تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار رۆژانە لە دابەزیندایە

ليست هناك تعليقات


 
سەپاندنی سزای ئابووریی ئەمریکا بەسەر 18 بانکی ئێرانی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزاندووە. لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێریش کڕیار و فرۆشیاران هەر رۆژە و گوێبیستی نرخێکی نوێی تمەن دەبن.

هێمن سوورچی، دۆلارفرۆشێکی هەولێرە و دەڵێت، "پێش ئەو سزایەی کە خرایەسەر بانکەکان تمەن خۆی لەشکاندابوو، واتا بەهاکەی لەدەستدابوو. ئێستاش لە کۆنترۆڵ دەرچووە. ئەمڕۆ 100 دۆلار بە سێ ملیۆن و 150 هەزار تمەنی ئێرانی مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەگەر بگاتە پێنج ملیۆنیش ئێران گوێی لێ نییە و تەنیا خەڵکەکەی زەرەرمەند دەبن."

لە بازاڕی دۆلارفرۆشان بە کاش و حەواڵە مامەڵە بە تمەن دەکرێت، رۆژانە 10 ملیارد تمەن کاش هاوردە دەکرێت، 50 تاوەکو 100 ملیارد تمەنیش حەواڵە دەکرێت و دابەزینی نرخی تمەنیش بەشێوازی جیاواز کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی ناوخۆ داناوە.

بە بڕوای غازی سەعدی، کە دۆلارفرۆشێکی هەولێرە، دابەزینی نرخی تمەن دوو کاریگەری هەبووە: "یەکەمیان خەڵکانێکی تووشی زەرەر کردووە و خەڵکانێکیش قازانجیان کردووە. بۆ نموونە هەندێک بازرگان هەیە کە رۆژانە کاڵا لە ئێران دێنن ئەوانە کە بە تمەن کاڵا بکڕن قازانجیانە، چونکە کاڵاکان بە تمەن دێنن و لێرەش بە پارەی خۆمان دەیفرۆشن، ئەو کەسانەش کە زەررەرمەند بوون ئەوانەن کە بە مەبەستی قازانجکردن تمەنیان کڕیبوو، بەڵام ئێستا کە نرخەکەی بەرزبووەتەوە زەرەریان کردووە."

دابەزینی نرخی تمەن زیاتر بە قازانجی بازرگانان بووە و لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە رێژەی 20٪ زیادیکردووە.

حاجی شەمسەدین، بازرگانێکی هەولێرە و دەڵێت "هەرکات بەهای تمەن بشکێت لە قازانجی ئێمەدایە، ئێمە ئەگەر پێشتر ئۆتۆمبێلێکمان هێنابایە، بە بەهای یەک دەفتەر و نیو دۆلار، ئێستا بە دەفتەرێک دۆلار دێت."

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و هەرێمی کوردستان ساڵانە لە نێوان چوار تاوەکو شەش ملیار دۆلارە و لەگەڵ عێراق هەشت تاوەکو 10 ملیاردۆلار دەبێت.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران / لقی هەولێر رایگەیاند "لە دوو بۆ سێ مانگی رابردوودا، هاوردەکردنی کاڵا یان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و لە هەندێک دەروازەی سنووری زیاتر لە ساڵی رابردوو گەشەی بەخۆیەوە بینیوە."

ئێران لە مانگی 9ـی ئەمساڵدا بڕی دوو ملیار و 267 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی چین و بە بەهای 565 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، دووهاوبەشی گرنگی ئێران کە دیار نییە تاوەکو کەی دەتوانن بازاڕێک بن بۆ ساخکردنەوە بەرهەمەکانی ئەو وڵاتە.
 



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif