دواین وتاری مهاباد قرەداخی بەناوی (ئاین لە ژیانی مندا)

ليست هناك تعليقات



دواین بابەتی مهابات قەرەداخی بە ناونیشانی (ئاین لە ژیانی مندا) 
مهابات قەرەداخی لە ساڵی ١٩٦٦ لەدایك بوە و لە ٩/١٠/٢٠٢٠ بە نەخۆشی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد

ئایین لە ژیانی مندا

(بیرەوەری)

مایەپووچەکانی نێو سیاسەت؛ جاروبار قسە بە دەمی منەوە لە دژایەتی ئایین و مەلا و مزگەوت هەڵدەبەستن و دەیدەن بە دەمی باوە (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان). من نووسەرێکی رژدم و هیچ کاتێک سوکایەتی و جنێوم لە نووسیندا بەکار نەهێناوە و ناهێنم، تەنانەت ئەوانەی جنێویشیان پێ دابێتم، بەو پەڕی ڕێزەوە وەڵامم داونەتەوە.

بە پێویستی دەزانم ئەم بیرەوەرییەم بگێڕمەوە و زیاتر ڕوون ببێتەوە کە سوکایەتیکردن بە ئایین و ئایینپەروەران دوورە لە ئاکاری منەوە، چونکە گەر وابکەم سوکایەتی بە سەرچاوەی خۆم دەکەم، سەرچاوەیەک کە لێیانەوە فێری بەها خوداییەکان بووم ، ئەو سەرچاوانەش ئەمانەن:

یەکەم/ باپیرم، باوکی باوکم: مەلا مەحەمەد قەرەداغی کە نازناوی شیعری مەلاشوکری بوو، لەو مەلایانە بوو کە پێیان دەگوترا دوانزە عیلم، چەندین دەستنووسی لێ بەجێماوە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکی و فارسی. ئەو کتێبانەی باسی مێژووی شاری کفری دەکەن، لە ڕۆڵی ئەم پیاوە دواون. چەند مامۆستایەکی سەردەمی ئامادەییم پێیان دەگوتم ئێمە لە حوجرەکەی باپیرت خوێندمانە، لەوانە مامۆستای خوالێخۆشبوو عەلی حەمەخان. من منداڵ بووم ئەم باپیرەم کۆچی دوایی کردووە، بەڵام دەستنووسەکانی کاریگەرییان لەسەرم هەبوو، بە تایبەت چونکە بە دەستوخەتێکی ئەوەندە جوان نووسرابوون هەست و هۆشی منی ڕادەکێشا! بەهرەی شیعری وخەت خۆشی و ڕژدی، ئەگەر پەیوەندی بە بۆماوەوە هەبێت، لەم باپیرەیەمەوە بۆم ماوەتەوە.

دووەم/ باپیرەکەی ترم، باوکی دایکم: لەبەر ئەوەی هەموو کەس بە مام سۆفی ناوی دەبرد، تا بووم بە دە ساڵیش نەمدەزانی ناوی حەمۆمینە و هەر وام دەزانی سۆفی ناوی خۆیەتی. خۆشەویستی من بۆ ئەم باپیرەم بێسنوور بوو، کاریگەری ئەو لەسەرم زۆر بوو چونکە لەگەڵمان دەژیا و تا قۆناغی ناوەندیم لە ژیاندا مابوو. یەکەمین شیعر لە ژیانمدا بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەو نووسیم کە هێشتا لە پۆلی دووەمی ناوەندی بووم. ئەم باپیرەم کلیلی مزگەوتەکەی حاجی عەلی لا بوو، شەو و رۆژی خۆی بە پەرستنی خوا و خزمەتی ئەو مزگەوتە بەسەر دەبرد، بانگی دەدا ئەگەرچی مزگەوتەکە بڵندگۆیشی نەبوو. دەچووە سەربانی مزگەوتەکە و دەستی دەنا بە پەناگوێیدا و بانگی دەدا. مزگەوتەکە نزیک بوو لە ماڵمانەوە، کاتی بانگ دەچوومە سەربانی ماڵی خۆمان و تەماشای باپیرم دەکرد و گوێم لە بانگەکەی دەگرت! ئەو بە بێ بڵندگۆ ئەوەندە باوەڕدارانە بانگی دەدا وای دەزانی هەموو دنیا گوێی لێیەتی، ئەگەرچی بە داخەوە خۆی گوێی گران بوو بەهۆی نەخۆشی ئاوڵەوە کە بە منداڵی تووشی بوو بوو.

مرۆڤ لە سۆفییەوە فێری خۆشەویستی بێسنووری خوا دەبێت، خۆشەویستییەکی بێ مەرج و ڕەها! خۆشەویستییەکی لەو جۆرە ڕۆح و دڵ و جەستەی مرۆڤ پڕ دەکات لە میهرەبانی و سۆز و ئاشتیخوازی. ئەو باپیرەم هەزار جنێوت پێی دابا دەیگووت: خوا عەفووت کات! هەندێ جار هەندێ کەس کە دەیانزانی مام سۆفی بەهیچ تووڕە نابێت، مەرجیان لەسەر ئەوە دەکرد کە دەتوانن تووڕەی کەن، جنێویان پێ دەدا، "من ئەو دیمەنەم دیووە"، بەڵام ئەو بە خەندەیەکی گەشەوە دەیگووت: خوا عەفووت کات! لە شاری کفری ئەو سەردەمە، کەسێ نەبوو ئەم پیاوەی خۆش نەوێت!

من خۆشەویستی تا پلەی عەشقی باڵام بۆ خوا، لەم سۆفییەوە فێر بووم! شیعری سۆفیگەری بەشێکی سەرەکی شیعرەکانم پێک دەهێنن. بەهۆی باپیرە سۆفییەکەمەوە، عەوداڵی ناسینی سۆفیگەرێتی و ئەدەبی سۆفییانە بووم و شاعیرانی سۆفیم ناسی، هەلاج، ئیبن عەرەبی، سەهراوەردی، مەولانای ڕومی و شەمسی تەورێزی و هتد.

شەوانی زستان، ژنان و منداڵانی گەڕەک دەهاتن لە دەوری مام سۆفی کۆدەبوونەوە و داوایان لێ دەکرد حیکایەتیان بۆ بگێڕێتەوە. باپیرەم، سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی حیکایەت بوو. حیکایەتی وای هەبوو بە سێ شەو ئینجا تەواو دەبوو، بۆیە شەوانی زستانی ساڵانی حەفتاکان هەموو شەوێ لە ماڵی ئێمە کۆمەڵێ کەس و خۆشمان بە تاسەوە لە دەوری دادەنیشتین و گوێمان لە حیکایەتە سەرنجڕاکێشەکانی دەگرت!

ئێستا کە چیرۆک یان ڕۆمان دەنووسم، هەست دەکەم هەناسەی ئەو باپیرەیەم لەگەڵمایە. خەیاڵی من پڕە لە سەدان حیکایەتی دورودرێژی سەرنجڕاکێش، کە حیکایەتخوانەکەی پیاوێکی سۆفی خوێنشیرین و میهرەبان بوو.

٣/ سۆفییەکی تر لە ژیانی مندا کاریگەری هەبووە و زۆر خۆشەویستە، ئەویش ماممە، عەبدوڵڵا قەرەداغی، کە دەکاتە کوڕی ئەو مەلایەی باسم کرد. یەکێکە لە لێکۆڵەرەوە دەگمەنەکانی بواری سۆفیگەرییە و سوپاس بۆ خوا هێشتا لە ژیاندایە و بەردەوامە لە مەلەوانی لە نێو ئۆقیانووسی بێبنی سۆفیزم. لەگەڵ ئەم مامەیەمدا وەک دوو هاورێ واین، هاندەرێکی سەرەکیم بوو لە دنیای نووسیندا و یەکەمین شیعرم کە لە سەرەتای ساڵی هەشتا بڵاوکرایەوە، ئەو هاوکارم بوو لە گەیاندنی بۆ دەزگا رۆشنبیرییەکانی ئەودەمی بەغدا، لە ڕۆژنامەی هاوکاری بڵاوکرایەوە.

٤/ دایکم، کچی مام سۆفی، پەپولەی سەر بەرماڵ بوو. دکتۆر حوسێن سمایل خانی دەلۆ کە دەیبینی پێی دەگوت: تۆ بێ سێ و دوو ئەچێتە بەهەشتەوە! ئەویش کۆڵی حۆشحاڵ دەبوو بەمە.

ئایین؛ لە ژیانی مندا ئەم مرۆڤانە نوێنەرایەتییان کردووە و تابلۆکەی ئەمان ڕەنگڕێژیان کردووە. سیاسەت مەخابن ئایین بۆ بەرژەوەندی بەکار دەهێنێت، بەڵام مرۆڤە بێ خەوش و پاکەکان ئایین وەک ئامرازێک بۆ گوزارەکردن لە خۆشەویستی خوا پەیڕەوی دەکەن. دژی ئەوانەم ئایین بۆ بەرژەوەندی کەسیی و سیاسی بەکار دەهێنن، دۆستی ئەوانەم باوەڕی ئایینییان بۆ بەهێزکردنی نێوانی خۆیان و خوا بەکار دەهێنن.

من وەکو لێکۆڵەرێک لە هەموو بابەتەکان دەکۆڵمەوە و لە هەموو ئایینەکان و سیاسەتەکان و بابەتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، بە میتود و پێوەری زانستە مرۆییەکان و بە کتێب بڵاویان دەکەمەوە. جگە لە نووسین لەوەتی خۆمم ناسیوە و لە دوانزەساڵیمەوە لە مەیدانی تێکۆشانم بۆ ئازادی، دادپەروەری و لە بواری سیاسەتیشدا تەنیا بۆ سەربەخۆیی کوردستان کار دەکەم و تێدەکۆشم.

مەهاباد قەرەداغی
٧ی تەموووزی ٢٠٢٠




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif