ئەرمینیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل کشاندەوە

ليست هناك تعليقات


بەهۆی گرێبەستە سەربازییەکانی نێوانیانەوە کە بەردەوام ئیسرائیل چەک بە ئازەربایجان دەفرۆشێت، حکومەتی ئەرمینیا باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تەلئەڤیڤ کشاندەوە، ئەوەش کێشەیەکی دیپلۆماسی بۆ ئیسرائیل دروستکردووە، چونکە تەنیا نزیکەی دوو هەفتەیە باڵیۆزیی ئەرمینیا لە ئیسرائیل کراوەتەوە.

ئەرمینیا لە رۆژی 17ی ئەیلوولی 2020مدا باڵیۆزخانەی خۆی لە تەلئەڤیڤ کردەوە، بەڵام رۆژی دووشەممە 5ـی ئۆکتۆبەری 2020 باڵیۆزەکەی کشاندەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئازەربایجان کڕیاری چەکی ئسیرائیلە و ئیسرائیلیش بەردەوامە لە فرۆشتنی چەک پێی.

حکومەتی ئەرمینیا دەڵێت، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان لە چەند رۆژی رابردوودا فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئیسرائیلی کە چەک و کەلوپەلی سەربازیی هەڵگرتبوو، لە ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە ئازەربایجان. 

ئازەربایجان لە ساڵی 2016دا بە بەهای چوار ملیار و 850 ملیۆن دۆلار چەکی لە ئیسرائیل کڕیوە کە درۆنی جەنگیی تێدایە و، ئەرمینیاش دەڵێت درۆنە ئیسرائیلییەکان لەلایەن سووپای ئازەربایجانەوە لە شەڕی کاراباخدا بەکارهێنراون.

روڤین ریڤەلین، سەرۆکی ئیسرائیل دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کشاندنەوەی باڵیۆزەکەی ئەرمینیا پەیوەندیی بە ئارمین سارکیسیان، سەرۆکی ئەرمینیاوە کرد و لەو پەیوەندیەشدا روونی کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی نیوان ئازەربایجان و ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک لە دژی ئەرمینیا نین. 

هەروەها سەرۆکی ئیسرائیل پێشنیازی ناردنی هاریکاریی مرۆیی بۆ ئەرمینیا کردووە، داواشی کردووە باڵیۆزی ئەرمینیا بگەڕێنرێتەوە بۆ تەلئەڤیڤ.

بە گوێرەی پەیمانگەی توێژینەوەی ئاشتیی ستۆکهۆڵم، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئیسرائیل یەکێک بووە لە فرۆشیارە سەرەکییەکانی چەک بە ئازەربیاجان.

پەیوەندییەکانی ئازەربیاجان و ئیسرائیل بۆ سەرەتاکانی سەربەخۆبوونی ئەو وڵاتە و رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە کە سەرەتای نەوەدەکانی سەتەی رابردووە و لەو کاتەشەوە پەیوەندییەکانیان بەردەوامە. 







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif