالەمییە، خۆشە...نا؟. من ھەستدەكەم ھەموو شت بە باشی فێربووم، كارێكی قوورس نییە، ببە بە زۆرخۆرێكی باش، دواتر بە جنێوفرۆشێكی باش، گەر مەشروبێكی باشیشی لەگەڵدا بخۆیتەوە، ئیتر بەوە بوویت بە ھاوڵاتییەكی زۆر باش...

سەفا زێوان بۆ سین ئەسغەر
لە ڕۆمانی « كەشتی فریشتەكان » كتێبی سێیەم
لاپەڕە: ٦٤٤-٦٤٥
"بەختیار عەلی"



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif