رەتیدەکاتەوە واز لە پرسی سەربەخۆیی بهێنێت

ليست هناك تعليقات

 


کەتەلۆنییەکان رژاونەتە سەر شەقامەکانی شاری بارسێلۆنا؛ ئەوان لە بڕیارێکی دادگای باڵای ئیسپانیا توڕەن کە پاڵپشتی لە بڕیارێکی ساڵی 2019ی دادگای مەدرید دەکات.

بڕیارەکە ئاماژەی بەوە دەکرد، پێویستە کویم تۆرا، سەرۆکی حکومەتی کەتەلۆنیا دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت، ئەوەش بە تاوانی گوێڕایەڵی نەکردن، وەکو دادگا دەڵێت.

کویم تۆرا رەخنەی لە بڕیارەکە گرت و داوای لە کەتەلۆنییەکانیش کرد واز لە ئامانجی سەربەخۆیی نەهێنن و چەند مانگێکی دیکە کە گەڕانەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەنگ بە پارتەکانی پاڵپشتیکاری سەربەخۆیی بدەنەوە.

سەرۆکی حکومەتی کەتەلۆنیا رایگەیاند "دەستبەرداری ئامانجەکەم نابم و وازیشی لێناهێنم. ئەو بڕیارەم قبووڵ نییە کە دەیەوێت حکومەتی کەتەلۆنیا بڕوخێنێت. قبووڵکردنی واتای ئەوەیە کە دەبێت ئەو چەوساندنەوەیەم بەلاوە ئاسایی بێت کە دژی ئامانجێکی راست و دروست دەکرێت کە سەربەخۆیی کەتەلۆنیایە. ئێمە سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسینمان دەوێت. دەرفەتی ئەوەمان هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا و لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا بەم ئاراستەیە هەنگاو بنێین".

بەگوێرەی بڕیارەکە، نابێت تۆرا بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک هیچ پۆستێک وەربگرێت و پێویستە 30 هەزار یۆرۆش پارە بدات، ئەوەش بە تاوانی پشتگیریکردن لە سەربەخۆیی کەتەلۆنیا.

دۆسیەی دژی سەرۆکی حکومەتی کەتەلۆنیا ساڵی رابردوو پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئیسپانیا جوڵێندرا، کاتێک تۆرا رەتیکردەوە ئەو دروشمانە لە دامەزراوە گشتییەکان لاببات کە پشتگیری بوون لە سەرکردە جوداخوازە پێشووە زیندانیکراوەکانی کەتەلۆنیا. 

کەتەلۆنییەکان رەخنە لە بڕیارەکە دەگرن و چاوەڕێدەکەن ئەوروپا کاردانەوەی هەبێت. 

خۆپێشاندەرێک بەناوی ئەنتۆنیۆ فوریۆڵس دەڵێت "ئەوە سێیەمین سەرۆکە کە لە پۆستەکەی لایدەبەن. با بزانین ئەوروپا هیچ کارێک دەکات یان نا؟ پێویستە حکومەتی ئیسپانیا بخرێتەوە قاڵبی خۆی و راستبکرێتەوە".

لە 1ی ئۆکتۆبەری 2017دا کەتەلۆنییەکان بەشدارییان لە گشتپرسییەکی تایبەت بە سەربەخۆییدا کرد و 92%یان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام حکومەتی ئیسپانیا رەتیکردەوە ئەو ویستە جێبەجێبکات و رێکاری تووندی دژی کەتەلۆنیا گرتەبەر.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif