ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان کامیان دەگەیێننە کۆشکی سپی

ليست هناك تعليقات



هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە ماوەی رابردوودا، جووڵەی خێرا و بەپەلەی هەردوو بەربژێر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵات و بەربژێری پارتی کۆماری، جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان، لە هەندێک ویلایەتی وەک ویسکنسن، مینیسۆتا، ئەریزۆنا و ئایوا بەخۆوە بینی، ئەمەش لەپێناو سەرنجڕاکێشانی دەنگدەرانی ئەو ویلایەتانە، لە کاتێکدا هەندێک ویلایەتی دیکە، لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە گەورەترن، کەچی فۆکەسی هەردوو بەربژێریان نەخرایە سەر.

وەڵام بۆ ئەو پرسیارەی بۆچی بایەخی زۆر بەهەندێک ویلایەت و کەم بەهەندێک ویلایەت، دەدرێت؟ لە بایەخی هەندێک لەو ویلایەتانەدا دەردەکەوێت کە بە ویلایەتە دوودڵەکان، یان گۆڕەپانی راستەقینە و سەرەکی هەڵبژاردنەکان ناودەبرێن، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو ویلایەتانە، تاڕادەیەکی زۆر رۆڵیان هەیە لە یەکلاکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

تێگەیشتن لە بایەخی ئەو ویلایەتانە و هۆکاری بادانەوەیان لە هەڵبژاردنێکەوە بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە، لە پشتگیری بەربژێری پارتێکەوە بۆ بەربژێری پارتێکی دیکە. هەمیشە هۆکارە بۆ ئەوەی بەربژێرەکان فۆکەسیان لەسەر هەندێک ویلایەت چڕ بکەنەوە.

رۆژی 3ی مانگی داهاتوو، دانیشتووانی ئەمریکا بڕیار لەوەدەدەن ئاخۆ دۆناڵد ترەمپ لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی وڵات بەردەوام بێت، یان جۆ بایدن بچێتە جێگەکەی و بۆ چوار ساڵی داهاتوو ببێتە سەرۆکی وڵات.

راپرسییە هەڵخەڵەتێنەرەکان

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان، ئاستی پێوانەکردنی ئاوەزی گەلی ئەمریکا لە میدیا و دامەزراوە راپرسییەکاندا زیاتر دەبێت، زۆرینەی ئەمریکییەکان دەخرێنە بەردەم ئەو پرسیارەی، دەنگ بەکام بەربژێر دەدەیت؟ هەرچەندە زۆرینەی ئەو راپرسییانەی دەکرێن، بۆ زانینی رای گشتی لەسەر ئاستی نیشتمانی، واتە زۆرینەی 50 ویلایەتی وڵات دەگرێتەوە، بەڵگەیەکی گرنگن لەسەر ئەوەی کە رادەی گەلویستیی هەر بەربژێرێک چەندە، بەڵام مەرج نییە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، هەمان ئەنجامی راپرسییەکانیان هەبێت، هەربۆیە زۆرینەی کات راپرسییەکان بە هەڵخەڵەتێنەر دادەنرێن، بەتایبەت ئەگەر راپرسییەکان، ئەنجامەکانیان بەو شێوەیە نەخەنە روو کە هەر ویلایەتێک زۆرینەی دەنگەکانی بۆ کام بەربژێرە؟

باشترین بەڵگە بۆ دەرخستنی رادەی بێمتمانەیی بەرامبەر راپرسییەکان، ئەوکاتەبوو کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، هیلاری کلنتن بەپێی راپرسییەکانی بەر لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016، لەسەر ئاستی دەنگدانی گشتی نزیکەی 2 ملیۆن و نیو زیاتر دەنگی لە رکابەرەکەی بەدەستدەهێنا، بەڵام لە کۆتاییدا هەڵبژاردنەکانی دۆڕاند.

هیلاری تاکە دەستخەڕۆکراوی دەستی راپرسییەکان نەبوو، بەڵکو پێشتر چوار بەربژێری دیکە هەمان حاڵەتیان بەسەردا هاتبوو، نزیکترینیان ئالگۆری بەربژێری دیموکراتەکان و جێگری سەرۆک بیل کلنتن بوو، کاتێک رکابەریی جۆرج بووشی کوڕی دەکرد لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2000 و لەسەر ئاستی دەنگدانی گشتی، نیو ملیۆن دەنگی لە بووش زیاتر هێنا، بەڵام ئەو لە دەنگدانی کۆمەڵگەی هەڵبژێردا، دەنگی زیاتری لە ئالگۆر بەدەستهێنا و بەوەش کورسیی سەرۆکایەتی بردەوە.

کۆمەڵگەی هەڵبژێر چییە؟

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەڵبژاردنەکاندا، سیستمێک بەکاردەهێنێت بەناوی سیستمی 'کۆمەڵگەی هەڵبژێر' یان کوتلەی هەڵبژێر کە 538 دەنگ دەگرێتەوە. ئەو بەربژێرەی بتوانێت دەنگی 270 کەس لەو کۆمەڵگە هەڵبژێرە بەدەست بهێنێت، دەبێتە سەرۆک، لە کاتێکدا هەمووکات ئەو بەربژێرەی زۆرترین دەنگ لە دەنگدانی گشتی بەدەستدەهێنێت، مەرج نییە هەڵبژاردنەکە بباتەوە.

دەستووری ئەمریکا باس لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ناکات، تەنیا ئەوە نەبێت کە باس لە چۆنیەتی پێکهاتە و کاری کۆمەڵگەی هەڵبژێر دەکات، کە ئەوان لە کۆتاییدا سەرۆکی وڵات هەڵدەبژێرن، لە چوارچێوەی سیستمێکی دەنگداندا بە دوو قۆناخ. ئەم کۆمەڵگەی هەڵبژێرە، ئەنجامی زنجیرەیەک سازشبوو پاش ئەوەی بیرۆکەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێسەوە شکستیهێنا. ئەمەش بەهۆی بەرکەوتنی بە بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتری. هەر لەبەرئەوە بیرۆکەی 'کۆمەڵگەی هەڵبژێر' گەڵاڵە بوو، کە ئامانج لێی دووپاتکردنەوەی بایەخی رۆڵی ویلایەتە کەم دانیشتووانەکانە، لەگەڵ پاراستنی لە کاریگەربوون بەدەنگدانی ئەو ویلایەتانەی دانیشتووانیان زۆرە.

میکانیزمی کاری کۆمەڵگەی هەڵبژێر

بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس و ویلایەتەکانەوە، کە بەشێوەی دەنگدانی راستەوخۆ بەڕێوەدەچێت، سەرۆک و جێگرەکەی راستەوخۆ لە رێگەی دەنگدانی راستەوخۆی دەنگدەرانەوە دەستنیشان ناکرێن، بەڵکو لە رێگەی نوێنەرانی دیکەوە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکدا کە بە 'کۆمەڵگەی هەڵبژێر' ناودەبرێت. پرۆسەکە بەو شێوەیەیە کاتێک دەنگدەری ئەمریکی دەنگەکەی خۆی دەخاتە ناو سندووقەوە و بەربژێرێک دەستنیشاندەکات، ئەو دەنگدەرە لە راستیدا دەنگی بە لیستێک لەو نوێنەرانە داوە کە نوێنەرایەتی ئەو بەربژێرە دەکەن لە ویلایەتەکەی ئەماندا، ئەوکات ئەو دەنگەی دەنگدەرەکە کاتێک بۆ بەربژێرەکە دەچێت، کە ئەو بەربژێرە زۆرینەی دەنگەکانی ئەو ویلایەتەی بەدەستهێنابێت.

هەموو ویلایەتێکی ئەمریکی، ژمارەیەکی دیاریکراوی لە کۆمەڵگەی هەڵبژێردا هەیە، کە لەسەر بنەمای کۆی ئەندامانی کۆنگرێس کە نوێنەرایەتی ئەو ویلایەتە دەکەن، دانراوە، بۆ نموونە ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 40 ملیۆن کەسە، 55 دەنگی لە کۆمەڵگەی هەڵبژێردا هەیە، دوو ئەندام لە ئەنجوومەنی پیران و 53 ئەندام لە ئەنجوومەنی نوێنەران. ئەگەر بەربژێرێکی سەرۆکایەتی، زۆرینەی دەنگەکانی ویلایەتی کالیفۆرنیا بباتەوە، بەوە توانیویەتی کۆی 55 دەنگ لە کۆمەڵگەی هەڵبژێر بباتەوە. ئەوکات رکابەرەکەی هیچ دەنگێکی ئەو ویلایەتە بەدەست ناهێنێت، تەنانەت ئەگەر 49٪ی دەنگی دەنگدەرانی ویلایەتەکەشی بردبێتەوە.

هەرچی ویلایەتە بچووکەکانە لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە، وەک ساوس داکۆتا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 858 هەزار کەسە، سێ دەنگی لە کۆمەڵگەی هەڵبژێردا هەیە، کە دوو نوێنەری لە ئەنجوومەنی پیران هەیە لەگەڵ نوێنەرێک لە ئەنجوومەنی نوێنەران.

کۆمەڵگەی هەڵبژێر چۆن کاردەکات؟

ویلایەتی کالیفۆرنیا زۆرترین ئەندامی لە کۆمەڵگەی هەڵبژێردا هەیە کە ژمارەیان 55 کەسە. هەر یەکێک لەو ئەندامانە خاوەنی یەک دەنگە. ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی داهاتووی وڵات، دەبێ دەنگی 271 ئەندامی ئەو کۆمەڵگەیە بەدەست بهێنێت.

بەشێوەیەکی گشتی، هەر ویلایەتێکی ئەمریکا، کۆی دەنگەکانی 'کۆمەڵگەی هەڵبژێر' دەداتە ئەو بەربژێرەی لە ویلایەتەکەدا، زۆرینەی دەنگەکانی خەڵکی بەدەستهێناوە. بۆ نموونە ئەگەر بەربژێری دیموکراتەکان 50،1٪ی دەنگەکانی لە تێکساس بەدەستهێنا، ئەوا سەرجەمی دەنگەکانی کۆمەڵگەی هەڵبژێری ئەو ویلایەتە کە ژمارەیان 38 کەسە، بۆ ئەو بەربژێرە دەبێت، بێگومان مەرجیش نییە ئەمە لەسەدا سەد وابێت، چونکە هەندێک کەس لە ئەندامانی 'کۆمەڵگەی هەڵبژێر' بەپێچەوانەی ئاراستەی گشتییەوە دەنگدەدەن و کاتێک سەرۆک هەڵدەبژێرن، پێچەوانەی دەنگی زۆرینەی ویلایەتەکە رادەوەستن، بۆ نموونە ئەگەر زۆرینەی دەنگەکانی ویلایەتەکەیان بۆ بەربژێری دیموکراتەکان بووبێت، هەندێک لەوان بۆی هەیە دەنگ بە بەربژێری کۆمارییەکان بدەن. ئەوانەی ئەو کارە دەکەن و لەدژی ویستی کۆی ویلایەتەکە دەوەستنەوە بە 'ناپاک' ناودەبرێن. لە هەڵبژاردنەکانی 2016دا، لە کۆی کۆمەڵگەی هەڵبژێر، حەوت کەس بە پێچەوانەی ویستی ویلایەتەکانیان دەنگیان دا.

ئەو کۆمەڵگەی هەڵبژێرە، هەموو ئەندامەکانی پێکەوە کۆنابنەوە بۆ ئەوەی دەنگدانی خۆیان بۆ سەرۆکی داهاتوو یەکلابکەنەوە، بەڵکو لە ویلایەتەکانی خۆیانەوە دەنگەکانیان دەدەن و ئاراستەی واشنتنی پایتەختی دەکەن، لەوێ پاش چەند هەفتەیەک دەنگەکان جیا دەکرێنەوە و سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵات دەستنیشاندەکرێت.

یەکلابوونەوە و یەکلانەبوونەوە

بەدرێژایی ئەمساڵ، بایدن لە کۆی راپرسییەکاندا، لەپێش ترەمپەوەیە، دەنگەکانی لەسەر ئاستی نیشتمانی لە 50 لەسەد نزیکبوونەتەوە لە چەند مانگی رابردوودا، لە کاتێکدا سەرۆک ترەمپ بەپێی هەمان ئەو راپرسییانە 42 لەسەدی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. بەڵام لە نێوان هیلاری کلنتن و ترەمپدا لە هەڵبژاردنەکانی 2016دا، جیاوازییەکی کەم لە خاڵەکانی هەردوولادا هەبوو. ئەم جیاوازی و پێشکەوتنە نەبوونەتە مایەی دڵخۆشی بایدن و لایەنگرەکانی، چونکە سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردنەکانی هیلاری، لە دوا ساتەکاندا رایانگەیاند کە ژمارەی دەنگی لایەنگرەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی، بایەخی زۆر کەمترە لەو ویلایەتەی بەهۆی ئەو دەنگانەوە سەرکەوتنی تێدا بەدەست دەهێنیت.

لەبەرئەوەی زۆرینەی ویلایەتەکان بەهەمانشێوە دەنگدەدەن، بە مانای ئەوەی پابەندبوون و سەر بە یەکێک لەو دوو حیزبەیان یەکلاکردووەتەوە و جێگیرن لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکاندا، لەبەرئەوە ئەمە مانای ئەوەیە لە رووی کردارییەوە، تەنیا ژمارەیەکی کەمی ویلایەتەکان هەن، کە دەتوانن ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕن، دواتر ئەو ویلایەتانە دەبنە کلیلی سەرکەوتنی راستەقینەی بەدەستهێنانی سەرکەوتن، لەلایەن یەکێک لەو دوو بەربژێرەوە، بۆ سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە.

ململانێیکانی شین و سوور

نەخشەی هەڵبژاردنەکان، لەو ویلایەتانەدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لایەنگری پارتی کۆمارین، بەڕەنگی سوورێکی تۆخ پێشاندەدات، ئەو ویلایەتانە ویلایەتەکانی باشوور و ناوەڕاستی رۆژئاوان، کە تێیدا بەربژێری کۆمارییەکان زۆرینەی کات سەرکەوتنی تێدا بەدەستدەهێنێت بەسەر رکابەرە دیموکراتەکەیدا.

ئەو ویلایەتانەی کە سووربوونی رەنگی خۆیان یەکلاکردووەتەوە لە وڵاتەکەدا بریتین لە ئالاباما، ئارکنسۆ، ئایداهۆ، کینتاکی، لویزیانا، میسیسپی، نبراسکا، نۆرس داکۆتا، ساوس داکۆتا، ئۆکلاهۆما، تینیسی، وێست ڤێرجینیا و وایۆمینگ.

بەڵام حەوت ویلایەتی دیکە، بەڕەنگی سووری کاڵ پێشاندەدرێن، کە تێیدا مەیلی زۆرینە بەلای پارتی کۆماریدایە (بەڵام زۆرینەی رەها نییە)، ئەو ویلایەتانە بریتین لە: ئالاسکا، ئیندیانا، کانساس، میسۆری، مۆنتانا، ساوس کارۆلاینا و یوتا.

لە بەرامبەردا، نەخشەی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکان، وێنەی ویلایەتە جێگیرەکان بۆ پارتی دیموکرات بە رەنگی شینێکی تاریک پێشاندەدەن، ئەو ویلایەتانە بریتین لە ویلایەتەکانی باکووری رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەمریکا، کە تێیدا زۆرینەی کات نوێنەری پارتی دیموکرات، سەرکەوتنی تێدا بەدەستدەهێنێت بەسەر رکابەرە کۆمارییەکەیەدا، ئەو ویلایەتانە ژمارەیان 14 ویلایەتە و پێکهاتوون لە: کالیفۆرنیا، کۆنیکتکت، دیلاوێر، هاوای، ئیلینۆی، میریلاند، ماساسۆچ، نیوجێرسی، نیو مەکسیکۆ، نیویۆرک، ئۆریگۆن، وۆرد ئایلاند، فیرمۆنت و واشنتنی پایتەخت.

چوار ویلایەتی دیکە هەن کە بەڕەنگی شینی کاڵ پێشاندەدرێن و تێیدا دیموکراتەکان دەنگی بەرچاو بەدەستدەهێنن (بەبێ زۆرینەی رەها)، ئەو ویلایەتانە بریتین لە کۆلۆرادۆ، ماین، نیڤادا و ڤێرجینیا.

ویلایەتەکانی جەنگە یەکلاکەرەوەکە

لە نێوان هەردوو رەنگی سوور و شیندا، هەندێک ویلایەت هەن کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلادەکەنەوە، ئەو ویلایەتانە، ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان یان 'ویلایەتە دوودڵەکان'ن، ئەوان رەنگیان بێجییە، لە رووی سیاسییەوە دابەشبوون، مەیلیان لە هەڵبژاردنێکەوە بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە، لە پارتێکەوە بۆ پارتێکی دیکە دەگۆڕێت، ئەمەش بەپێی دۆخی سیاسی و ئابووری. لە نموونەی ئەو ویلایەتانە، ئەریزۆنا، جۆرجیا و نۆرس کارۆلاینا. ئەمە جیا لەو ویلایەتانەی بەڕێژەیی لایەنگری کۆمارییەکانن وەک تێکساس، ئۆهایۆ، ئایوا، یان ئەوانەی بەڕێژەیی لایەنگری دیموکراتەکانن وەک میشیگان، فلۆریدا، مینیسیۆتا، نبراسکا، نیوهامشێر، بێنسلڤانیا و ویسکنسن.

لەبەرئەوەی هەندێک لەو ویلایەتانە، بەگۆڕەپانی جەنگی یەکلاکەرەوە ناودەبرێن، ئەمەش لەبەر بوونی دەنگی زیاتری کۆمەڵگەی هەڵبژێر، بەبەراورد بە ویلایەتە دوودڵەکانی دیکە، دەبینرێ کە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا، بەربژێرانی هەردوو پارت، کۆبوونەوەی گەورە و چڕی لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگیاندا تێدا دەکەن و فۆکەسیان دەخەنە سەر و بۆ ماوەی زۆر، بەناوچەکانی ئەو ویلایەتانەدا دەگەڕێن.

میشیگان، بێنسلڤانیا و ویسکنسن

راپرسییەکانی ئێستا، دەریدەخەن کە بایدن بەجیاوازییەکی کەم کە لە نێوان 3 تا 4 لەسەد خاڵە، لە میشیگان بە (16 خاڵ)، بێنسلڤانیا (20 خاڵ) و ویسکنسن (10 خاڵ) لە پێشە. ئەم سێ ویلایەتە ویلایەتی پیشەسازین، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016دا، سەرۆک ترەمپ، بەجیاوازییەکی زۆر کەمی 1 خاڵ لەسەد، سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنان. هەرچەندە ئەوەی راپرسییەکان دەریانخستووە ئەنجامێکی باشە بۆ بایدن، بەڵام هێشتا رێگایەکی دوورودرێژی لەبەردەمە بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن تێیاندا، لەبەرئەوەی لەو ویلایەتانەدا بۆچوونەکان بەخێرایی دەگۆڕێن، بەتایبەت کاتێک ترەمپ چالاکی و سەردان و هەڵمەتەکانی خۆی تێیاندا چڕ دەکاتەوە.

بەربژێری کۆمارییەکان و رکابەرە دیموکراتەکان هەڵمەتەکانیان لە ویلایەتە یەکلایینەبووەکان چڕتر کردووەتەوە. دۆناڵد ترەمپ لە فلۆریدایە و هەوڵدەدات شەقامەکەی بەلای خۆیدا راکێشێت.

پێچەوانەی ئەنجامی راپرسییەکان کە پێشکەوتنی بایدن بە زیاتر لە یەک خاڵ دەردەخەن، ترەمپ باس لە سەرهەڵدانی شەپۆلی سووری کۆماری لە فلۆریدا دەکات و دەڵێت: "دەنگدانی پێشوەختە دووشەممە دەستپێدەکات. شەپۆلێکی سوور دەستپێدەکات. شەپۆلێكی سووری کۆماری. دانیشتیوانی فلۆریدا هەستنەوە سەرپێ و بڕۆن دەنگ بدەن. هەموو کەسێك دەزانێت کە شەپۆلی سووری کۆماری لە فلۆریدا هەیە، بەڵام میدیای گەندەڵ دەیانەوێت چەواشەتان بکەن، بەڵام دڵنیابن شەپۆلێکی سوورمان دەبێت کە هەرگیز نەمانبینیبێت".

هەرچی بایدن لە میشیگنە کە خاوەن 16 خاڵی هەڵبژاردنە، لە هەڵبژاردنی 2016دا ترەمپ بە کەمتر لە یەک خاڵ پێش هیلاری کلنتن کەوت، بەڵام راپرسییەکان بایدنی دیموکرات بە زیاتر لە 7 خاڵ لە پێش ترەمپ دەردەخەن.

جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا: "هەموو کەسێک دۆناڵد ترەمپ دەناسێت، دەبێت بە ترەمپ و ئەوانەی دیکەش پیشانیان بدەین ئێمە کێین و هەڵوێستمان چییە. ئێمە هیوا لەبری ترس هەڵدەبژێرین، یەکگرتوویی لەبری دابەشبوون، زانست لەبری خەیاڵی زانست، بەڵێ راستیش لەبری درۆ هەڵدەبژێرین".

تێکساس، ئۆهایۆ و ئایوا

هەندێک لەو ویلایەتانەی بەڕێژەیەکی کەم مەیلیان زیاتر بەلای کۆمارییەکاندا هەیە و پێشتر لە ساڵی 2016دا ترەمپ سەرکەوتنی نایابی تێدا بەدەستهێنان، ئەوانە بوونەتە جێگەی دڕدۆنگی سەرپەرشتیارانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەو، چونکە پێشتر پەراوێزی سەرکەوتن بەپێی راپرسییەکان تێیاندا لە نێوان 8 تا 10 دەنگ بوو لە بەرژەوەندیی ترەمپ، لە ویلایەتەکانی ئایوا (6 دەنگ)، ئۆهایۆ (18 دەنگ) و تێکساس (38 دەنگ)، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، راپرسییەکان دەڵێن ترەمپ لە تێکساس و ئایوا بەرێژەی 1 تا 3 لەسەد لە پێش بایدنە، ئەمەش رێژەیەکی کەمە و جیگەی دڵەڕاوکێیە، لە کاتێکدا هەمان ئەو راپرسییانە دەڵێن، لە ئۆهایۆ بایدن بەجیاوازی 2 لەسەد پێش ترەمپ کەوتووە.

وێڕای هەموو ئەو راستییانە، بازاڕی گرەوەکان هێشتا ئەگەری بەدەستهێنانی 50 لەسەدی دەنگەکان، دەخەنە بەردەم ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سێی مانگی داهاتوودا، ئەمەش پێشبینی ئەوە دەهێنێتە ئاراوە هەندێک کەس، پێشبینی گۆڕانکاری بکەن لەو ماوە کەمەی بەر لە رۆژی دەنگدان.

توێژەرانی سیاسی و سەنتەرەکانی شیکردنەوەی رای گشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، کەمتر بڕوایان بەسەرکەوتنەوەی ترەمپ هەیە، پێیانوایە هەلی بایدن تائێستا باشترە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییەکانی کۆڤید 19 و سستبوونی ئابووری و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری بۆ ئاستی پێشتر نەبینراو، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، ئەمە جا لەو خەسڵەتە کەسایەتییانەی ترەمپ، کە دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکاندا فۆکەسی دەخەنە سەر و بەهۆیەوە لە خۆشەویستی ترەمپ لای خەڵک کەمدەکەنەوە.

هەڵەکانی راپرسییەکانی پێشوو، دووبارە دەبنەوە؟

ئێستا زۆرکەس گومانیان لە راستگۆیی ئەنجامی راپرسییەکان هەیە، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی پێشووەوە لە 2016دا، ترەمپیش زۆر ئەوە دووبارە دەکاتەوە و گومانی لە ئەنجامی راپرسییەکان هەیە، بەڵام ئەمە هەموو کات و بەتەواوی راست نییە، چونکە هیلاری کلنتن، دوو ملیۆن و نیو دەنگی لە ترەمپ زیاتر هێنا، لە دەنگدانی گشتیدا، هەروەها دامەزراوەکانی تایبەت بەڕاپرسیش، هەڵەکانی خۆیان ئێستا راستکردووەتەوە، بەتایبەت لە بابەتی ئەژمارکردنی دەنگی سپیپێستە زانکۆ تەواو نەکردووەکان.

لە نێو هەموو ئەم هەڵچوون و داچوون و نادڵنیاییەدا، کۆمەڵگەی ئەمریکی بەهۆی کۆرۆناوە بەدەست دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە دەناڵێنێت، بەتایبەت لە رووی کاریگەریی لەسەر ئابووری و چۆنیەتی دەنگدانی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان، هەرلەبەرئەوە هەمووان بەهەستەوەریی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئاراستەی گشتی هەڵبژاردنەکاندا دەکەن و لەوانەیە ئەو هەستەوەرییە، بۆ چەند هەفتەیەک دوای هەڵبژاردنەکانیش، وەک خۆی بمێنێتەوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif