سەرۆکی پەرلەمان: دانیشتنەکەی ئەمڕۆ نابێتە جێگرەوەی پرساندن

ليست هناك تعليقات



رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان نابێتە "شوێنگرەوەی پرساندن". گوتیشی حکومەت دەبێت لە ماوەی 14 رۆژدا پەرلەمان ئاگادار بکاتەوە کە ئامادەی کۆبوونەوە دەبن یان نا.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی جێگری و تیمی حکومەت لە پەرلەمان ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە نزیکەی 10 کاژێری خایاند و بەپێی تویتێکی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان 98 پەرلەمانتار 450 پرسیاریان لە سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی کردووە و "هەموویان وەڵامدراونەتەوە".

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەکەدا بەشداریکرد. سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بابەتی لێپرسینەوە میکانیزمێکی جیاوازی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ هەیە، بۆ نموونە: کەسی یەکەم کە واژۆی پرساندنەکەی کردووە دەتوانێت بۆ ماوەی 15 خولەک پرسیار بکات و دواتر حکومەت وەڵام بداتەوە.

بە گوتەی رێواز فایەق، ئەگەر هاتوو حکومەت ئامادەنەبوو بەشداریی دانیشتنەکە بکات، ئەو کات پەرلەمان "بەشێوەیەکی غیابی" دانیشتنەکە بەڕێوەدەبات.

هەر ئەمشەو دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەو بابەتانەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان باسکراون، زۆربەیان وەڵامیان دراوەتەوە و هۆکارێک نەماوە بۆ ئەوەی "بەمنزیکانە" پرساندنی سەرۆکوەزیران بکرێت.

رێواز فایەق: یاسای چاکسازی بارگرانی زیاد دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە یاسای چاکسازی رایگەیاند، هەرچەندە دەگوترێت یاساکە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانە "بەڵام حەزدەکەم ئەمە بۆ مێژوو تۆماربکەن کە یاسای چاکسازی بارگرانی زیاد دەکات".

ئاکۆ محەممەد، رۆژنامەڤان و پێشکێشکاری بەرنامەکە پرسیاری لە سەرۆکی پەرلەمان کرد، دەگوترێت یاسای چاکسازی 50 ملیۆن دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ بودجەی گشتی، راستە یان نا؟ سەرۆکی پەرلەمان لە وەڵامدا گوتی، یاسای چاکسازی بەو شێوەیەی ئێستا هەیە "ئەگەر دەستکاریی دەرماڵەکان نەکرێت، خەرجییەکان زیاد دەکات".

رێواز فایەق روونی کردەوە، ئەوەی کە دەگوترێت بندیوار نامێنێت، بەشێوەیەکە کە بندیوارەکان دەگەڕێندرێنەوە سەر کار و بەو جۆرەش پێویستیان بە ئۆتۆمبێل، مێز و شوێنە.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif